دوابەدوای لەشکرکێشی دەوڵەتی بۆرژوا- فاشیستی تورکیا بۆسەر ناوچە کوردنشینەکانی سوریا و کوشتاری کوێرانەی هاوڵاتیان و کاول و وێرانکردنی ماڵ و حاڵیان و ئاوارەکردنی سەدان هەزار کەسیان، دەوڵەتی ئیمپریالیستی ئەمریکا کە بۆخۆی دەستی تورکیای ئاوەڵاکرد بۆ لەشکرکێشی، گوایە ئێستا بۆ ڕزگارکردنی هاوڵاتیانی کورد لە کۆمەڵکوژی تورکیای هاوپەیمانی ناتۆی، ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ئۆردوگاندا ئەنجام داوە.هەموو بەندەکانی ڕێکەوتنەکە لەبەرژەوەندی دەوڵەتی فاشیستی تورکیاو لەسەر حسابی خەڵکی ئەو ناوچانەو هێزەکانی #هەسەدە#یە کە تا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هاوپەیمانی ئەمریکا بوون لە شەڕی دژی #داعش#دا.
بەپێی ڕێکەوتنەکە، دەبێ هێزەکانی هەسەدە بە قوڵایی 32 کم لەسنورەوە بەرەو خاکی سوریا پاشەکشەبکەن و پشتێنەی ئەمنی لەو ناوچەیە دروست بکرێت کە لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەببرێت. ئەم بڕگەیەی ڕێکەوتنەکە مانای وایە کە بەبێ بەرگری دەبێ هەسەدە، لەسەر داوای ئەمریکا، ئەوناوچانە ڕادەستی هێزەکانی دەوڵەتی کۆنەپەرست و داگیرکاری تورکیا بکات!
لەلایەکی دیکەشەوە، ئەم هێرشەی تورکیا، هەسەدەی ناچارکرد لەگەڵ ڕژێمی دڕندەو مرۆڤکوژی سوریا، ڕژێمی بەشار ئەسەدی خوێنڕێژ، نزیک بێتەوەو ناوچەکانی کۆبانی و مینبەج ڕادەستی هێزەکانی ڕژێمی بەشار بکەن. بەمجۆرە ژنان و پیاوانێک کە بە بەرگری بێوێنەی خۆیان شەڕی 100 ڕۆژەی سوپای دڕندەی داعشیان کردو ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند، بێئیرادە خرانەوە ژێر دەسەڵاتی شەبیحەکانی ڕژێمی بەشار و سوپا سەرکوتگەرەکەیەوە.
بەداخەوە، دوای ئەو هەموو قوربانیە دژی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و لەپێناو ژیانێکی ئارام و شایستەدا، خەڵکی کوردستانی سوریا دیسانەوە لە پیلانێکی نێودەوڵەتیدا، بە بەشداری ئەمریکاو ڕوسیا ئیرادەیان بەبارمتە گیراو لەنێوان کۆمەڵکوژی دەوڵەتی فاشیست و شۆڤینیستی تورکیاو تەسلیمبوون بە دەوڵەتی مرۆڤکوژی بەشار ئەسەد هەڵواسراوە. ئەم کارەساتە سیاسی و مرۆییەی ئێستا بەسەر خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا دێت، لە لایەنێکیدا بەرهەمی خۆبەستنەوەی هێزەکانی ناسیۆنالیستی کوردە بە ووڵاتانی ئیمپریالیستی و بەرژەوەندیەکانی ئەوان و ناکۆکیەکانی نێوان دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەوە، کە هەمیشە ئامادەن لەپێناو قازانجی سیاسی خۆیاندا خەڵکی کوردستان و خەبات و قوربانیەکانی بکەنە قوربانی و ڕووبەڕووی کارەساتی بکەنەوە. ئەزمونی بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستانی ئێران و عێراق و خودی تورکیاش هەمیشە شاهێدی ئەمجۆرە مامەڵەو بازرگانی پێوەکردنەبووە!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەکاتێکدا سەرجەم پیلانی قێزەونی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ئەمریکاو ڕوسیا بۆ لەژێرپێنانی ئیرادەی خەڵکی کوردستانی سوریا و هەروەها هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی کۆنەپەرست و دڕندەی تورکیا دژی خەڵکی کوردستانی سوریا بە توندی سەرکۆنە دەکات، هاوکات ڕایدەگەیەنێ کە دەبێ بەبێ مەرج و دەستبەجێ هەموو ئەو ناوچەیەی دەوڵەتی تورکیا بەناوی ناوچەی ئارامەوە داگیری کردووە جێبهێڵێت. سەرباری ئەوەی پێمانیوایە کە وەستانی شەڕو ڕاگرتنی لەشکرکێشی تورکیا بەهەرشێوەیەک بێت لە قازانجی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەیە و پێش بە کوشتاری خەڵک دەگرێ، بەڵام پێداگری لەوە دەکەین کە خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا نابێ بەدەستی بەستراوەوە ڕادەستی ڕژێمە دڕندەو مرۆڤکوژەکەی بەشار بکرێتەوە. دەبێ خەڵکی ئازادیخوازی دنیا ئەم تاوانە قبوڵ نەکەن بەرامبەر بەو خەڵکەی کە هەزاران قوربایان داوە بۆ ئازادی و بۆ تێکشکاندنی داعش. خەڵکی کوردستانی سوریا شایستەی ژیانێکی ئازاد و ئارام و شکۆمەندن، ژیانێکی یەکسان و هاوچەرخ. داهاتویەکی ئاوا تەنها لەڕێگای بەرەنگاربوونەوەوخەباتێکی چینایەتی سەربەخۆو پشتبەستوو بەبەرەی ئازادیخوازی جیهانییەوە مەیسەردەبێت، کە هەرئێستا گۆشەیەکی لە پشتیوانی خۆی لەدژی پیلانی ئیمپریالیستەکان و لەشکرکێشی تورکیا بۆسەر ئەو خەڵکە نیشانداوە. خەڵکی کوردستانی سوریا مافی خۆیانە بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن. دەبێ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو مافەیان بۆ بەڕەسمی بناسێت کە لە ڕیفراندۆمێکی ئازادانەدا بڕیار لەسەر چارەنوسی سیاسی خۆیان بدەن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
19-10-2019