تەمەنی 12 ساڵە، ئێستا دەبوو بووکەڵەیەکی بەدەستەوە بێت و لەگەڵ هاوتەمەنەکانی یاری بکات، بەڵام دوو ساڵە بەشوو دراوە و لە بری بووکەڵە، کۆرپەیەکی یەک ساڵانی لە باوەشە. مریەم حەزی لێبووە بخوێنێ و ببێتە پزیشک، بەڵام دابونەریتی خێڵ، حەزەکەی لە گۆڕنا.
مریەم یەکێک لەو هەزاران منداڵەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە تەمەنێکی زۆر کەمدا بەشوودراوە. لە کۆمەڵگەدا بەو منداڵانە دەگوترێ بووکە منداڵ، بە تایبەتیش ئەو منداڵانەی دەدرێنە کەسانی زۆر بە تەمەنتر لە خۆیان.
هەندێ لە خێزانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کچەکانیان پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی 18 ساڵ بە شوو دەدەرێن، لە هەندێک وڵاتدا هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا بە ڕەزامەندی دایک و باوک، ڕێگەپێدراوە. لە ئێران بەپێی یاسا تەمەنی شیاو بۆ هاوسەرگیری (بۆ کچان 13 ساڵ و بۆ کوڕان 16 ساڵ)ە، بەڵام یاساکە ڕێگەی بە تەمەنی کەمتریش داوە بۆ شووکردن، ئەویش بە ڕەزامەندیی باوک و دایک و وەرگرتنی ئیزنی دادگاکان. واتا دوای پێگەیشتن کە بەپێی شەرع پێگەیشتنی کچان لە تەمەنی 9 ساڵی دەستپێدەکات و کوڕانیش لە 15 ساڵی.
بەپێی ئامارەکان تەنیا لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوودا 970 حاڵەتی هاوسەرگیریی منداڵانی ژێر 18 ساڵ لە پارێزگای کوردستان تۆمار کراوە کە 5% یان ئەنجامەکەی لێک جودابوونەوە و تەڵاق بووە. هەر لەو ماوەیەدا لە پارێزگای ئیلام 98 حاڵەتی هاوسەرگیریی تەمەنی خوار 15 ساڵ تۆمار کراوە.
بەپێی ئامارێکی دیکە، ساڵی 2016 لە هەر چوار پارێزگاکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 2887 هاوسەرگیریی تەمەنی ژێر 18 ساڵ تۆمار کراوە کە 28 حاڵەتیان هاوسەرگیریی تەمەنی ژێر 10 ساڵان بووە.
بەپێی پەیمانی مافی منداڵان کە ئێرانیش یەک لە ئەندامانی ئەم پەیمانەیە، کەسانی خوار 18 ساڵان بە منداڵ دەژمێردرێن و لەڕووی زەینی و جەستەییەوە بۆ پێکەوەنانی خێزان ئامادەنین. جگە لەوەش زۆربەی ئەوانەی بە منداڵی بەشوودەدرێن، دەرفەتی تەواوکردنی خوێندنیان زۆر کەم دەبێتەوە.
کۆمەڵناسان هەلومەرجی ئابووری و سوننەتیبوونی خێزانەکان بە سەرچاوەی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دەزانن، بەڵام چالاکانی مافی منداڵ پێیانوایە، هاندانی حکومەت بۆ هاوسەرگیریی پێشوەخت، کاریگەری زۆری هەبووە.
کۆمەڵناسان پێیانوایە هەڵکشانی ئامارەکانی خۆسووتاندن و خۆکوشتن و ئاڵوودەبوون بە مادەی هۆشبەر و توندوتیژیی دژی ژنان کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی لە زیادبوونە، بۆ پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە.
کامیل ئەحمەدی، کۆمەڵناس و لێکۆڵەر بە (رووداو)ی گوت: لە دیاردەی بووکەمنداڵدا لە ژێر ناوی هاوسەرگیری، منداڵانی کچ لاقە دەکرێن، کە پێیدەگوترێ (لاقەکردنی کپ).
موژدە محەممەدی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان سەبارەت بەو گیروگرفتانەی کە هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا بۆ کچانی دروست دەکات، دەڵێت: بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵ منداڵن، بۆیە هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتووی منداڵەکە دەبێت.
بە گوتەی محەممەدی، جەستەی زۆربەی ئەو کچانە بۆ سێکس ئامادە نییە، بۆیە زۆرجار کێشەیان بۆ دروست دەبێ، وەکو هەڵدڕانی کۆئەندامی زاوزێ، هەوکردنی ناوەوەی کۆئەندامی زاوزێ، بە تایبەتی بۆرییەکانی منداڵدان، کە ڕەنگە دواجار ببێتە هۆی نەزۆکی.
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی ئافرەتان ئاماژە بە لێکەوتەکانی دیکەی زوو شووکردنی کچان دەدات و دەڵێت ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی منداڵدان زیاترە. جگە لەوەش لەبارچوونی منداڵ لەو تەمەنە کەمەدا زیاترە.
پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بووکە منداڵ تا ئێستا چەندینجار لە پارلەمانی ئێراندا خراوەتە بەر باس، بەڵام بە بیانووی ئەوەی لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام ناتەبایە، ڕەتکراوەتەوە.
نەسیم جەلالیزادە، پارێزەرێکی دانیشتووی شاری سنەیە، دەڵێت یەک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەیاسای قەدەغەکردنی هاوسەرگیریی تەمەنی خوار 18 ساڵ، ئەوەیە ڕێ لە توندوتیژی بەرامبەر ئەو کچانە بگیرێ کە بەهۆی هەژاری یان دابونەریتەوە بە زۆر بەشوودەدرێن.
چ تەمەنێک بۆ سێکس گونجاوە؟
دکتۆر بەیان کەریمی، پسپۆڕێکی دیکەی نەخۆشییەکانی ژنانە دەڵێت: نابێ ئەو تەمەنەی کە شەرع بۆ پێگەیشتنی کچانی داناوە، وەک تەمەنێک بۆ هاوسەرگیریش ڕەچاو بکرێت، چونکە تەنانەت دوای ئەوەی کچێکی منداڵ بۆ یەکەمجار تووشی سووڕی مانگانە دەبێ، هێشتا چەند ساڵێکی پێویستە بۆ ئەوەی کۆئەندامی زاوزێی پێبگات و کامڵ بێت.
[1]