ڕووسەکان و دەوڵەتی سووریا ژمارەیەک پێشنیاریان کردووە کە دەکرێت ژیانی ملیۆنەها کەسی ژێر دەسەڵاتی ئێمە بپارێزن. ئێمە متمانەمان بە بەڵێنەکانیان نییە بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت زەحمەتە بزانیت کە دەبێت متمانە بە کێ بکەیت.
فەرماندەی گشتیی #هەسەدە# دەشڵێت: دەزانین ئەگەر لەگەڵ ئەوان کار بکەین دەبێت سازشی بەئازار بۆ مۆسکۆ و بەشار ئەسەد بکەین بەڵام ئەگەر له نێوان سازش و جینۆسایدی خەڵکی خۆماندا یەکێکیان هەڵبژێرین ئەوا بەدڵنیاییەوە ژیانی خەڵکی خۆمان هەڵدەبژێرین.
=KTML_Bold=مەزڵوم کۆبانێ=KTML_End= دەشنووسێت: ئه و هۆکارەی وایکرد لەگەڵ ئەمریکا بین بریتییە لە باوەڕمان بە دیموکراسی. ئێمە لەم قەیرانەی ئێستا تووڕە و بێ ئومێدین. خەڵکەکەمان هێرش دەکرێتە سەری و سەلامەتییان جێگەی نیگەرانیی ئێمەیە. دوو پرسیار دەمێننەوە: چۆن بتوانین بە باشترین شێوە خەڵکی خۆمان بپارێزین؟ ئایا هێشتا ئەمریکا هاوپەیمانمانە؟
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 13-10-2019 بەڕێڤەبەری خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق تا سوپای سووریا بە درێژاییی سنووری سووریا و تورکیا جێگیر بکرێت.
دەقی نووسراوەکەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات
لە دەریای پشێوی و شەڕی ناوخۆ لە سووریا، جیهان ناوی هێزەکانی ئێمەی بیست، ئەو کات من وەکو فەرماندەی گشتی هێزەکان کارم دەکرد، ئەوان 60 هەزار جەنگاوەری سووری ڕاستەقینە بوون، کاری زۆرمان کرد بۆ ئەوەی نەخزێینە نێو تووندوتیژی و ڕەگەزپەرستی، ماوەی پێنج ساڵ بەرگریمان لە بەهاکانی دیموکراتی و فرەڕەنگی کرد، بەهیچ شێوەیەک هیچ جەنگاوەرێک تەقەی بە ئاراستەی سنووری تورکیا نەکردووە، سەرباز و فەرماندە ئەمریکییەکانیش شایەدن لەسەر توانای جەنگاوەرانمان.
چەندینجار بە هێزەکانمانم ڕاگەیاندووە، پێش هەموو لایەنێک ئێوە پەیوەستن بە شەڕی دژی #داعش#ی تیرۆریست، چونکە ئەوان خاکی ئێمە داگیر دەکەن، گوند و شارەکانمان تاڵان دەکەن، خوێنمان حەڵاڵ دەکەن و ژنەکانمان دەکەنە کەنیزەک، ئەو تیرۆریستانە لە زۆربەی ناوچەکانی سەر زەوی هاتوون، هەمیشە جەختمان دەکردەوە سەربازانی سوپای ئەمریکی و هێزە هاوپەیمانەکان هاوبەشی ئێمەن لەو شەڕە، بەڵام لەهەمانکاتدا میوانی خۆشەویستن لە وڵاتەکەمان، لەبەر ئەوە دەبێ زۆر هۆشیاربین بۆ دوورخستنەوەی سەربازانی سوپای ئەمریکی و هاوپەیمانانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک، ئاشکراشە لە پێناو ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لەو مەترسییە 11 هەزار جەنگاوەر و فەرماندەمان کوژراون.
لەگەرمەی شەڕی نەتەوەیی و ڕەگەزی کە تەڕ و وشک پێکەوە دەسووتێنێ لە وڵاتەکەمان لە سووریا، بەهای ئەخلاقی و سیاسی خۆمان لەدەست نەداوە و کارمان لەسەر بونیادنانی هێزێکی ڕووخێنەری هاوشێوەی ڕێکخراوەکانی (non-state Actor) نەکردووە، ڕێکخراوی قاعیدەمان ڕووخاند هەروەها داعشیشمان لەناوبرد، کارمان لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی ناوخۆیی فرەڕەنگ کردووە، هاوکاریمان کردووە لە بونیادنانەوەی دامەزراوە خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان بە هاوبەشی کورد، عەرەب و سریان، چەمکی ناسنامەی سووریای دیموکراتمان وەکو چوارچێوەیەک بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا خستووەتەڕوو، ئەوە چەمکی ئێمە بووە بۆ سیاسەت و چارەسەری سیاسی.
چەند ڕۆژێکە ئەو هێزانەی سەرکردایەتییان دەکەم، شەکەتن له بەرگریکردن لە سێیەکی خاکی سووریا، لەبەردەم هێرشی تورکی پاڵپشت بە گرووپە جیهادیەکان، ئەو ڕووبەرە کە شوێنی پارێزراوی ئەو نەتەوانە بووە کە لە دوو سەدەی ڕابردوو ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی تورکی بوونەتەوە لە کورد و سریان و ئاشووری و ئەرمەن، هەروەها ئێمە ئەو وڵاتە لەمەترسی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران دەپارێزین، لەکاتێکدا زیاتر لە 12 هەزار تیرۆریستی ڕێکخراوی داعشی لەخۆگرتووە کە لە ماوەی چەندین قۆناخی شەڕ دەستگیرکراون، ئەگەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پابەندبایە بە بەڵێنەکانی لەبەرامبەر ئێمە، تورکیا نەیدەتوانی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجامبدات، کە ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە لە ناوچە سنووریەکان بکشێینەوەو پێگەکانی بەرگریمان وێران بکەین، بەڵام ئەوەی لێرە ڕوویدا ئەوەیە سینگ ڕووت بووین لەبەردەم خەنجەری تورکی.
کاتێک جیهان سستی نوواند لە پێشکەشکردنی هاوکاری، ئەمریکا دەستی هاوکاری بۆ درێژکردین، ئەوەش جێگای ڕێز و ستایشی ئێمەیە، چەند ساڵێک تێپەڕین سەرۆک ترامپ باس لە گەڕانەوەی سەربازانی بۆ وڵات دەکات، ئێمە لەوە تێدەگەین، هەموو مرۆڤێک دەخوازێت بگەڕێتەوە ماڵەوە، کوڕ بۆ باوەشی باوانی، باوک تامەزرۆی بینینی منداڵەکانیەتی، دڵدار تامەزرۆی خۆشەویستەکەیەتی، دەمەوێ بڵێم ئەوەی ئێمە لێرە پێویستمان بوو، ئەوەنەبوو سەربازی ئەمریکی لەگەڵمان بجەنگێ، ئیمە ئەوە دەزانین ئەمریکا پۆلیسی جیهان نییە، بەڵام ئەوەی پێویستمان پێیبوو و هەمووشمان دەزانین ئەمریکا توانای هەیە، بوونی ئەمریکا گرێنتی بوو بۆ چارەسەری سیاسی، ئێمە دەزانین ئەو هێز و هەژموونەی هەیەتی توانای دەستپێکردنی دیالۆگی سیاسی هەیە بۆ گەییشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی لەنێوان ئێمە و تورکیا.
بڕوامان بە دیموکراتیەت هەیە وەکو چەمک، هەروەها ئێمەش کراوەین بۆ بە بنەماکردنی هەر پڕۆژەیەکی دیموکراتی، بەڵام ئێمە کاتێک ڕووبەڕووی ئەو هێرشە و مەترسی کۆمەڵکووژی دەبینەوە بژاردەکانمان تاوتوێ دەکەین، ڕەنگە ناچاربین چاو بە هاوپەیمانییەتییەکانماندا بخشێنینەوە، چونکە مەترسی داعش هێشتا ماوە، هەروەها زیندانییەکانیان و کەمپەکانیشیان بریتین لە بۆمبێکی تەوقیتکراو و نازانین کەی بە ئێمە و جیهاندا دەتەقێتەوە.
لەژێر سێبەری مەترسی ئەو کۆمەڵکوژییەی ڕووبەڕووی گەلەکەمان دەبێتەوە بەهۆی هێرشی تورکی، پێدەچێت ڕووسیا و ڕژێم بیرۆکە و پێشنیازیان هەبێت بۆ ڕزگارکردنی گیانی ملیۆنان کەس لە گەلەکەمان، بۆیە ڕەنگە ناچاربین ئاراستەمان بەرەو دیمەشق و مۆسکۆ بگۆڕین، ئەگەریش هەیە دەستبەرداری هەندێک لە مافەکانمان بین، بەڵام کاتێک دوو بژاردەت لەبەردەم بێت لەنێوان کۆمەڵکووژی نەتەوەیی و دەستبەرداربوون لە هەندێک ماف، بەدڵنیاییەوە ڕزگارکردنی گەل لە کۆمەڵکووژی باشترینە، هەوڵ بۆ سووریایەکی دیموکراتی نوێی بێ کێشە دەدەین، کە پەیوەندی باشی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەبێت، هەر ئەوەش هانیداین هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا بکەین، بەڵام پاراستنی گەل هەمیشە لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە.
ئێستا سووریا چەند ڕێگەیەکی لەپێشە، شەڕی خوێناوی نەتەوەیی نوێ، یان داهاتوویەکی پارێزراو و چارەسەری سیاسی، ئەمەش لەسەر بڕیاری ئەمریکی ڕادەوەستێ، کشانەوەی بێ چارەسەر دەبێتە هۆی شەڕ و کوشتن و وێرانکاری زیاتر، بەڵام مانەوەی بە گرێنتی دەبێتە هۆی چارەسەری سیاسی، بڕوامان بە سووریایەکی نوێی دیموکراتی هاندەری بنەڕەتی بوو کە وایکرد هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا بکەین، بەڵام ئێستا ئێمە بێ ئومێد بووین، بەهۆی ئەو هێرشە دڕاندنەی گەلەکەمان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هەر ئەوەش کاری لە پێشينەمان دیاریدەکات بۆ بەرگریکردن پێش بیرکردنەوە لەهەر شتێک.[1]
مەزڵووم عەبدی
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات