وەک لە ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەچاوەکانی ئاو-دا هاتووە، ساڵی 2017 جووتیارانی #هەولێر# و #دهۆک# 135 دۆنم زەوییان بە تووتن چاندووە، ساڵی ڕابوردوویش 192 دۆنمیان چاندووە.
لە ناوچەی باڵەکایەتی و خۆشناوەتی دەستکراوەتەوە بە تووتن چاندن کە زیاتر لە 15 جووتیار ڕوویان لە چاندنی تووتن کردووە و کەمترین ڕووبەریش لە دۆنمێک تا 100 دۆنم تووتن چێنراوە.
بەگوێرەی ڕووبەری چێنراو کە لە هەر دۆنمێک 300 کیلۆگرام بەرهەمی هەیە و بەپێی خەمڵاندن ئەگەر کۆی ڕووبەری چێنراوی ئه و 15 جووتیارە، کە لە دۆنمێک تا 100 دۆنم دەستپێدەکات، بگاتە 500 دۆنم ئەوا ئەمساڵ 50 هەزار کیلۆگرام تووتن بەرهەمهاتووە، ئەمە لەکاتێکدایە تا ساڵی2000 ساڵانە نزیکەی 50 هەزار دۆنم زەوی بە تووتن داچێنرابوو.
چاندنی تووتن لە مانگی 5 دەستپێدەکات و لە مانگی 9 پێدەگات و بە وشککراوەیی و دەخرێتە بازاڕ.
محەمەد پردەشاڵی، جووتیارێکی چالاک و بە ئەزموونی بواری تووتن چاندنە، دەڵێت: تووتن چاندن کاری لەمێژینەی باب و باپیرانمە و خۆم لە ساڵی 1990وە سەرقاڵم، بەڵام بەهۆی نەمانی کارگەی جگەرە و ساخنەبوونەوەی لە بازاڕ و زۆربوونی جۆرەها جگەرەی وڵاتان، چەند ساڵێک وازم لە کاری جووتیاریی هێنا.
محەمەد پردەشاڵی دەڵێت: ئێستا خەڵک چاوکراوەیە و بۆی دەرکەوتووە کە ئەو (جگەرانە) چۆن دروستدەکرێن، بۆیە خەڵکێکی زۆر بە تایبەت گەنجان ڕوویان لە کڕینی تووتن کردووە. جگە لە من چەندین جووتیاری دیکەیش دەستیان بە چاندنی تووتن کردووەتەوە.[1]