هەمیشە لەوەی کە هەتانە بیبەخشن، بەخشندەیی تەنها پەیوەست نیە بە گیرفان و پارەوە، شۆفێری کردن بە ڕەوشتەوە جۆرێکە لە بەخشندەیی،
ڕێزگرتنی منداڵ و پیر و پیادە لەسەر شەقام بەخشینی (سەلامەتی)ە بەوانی تر،
فڕێنەدانی پاشماوەی خواردن و کلێنس و توێکڵی گوڵە بەڕۆژە لە جامی ئوتومبێل و نەشکاندنی دار و درەخت و نەکوشتنی ئاژەڵ و باڵندە و قڕ نەکردنی پەلەوەر و ماسی جۆرێکە لە بەخشین،
ڕێزگرتنی مرۆڤ بۆ سروشت، بەخشینی (ژیانە) بەوانی تر
ڕوی خۆش و پێکەنین بە ڕوی ئەوانی تردا جۆرێکە لە بە خشندەیی
فێرکردنی خەڵکی لەو زانست و زانیاریەی کە هەتە و نەشاردنەوەی جۆرێکە لە بەخشندەیی
بەخشندەیی خۆ تەنها پەیوەندی نیە بە بونی پارەوە، بەڵێ ڕاستە پارە گەدە تێر دەکات، پارە دەتوانی هەموو ئەو ئەو (رەمەک) و غەریزە ئاژەڵیانەی کە لە مرۆڤدا هەیە تێر بکات،
بەڵام دڵ نا، دڵ پێویستی بە بەخشندەییە، دڵ پێویستی بەوەیە ستایش بکرێت، هەست بکات خەڵکی خۆشیان دەوێت، هاوسۆزن لەگەڵی، هەست بە ئازارەکانی دەکەن
ڕستە بەناو بانگەکەی (ستیڤ جۆبز) دێنینەوە یادمان کە دەڵێ :- (ئێستا لەسەر تەختی نەخۆشخانە کەوتوم و کۆتا ساتەکانی ژیانم بە ڕێ دەکەم، ئا لەم ساتەشدا بە هۆی پارەکانمەوە دەتوانم خەڵکێکی زۆر بە کرێ بگرم تەنانەت دوای مردنیشم ڕۆژانە پارەم بۆ پەیدا بکەن، بەڵام بەو هەموو پارەیەی کە هەمە ناتوانم تەنها یەک کەس بدۆزمەوە و بە کرێی بگرم کە لە بری من ئازار بچێژێت)
ژیان هەست کردنە بە ئازاری ئەوانی تر، ئومێد دانە بە نائومێدی، ڕێزگرتنە لە پەراوێزی
ببەخشن لەوەی کە هەتانە، لە (ڕێز، لە زانست، لە پێکەنین، لە خۆشەویستی، لە پارە، زەردەخەنە، لێبوردەیی) هەرگیز لە بەخشندەیی مەترسن، مرۆڤ هیچ کات لە بەخشندەیی زیان ناکات
ئەگەر زۆرت هەبوو ناچاری ئەو کارە بکەیت، چونکە زۆری بابەتێک و نەبەخشین لێێ دەبێتە هۆی خراپ بوونی، ئەگەر کەمیشت هەیە هەر ناچاریت ببەخشیت، ئاوێکی کەمیش بۆ ئەوەی سەرچاوەکەی کوێر نەبێتەوە ناچارن بە جام لێێ هەڵگۆزن و لێی ببەخشن، ئەکارە هەم ناهێڵێت سەرچاوەی ڕوناکیەکە کوێر بێتەوە و هەم بەردەوام ئاوی تر دێتەوە شوێنی
ئێمەش بۆ ئەوەی سەرچاوەی ئاسودەگی و خۆشبەختیمان کوێر نەبێتەوە و خاڵی نەبین، ناچارین دەبێت ببەخشین
(من لایرحم، لایرحم) ئەوەی نەبەخشێت نابەخشرێت
هەمیشە ببەخشن (سڵا و، خواردن، جل، پارە، ڕێز، خۆشەویستی، پێکەنین، هاوسۆز بوون، یارمەتی، ئومێد، هیوا) بەوانەی کە دەیانناسن و بە وانەشی کە نایانناسن، بەوانەی کە چاکەیان لەگەڵ کردوون و بەوانەشی کە خراپەیان لەگەڵ کردوون
(أن تقرأ السلام، وتُطعم الطعامَ، علی مَن عرفتَ ومَن لم تعرف)
لە بەخشیندا هیچ شتێک کەم ناکات.[1]
نووسینی: هێمن عەبدولقادر