پارتی کرێکارانی بەریتانیا کۆنفرانسی ساڵانە خۆی لە شاری بریگتۆن ساز دەکات، ئەندام پەرلەمانانی بەشداربوو لەو کۆنفرانسەش پشتیوانیی خۆیان بۆ کوردانی باکوور دەردەبڕن و داوادەکەن کە وڵاتانی جیهان سنووریک بۆ پێشێلکارییەکانی تورکیا دابنێن.
لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا، لە 24-09-2019 کۆبوونەوەیەک بەناونیشانی ”نیگەرانییەکان دژی دیکتاتۆرییەت لە تورکیا، وبنیاتنانی جێگرەوەی دیموکراتی و ڕۆڵی گرنگی کوردەکان” ساز کرا و تیایدا چەند ئەندام و ئەندام پەرلەمانێکی پارتی کرێکاران وتاریان پێشکەش کرد، لەوانە(لۆید ڕوسێلمۆیل، لۆرد ماوریس، مایکی برادی) #عوسمان بایدەمیر# ئەندام پەرلەمانی پێشووی #هەدەپە#ش وەک میوان بەشداربوو و وتاری پێشکەش کرد.
لۆید ڕوسیل کە ئەندام پەرلەمانێکی پارتی کرێکارانە و هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ دەستەیەکدا سەردانی ڕۆژاوای کوردستانی کردووە، باسی سەردانەکەی و تێبینییەکانی خۆی لەوێ بۆ ئامادەبووان کرد و وتی: ''ئەو کوردانەی کە لە هەندێک ڕاگەیاندنی خۆرئاوادا بە “دواکەوتوو” ناویان دەبرێت، سیستەمێکی دیموکراتییان بنیاتناوە کە لە خۆرئاواشدا نموونەی نییە, بەجۆریک کە ئافرەتان پلەی باڵایان لە بەڕێوەبردندا وەرگرتووە''. هەروەها داواشی کرد کە بەر بە مەترسییەکانی تورکیا لەسەر ئەزموونەکەی ڕۆژاوا بگیرێت.
هاوکات لەلایەکی تریشەوە ئەندام پەرلەمانەکان ڕایانگەیاند ''کە مەترسییەکانی تورکیا بۆ سەر ئەزموونی ڕۆژاوا و ناوچەکە مایەی نیگەرانییە و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەر لەو مەترسییانە بگرێت, هاوکات ئاماژەیان بە ڕۆڵی گرنگی کوردان و #یەپەگە# کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی #داعش#دا و پشتیوانیی خۆشیان بۆ ڕۆژاوا دووپات کردەوە''.
عوسمان بایدەمیر ئەندام پەرلەمانی پێشووی هەدەپە کە لە ڕیزی میوانەکاندا بوو، وتاریکی پێشکەش کرد و تیایدا ئامژەی بەوە دا کە حکومەتی ئاکەپە لە باکووری کوردستان سیاسەتی دوژمنکارانە بەرانبەر کورد پەیڕەو دەکات و فشارێکی زۆری دروستکردووە، تا خۆی لەسەر حوکم بمێنێتەوە. هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە ساڵی 2015ەوە و پاش شکست پێهێنانی پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە، دەسەڵاتی ئاکەپە هەزاران کوردی لە ماڵ و حاڵی خۆیان کردووە و هەزارانیشی دەستگیر کردووە.
بایدەمیر لە درێژەی قسەکانیدا جگە لە خستنەڕووی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپەوە، هاوکات ڕایگەیاند ''کە حوکمەتی ئاکەپە 10 شاری کوردیی لە باکوور خاپوور کردووە و هەزاران کەسیشی زیندانی کردووە. ئاماژەی بەوەش دا کە هێشتا ئاکەپە لەو سیاسەت و هەڵشوکەوتانەی بەردەوامە''.
لە ئەنجمادا بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پشتیوانیی و هاوخەمی خۆیان بۆ کوردان دەربڕی و داواین کرد کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەڵوێستی پێویست بنوێنێت و ڕێ لە هەڵسوکەوتەکانی تورکیا بگرێت.[1]