لەدژی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوا، باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و گەنجانی ژنانی تێکۆشەر ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ئەو هەرێمانە بەبیر خراوەتەوەو تێیدا هاتووە: ئێمە باش دەزانین یەکێک لە ئارامترین ناوچە لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاو ڕۆژئاوایە، لەو هەرێمانەدا سەرجەم گەلان پێکەوە بە برایەتی و ئاشتی و ئارامی دەژین، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەو بارودۆخە ناڕەحەتە، ماوەیەکی زۆرە دەیەوێت ئەو ئاشتییە تێکبدات بۆ ئەوەی دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت و چەتەکانی سەر بەخۆی لەو هەرێمانە نیشتەجێ بکات.
لەبەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، ئەو هەڕەشەو هێرشانە بەتەنها بۆ سەر ڕۆژئاوا، باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا نییە بەڵکو لەدژی کوردستانە بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا بانگەوازی کراوەو تێیدا هاتووە: لەدژی هەڕەشەو داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بڕژێنە سەر شەقام و هەموو جێگایەک بکەنە سەنگەری بەرخۆدان.[1]