بە بەشداری ژنانی پارێزگای #هەڵەبجە# و ئاوارەکانی عێراق، ئەمڕۆ هەڵمەتێکی دابەشکردنی تورەکەی خام بەسەرهاوڵاتیان لەژێر ناوی' هەڵەبجە دۆستی ژینگەیە' لەلایەن ڕێکخراوی نوێ بەشی پاراستنی ژینگە، بەڕێوەچوو.
هەڵمەتەکە لەناو بازاڕی شارەکە ئەنجام دراو ئامانج لەم چالاکیەش، بەکارهێنانی تورەکەی خامە لەجێگای کیسەی نایلۆن.
ڕوخۆش سەلام ئەندامی ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگەو مافەکانی ژنان بۆ ڕۆژنیوز وتی:ئامانجی چالاکیەکەمان لەبەرکارهێنانی تورەکە ئەوەیە، هاوڵاتیان دوربکەونەوە لەبەرکارهێنانی کیسەی نایلۆن و هاندانیان بۆبەکارهێنانی تورەکەی خام، چونکە کیسەی نایلۆن زیانی زۆرە بۆ ژینگەو هەروەها هاوڵاتیانیش.
وتیشی:دەمانەوێت لەم ڕێگایەوە حەزێک بۆ خەڵکی ڕاکێشین واز لە کیسەی نایلۆن 'عەلاگە' بێنن تورەکەی خام بەکار بێنن، هەروەها لەسەر تورەکەکانیش شتێکی سروشتیش دروست دەکەین، وەک گوڵێک یان ئاژەڵێک بۆ ئەوەی حەزی خەڵکەکە بۆ بەکارهێنانی تورەکە بڕوات.
ئەم ڕێکخراوە ئاماژە بەوە دەکات، کیسەی نایلۆن تەنها یەکجار دەتوانرێت بەکاربێت، بەلام تورەکەی خام چەندین جار بەکاردێت و زیانی تەندروستی نییە.[1]