=KTML_Bold=یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی #سلێمانی#=KTML_End= بۆ کتێب ڕۆژی 14-11-2019 ئەم مانگە لە شاری سلێمانی دەستی بەکارەکانی کرد، زیاتر لە 180 کتێبخانە و ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە لە 21 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان تێداکردووە.
سەدان هەزار کتێب و ناونیشانی زانستیی لە پێشانگاکەدا نمایشکراون، بەپێی وتەی ڕێکخەرانی پێشانگاکەش، ڕۆژانە پێنج بۆ هەشت هەزار کەس سەردانی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب دەکەن.
نەقش و بندارۆک، ناوەندێکی چاپ و بڵاوکردنەوەیە و لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەشداریی لە پێشانگاکەدا کردووە، بەشێکی کتێبەکانی #عەبدوڵڵا ئۆجەلان#، ڕێبەری #پەکەکە# و ساکینە جانسز، ژنە تێکۆشەری کورد و چەندین کتێبی دیکەیان دەربارەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان نمایشکردووە و داهاتی ئەو کتێبانەش دەبەخشنە ئاوارەکانی گرێسپی و #سەرێکانی#، کە بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ئاوارەبوون.
ئەم ناوەندە نزیکەی 10 هەزار کتێب و هەزار و 500 ناونیشانی زانستیی بە هەردوو زمانی کوردیی کرمانجیی و عەرەبیی هێناوەتە پێشانگاکە، سەرپەرشتیاری ناوەندەکەش دەڵێت: خەڵکێکی زۆر کە دەزانن لە ڕۆژئاواوە هاتووین سەردانمان دەکەن و کتێبمان لێ دەکڕن.
=KTML_Bold=عەبدوڵا شێخۆ=KTML_End=، سەرپەرشتیاری ناوەندی نەقش و بندارۆک بۆ ڕۆژنیوز باسی لە پێشوازیی خەڵک و ئەو کتێبانە کرد کە نمایشیان کرد و وتی: بەشێک لەم کتێبانە لە چاپخانەی شلێر چاپکراون لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو داهاتەی کە لە فرۆشتنی ئەو کتێبانە دەستمان دەکەوێت، دەیبەخشینە ئاوارەکانی گرێسپی و سەرێکانی، نرخیشمان لەسەر ئەو کتێبانە دیاریینەکردووە، هەرکەس بیانکڕێت وەک هاوکاریی پارە دادەنێت.
هەروەها وتیشی: خەڵک کە دێنە ئێرە خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ خەڵک و شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، ئێمەش بەوە دڵخۆشین، هەرچەندە ڕەنگە زۆرێکیان کرمانجی لاتینیش نەزانن، بەڵام دیسانیش دێن و دادەنیشن و هاوکاریی دەبەخشن بۆ ئاوارەکان.
لەناو ئەو سەدان هەزار کتێبەی کە لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانیدا نمایشکراون، کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە خواستێکی زۆریان لەسەرە، سەرپەرشتیاری ستاندنی دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، کە بەشێکی کتێبەکانی ئۆجالانیان لە پێشانگاکەدا نمایشکردووە، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە.
=KTML_Bold=تانیا ئاوارە=KTML_End=، سەرپەرشتیاری ستاندنی دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: ڕۆژانە ئەو کتێبانەی کە خواستی زۆری لەسەربێت نوێی دەکەینەوە، کتێبەکانی ئورفا، سیمبولی پیرۆزی و نەفرەت، ڕێبەرایەتیی پەکەکە ڕێبەرایەتیی ژنی ئازادە، تێڕوانینی شۆڕشگێڕانە بۆ پرسی ئایین، ئابووریی کۆمەڵگەی دیموکراسیی و چەند کتێبێکی دیکەی ئۆجالان هەموو ڕۆژێک 25 بۆ 30 دانەیان لێ دەهێنین و هەرزوو تەواودەبن.
ڕۆژانە لە کاتژمێر 10:00ی سەرلەبەیانی بۆ 07:00ی ئێوارە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب دەرگای بەڕووی هاوڵاتیاندا دەکاتەوە، ئەوکاتەی ئێمە ئەم ڕاپۆرتەمان تۆمار کرد، تەنها کاتژمێرێک بەسەر کردنەوەی دەرگای پێشانگاکەدا تێپەڕببوو، بەڵام کتێبی 'ڕێبەرایەتیی پەکەکە ڕێبەرایەتیی ژنی ئازادە' کە لە نووسینی ئۆجالانە لە ناوەندی جەمال عیرفان تەواوبوو، لەکۆی 25 کتێبێک، کتێبی ئورفا، سیمبولی پیرۆزی و نەفرەت تەنها 3 دانەی لێ مابووەوە.
جگە لە ناوەندی جەمال عیرفان، کتێبخانەکانی بەختیاری و ئەمازۆنیش بەشێک لە کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالانیان نمایشکردووە، لە هەریەکێک لەو کتێبانەشی کە نمایشکراوە بە تێکڕا ڕۆژانە نزیکەی 50 دانەیان لێ دەفرۆشرێت.
ئەمە یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانییە بۆ کتێب، کردنەوەی ئەم پێشانگایەش هاوزەمان بوو لەگەڵ 235ەمین ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی و ناساندی سلێمانی وەک شاری ئەدەب و ڕۆشنبیریی لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆ-وە، خەڵک و ڕێکخەرانی پێشانگاکەش بە گرنگییەوە باس لە بەردەوامییدان بە پێشانگای لەم چەشنە دەدەن.
مەروان حەمەخورشید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی دەڵێت: مەبەستمانبوو بەم پێشانگایە خوێنەر لەگەڵ کتێب ئاشبکەینەوە، لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی پێشانگاکە شەش هەزار کەس سەردانیان کردبوو، ڕۆژی دووەم هەشت هەزار و ڕۆژی سێیەم پێنج هەزار کەس سەردانی پێشانگاکەی کردووە، ئەمە دەرخەری تینوێتیی خەڵکە بۆ کایەی ڕۆشنبیریی.
=KTML_Bold=ساڵح بێچار=KTML_End=ی شاعیر جگەلەوەی دڵخۆشە بە کردنەوەی پێشانگاکە، هاوکات ڕەخنەی هەیە لە کەمیی سەرچاوە و ناونیشانی کتێبی کوردیی و دەڵێت: کردنەوەی ئەم پێشانگایە جێگای شانازیی هەموو کوردێکە، بەڵام بەداخەوە هەیمەنەی کتێبی ئاینیی زیاتربوو لە کتێبی ئەدەبیی و فکری، لە هەمووشی ناخۆشتر کتێبی کوردی زۆر کەمە.
ڕێناس عەلی ژنێکی گەنج بوو و بۆ بەدەستهێنانی کتێبی دەروونناسیی و زمانی ئینگلیزیی ڕووی لە پێشانگاکە کردبوو، وتی: داشکاندنێکی باش بۆ کتێبەکان کراوە، بەتایبەت گرنگە بۆ ئەم دۆخە بێ کارییەی کە گەنجانی تێدان، کە بە بڕێک پارەی کەم دەتوانن کتێبی باش بکڕن و سوودمەندبن لێی.
بڕیارە یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب تا 23-11-2019 بەردەوامیی هەبێت، لە کۆتا ڕۆژیشدا پێشانگاکە بە کۆنسێرتێکی هونەرمەند دیاری قەرەداغیی کۆتایی بە کارەکانی دەهێنێت.[1][2]