ئاوی شاری #سلێمانی# 35% تا 50%ی بەفیڕۆ دەڕوات، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوەکانی ئەو بوارەش دەیانەوێت لەمەودوا لەهەر شوێنێک سیستمی تایبەت بۆ پاککردنەوەی ئاوەڕۆ دابنێن تا ئەو ئاوەڕۆیە تێکەڵی ئاوەڕۆی گشتی نەبێت.
ئەم بابەتە شەوی 19ی ئەیلولی 2019 لە ۆرکشۆپێک لەهۆتێل تایتانیک لەشاری سلێمانی لەژێر ناوی (تەکنەلۆژیای نوێ بۆ چارەسەرکردن و خاوێنکردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ) خرایەڕوو.
سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمان ڕاگەیاند ئاوی سلێمانی نزیکەی 35% تا 50%ی بەفیڕۆ دەڕوات کە ئەوەش زۆرە و لەستانداردی جیهانی لایداوە، چونکە 20% تا 25%ی بەفیڕۆچوونی ئاو ئاساییە، ئەو بەفیڕۆچوونە زۆرەی ئاو پەستانی زۆر دەخاتە سەر تۆڕەکانی ئاوەڕۆ، هەمان کات کاریگەریش دەخاتە سەر بەنداوی #دەربەندیخان#.
ناوبراو ڕوونیکردەوە: بۆ لەمەودوا دەیانەوێت ڕێگەکانی لامەرکەزی بۆ پاککردنەوەی ئاوەڕۆی شوێنەکان لەنەخۆشخانە و کارگە و سیتییەکان جێبەجێ بکەن و هەر شوێنێک یەکەی ئاوەڕۆی خۆیان دابنێن بۆ ئەوەی ئەو پەستانە کەم ببێتەوە.
سەربەست عوسمان جەختیکردەوە: کاریان کردووە بۆ دروستکردنی یەکەیەکی چارەسەری گەورە بۆ سلێمانی، لەگەڵ تەندروستی و ژینگەش هەماهەنگن بۆ دروستبوونی لامەرکەزی ئاوەڕۆ کە هەر شوێنێک سەرەتا لای خۆیانەوە ئاوەڕۆکەیان پاک بکەنەوە و پاشان تێکەڵی ئاوەڕۆی گشتی ببێتەوە.
هەروەها سوبحان حسێن، وتەبێژی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانیروونکردەوە: حکومەتی هەرێم نزیکەی دوو ساڵە بڕیاریداوە هەر شوێنێکی نیشتەجێبوون یان پیشەسازی، یەکەی چارەسەری ئاوەڕۆ دابنێن، بەڵام ڕەنگە بۆ جێبەجێکردنی دۆخەکە لەبار نەبووبێت، بەڵام لەمەودوا دەبێت جێبەجێ بکرێت.
بەوتەی ناوبراو: ئێستا ئاوەڕۆی هەموو شوێنەکان دەڕواتەوە ناوچەی تانجەرۆ بێ ئەوەی بەپڕۆسەی چارەسەربووندا بڕۆن، بۆیە دەیانەوێت لەمەودوا هەر شوێنێک خۆیان ئاوەڕۆ پاک بکەنەوە پێش ئەوەی بڕواتە ئاوەڕۆی گشتی، ئێستاش چەندین ئامێری تایبەت بۆ ئەو مەبەستە هەیە.
کۆمپانیای بۆردا وەک کۆمپانیایەکی تایبەت لەبواری ئاوەڕۆ نزیکەی چوار ساڵە سەرقاڵی ئەو پڕۆژەیەن و لەچەند ناوچەیەکیش خستوویانەتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرکەوتوو بوون.
ئەندازیار سامان خەلیل، لەڕێکخراوی (بۆردا) وت: ئامانجیان چارەسەرکردنی ئاوی پاشەڕۆیە بەشێوەی لامەرکەزی، بەگشتی دوو جۆر ئاو هەیە (ئاوی توالێت و ئاوی دەستشۆر و حەمام) دەیانەوێت ئەو دوو ئاوە تێکەڵی یەکتر نەبن، ئێستا لەزۆربەی گەڕەکەکانی کوردستان ئەو دوو ئاوە لەیەکدی جیاکراونەتەوە، بەڵام بۆ پیس نەبوونی ژینگە، دەکرێت لەهەر شوێنێک سیستمی دیکە کە زۆر ئاسانە دروست بکرێت بۆ ئەوەی سەرەتا لەشوێنەکە ئاوەڕۆ پاک بکرێتەوە و بەشێک لەو ئاوەش هەر بۆ شوێنەکە بەکاربهێنرێتەوە و ئەوەی دیکەشی بڕواتە ئاوەڕۆی گشتی.
هاوکات د. ساڵح نەجیب، پسپۆڕی ژینگە و مامۆستای زانکۆی سلێمانی ڕاگەیاند: بەپێی توێژینەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان دەبێت تا ساڵی 2030 تەواوی وڵاتان لەخەمی ئەوەدا بن ئاوی پاشەڕۆ ڕیسایکلین بکەنەوە و لەکشتوکاڵ بەکاری بهێننەوە، چونکە کشتوکاڵ 80%ی ئاو بەکار دەبات، کەواتە ئەگەر ڕێکخراو یان لایەنە پەیوەندیدارەکان لەئێستاوە فشار بکەن بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر ئاوی سازگار کارێکی باشە بۆ ئەوەی ئەو ئاوە تەنیا بەمەبەستی پێداویستی ژیاریی بەکاربێت.
وەک ئەو پسپۆڕەی ژینگە باسی کرد: ئاوی پاشەڕۆش سەرچاوەی جیاوازی هەیە و بەپێی ئەو سەرچاوانەش دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە کە دەوترێت ئاوی پاشەڕۆ زیاتر باسی پاشەڕۆی توالێت دەکرێت، بەڵام بۆ چالاکییە پیشەسازییەکان کە مەوادی کیمیایی جیاواز بەکاردێنن پاشەڕۆی تایبەتییان هەیە، دەبێت سەرەتا خۆیان ئەو پاشەڕۆیە پاک بکەنەوە و پاشان تێکەڵی پاشەڕۆی گشتی بکەن.[1]