تەماتە، بەرهەمێکی هاوینەیە و بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاشەوە لە وەرزی زستانیش لەنێو خانووی پلاستیکی بەرهەم دەهێنرێت، لە شارۆچکەی #پێنجوێن# لەسەرەتاکانی مانگی نیسان دەستدەکرێت بە ناشتنی، لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا پێدەگات، تا مانگی تشرینی دووەم بەرهەمی هەیە.
ئەم شارۆچکەیە خاوەنی 414 هەزارو 308 دۆنم زەویی کشتوکاڵییە، لەو ڕێژەیەش 24هەزارو 459 دۆنم زەوی بەراوی هەیە، بۆ سیستەمی ئاودێری بەقەترە بەشێکی زۆری زەوییە دێمەکانیش کراوەتە تەماتە.
لە دەشتی پێنجوێندا چەندین جۆری تەماتە بەرهەم دەهێنرێت کە سەرەکیترینیان، سیرین، 8320، کۆمادۆرا، سۆفیان، کە باشترینیان 8320 و سۆفیانە، بەهۆی ئەوەی چەند ڕۆژێک بە ڕەنگە سورەکەیەوە دەمێنێتەوە، ئەمەش وایکردووە سەرنجی کڕیارانی هاوڵاتیانی عەرەب بۆخۆی ڕاکێشێت.
فارس عەلی، جوتیارێکی دەشتی برایم ئاوای سنوری شارۆچکەی پێنجوێنە، وتی: بەرهەمی ئەمساڵی تەماتە زۆر باش و جوانە، بەڵام لەبازاڕدا نرخی کەمە و تێچووی پڕ ناکاتەوە، نرخی یەک کیلۆ لەنێوان 250 بۆ 300 دینارە.
ئەو جوتیارە باس لە تێچووەکانی ئەو بەرهەمە دەکات و دەڵیت: ئەو پلاسکۆیانەی تەماتەی تێدەکەین دوو دانەی بە 1400 دینارە، هەروەها 80 هەزار کرێی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەیە بۆ عەلوە، ئەمە جگە لە کرێی چنینی کرێکار، ئێمەی جوتیار لەو نێوەندە هیچ قازانجێک ناکەین.
بەوتەی فارس عەلی، ساڵی ڕابردوو دەیان دۆنم تەماتەی بەرهەم هێناوە، بەڵام ئەمساڵ کەمی کردۆتەوە بۆ نیوە بەهۆی ساغنەبوونەوەی لە بازاڕدا.
جوتیارانی ئەو سنورە باس لەوە دەکەن، سەرەڕای جوانی بەرهەمەکەیان بەڵام لە بازاڕی ناوخۆی کوردستان ساغ نابێتەوە و ئەوەی دەیکڕێت هاوڵاتیانی عەرەبن، ئەگەر ئەو کڕیارانەش نەبێت ئەوا نرخەکەی 250 دیناریش ناکات.
هاوکات کەمال ڕەحیم، وەک جوتیارێکی سنورەکە باس لەوە دەکات، ئەگەر کارگەیەکی گەورەی دۆشاوی تەماتە لە سنوورەکە هەبوایە، ئەوا بەرهەمەکانیان بە ئاسانی ساغ دەبێتەوە و دەستی کاریش زیاتر دەبێت، دەشڵێت: لە پیکابێک تەماتە تەنها 30 هەزار دینارمان بۆ دەمێنێتەوە.
سامان کەریم، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پێنجوێن، لەسەر ئەم پرسە بۆ ڕۆژنیوز، وتی: بەرهەمی تەماتەی پێنجوێن بەشی زۆری ڕەوانەی ناوچەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق دەکرێت، لەئێستاشدا بەهۆی پێگەیشتنی بەرهەمی ناخۆییەوە، هاوردەکردنی تەماتە لە دەرەوە بۆ ناو هەرێم ڕاگیراوە.
سەبارەت بە عەلوە کاتییەکانی ئەو سنورە، سامان کەریم ڕایگەیاند: کۆمەڵێک هاوڵاتی ئەو سنورە عەلوەی کاتیان داناوە، بەروبوومی جوتیاران ساغ دەکەنەوە و هیچ چاودێرییەکیان لەسەر نییە چونکە ڕەسمی نین، 'عمولانە'ش لە جوتیاران وەردەگرن، ئێمەش بە نوسراو داوامان کردووە، 'عمولانە' لە جوتیارانی ئەو عەلوانە وەرنەگیرێت.[1]