=KTML_Bold=(بەبێ تۆ ناتوانم یەک ڕۆژ بژیم … من و تۆ یان بۆیەکتر دەبین یان بۆ گڵ ! هەموو دنیا دەکەم بەقوربانی یەک هەناسەت! بەقوربانی ئەو دایک وباوکەبم کە تۆیان بۆمن هێنایە دنیاوە … من ئەم ئەرزو ئاوو نیشتمانەم بۆیە خۆشدەوێت چونکە تۆی لەسەر ئەژیێیت! پێم بڵێ بمرە دەمرم پێم بڵێ بژی دەژیم !) پاش هەوڵێکی زۆرو بێ وچان پەنجەکانی دەگرێ و زۆر زەلیلانە نینۆکەکانی ماچ دەکات، دواجار خۆی دەکات بەقوربانی تەقەی پێڵاوەکانیشی !!=KTML_End=
کەم کوڕی کورد هەیە هەموو ئەم قسانەو زیاتریشی بۆ کچێک و دووان و سیان نەکردبێت! کەم کوڕی گەنجی کورد هەیە لە سەردەمێکی ژیانیدا نەبووبێتە (شاعیر!) و نەیشیعراندبێت بەسەر قەدو باڵاو جوانیی خاتوونێکدا. ئەگەر لە هۆنینەوەشدا سەرکەوتوو نەبووبین ئەوا زۆربەمان میعراندوومانە ! کەم کوڕی کورد هەیە ئەگەر بۆ یەکجاریش بێت لەتاو نائومێدی و عەشقی یارەکەی هەوڵێکی خۆکوشتنی نەدابێت، چ بەقووتدانی مشتێ حەبی ڤالیۆم و پاراسیتۆل یان بە هەڵکێشانی دەمانچەو هێنانەوەی میلی چەک !
کەم کوڕی عاشقی کورد هەن، هەزار بیانوویان بەدایک وباوکی هەش بەسەریان نەگرتبێت و ژیانیان لێ تاڵ نەکردبن. کەمن ئەو کوڕە کوردانەی شەڕو ئاژاوەیان لەناو ماڵدا نەنابێتەوەو نەیانکردبن بەژێر قەرزوقۆڵەوە، تا ناچاریان کردوون قیروسیا بکەن و لەوەختی ناوەخت و بەجێ و ڕێی نابەجێ، ژنیان بۆ هێناون !؟
تا ئێرەش هەر قەیناکە …. بەڵام با دیمەنەکانی دوای شەش مانگ یان ساڵێکی پاش زەماوەندە مێژووییەکان ببینین و گوێ بۆ قسەکانی هەمان ئەو گەنجانە بگرین، بزانین چی بە هاوسەرەکانیان دەڵێن ؟
(لەو ڕۆژەوە تۆم دیوە خێرم لەخۆم نەدیوە ! دەی خوا بۆخۆی بتباتەوە … ئیتر بەسە… بۆڵەو خوتە خوت نەبڕایەوە ؟! خوا لەناوی دەمتدا !. ئەو دایکە ناموبارەکەت ڕاست نەبوایەتەوە ! ئەگەر باوکت واو وا نەبوایە دایکیشت واو وا نەدەبوو ! شەرت بێت لەداخی تۆ سەرم هەڵگرم بۆ ئەوەی چاوم بەچاوت نەکەوێتەوە ! دەمت داخە گوێم لەدەنگت نەبێ.. هەی واو وا پێکراو …) لەگەرمەی ئەو قسە پڕ سوکایەتی و جوێن وقین هەڵرشتنەشدا، چەند جارێ ئەو ژنە داماوە بە پرچ ڕادەکێشرێ و زوو زوویش تفێک دەکرێتە ناو چاوی.. زللە و بۆکسیش لەبریی ماکیاج سەر گۆنای سوورو بەرچاوی شین دەکەنەوە ! جارجارێکیش کاکی (کۆنە عاشقی گڕگرتوو !) ئەژنۆی ئەو داماوە دەداتە بەر نووکە شەقی ئەوین و وەفاداری !
ئەو دیاردەی توندوتیژی و ناجوامێری نواندنە لەتەک ژناندا بەتەنیا بەشی گەنجانی عاشق نیە، بەڵکو بەشێکی زۆری پیاوانی سمێل بابڕو سمێل تاشراو، پیر وگەنج، خوێندەوارو نەخوێندەوار.. سیاسی و کاسبکار.. شاریو دێهاتی … لەکوردستان و لەهەندەران …. ئەمە ئاکارو ڕەفتاریانە. نەکەس لێیان دەپرسێتەوەو نەخۆشیان زەڕڕەیەک شەرم دایاندەگرێت ! لەهەموویشی سەیرتر ئەو پیاوە قسەزلانەن کە شەوو ڕۆژ کۆڕو سیمنارو ۆرکشۆپ لەبارەی مافەکانی ژنان و ئافرەتانەوە سازدەکەن و شەوانیش ئاژەل ئاسا دەچنەوە پاڵ هاوسەرەکانیان، لەگەڵ یەکەمین ڕووبەڕووبوونەوەشدا، هیچ بیرو بۆچونێکی جیاواز، حەزو ئارەزوویەکی جیاواز، ڕازونازو گلەییەکیان لێ قبووڵ ناکەن … تف و جوێن دان بەخۆیان و بەکەس و کاریان، تا ڕادەی شەق وبۆکس هاویشتن، بۆ ئەوەی (پیاوەتیی) خۆیان بنوێنن !!
پرسیاری بەندەو خەڵکانی تریش ئەمەیە : ئایا خێزانی کوردی و خوێندنگەی کوردی و پەروەردەو زانکۆی کوردی و مزگەوت و حیزب و ڕێکخراوو میدیای کوردی.. هەرئەوەندەیان لێدەوەشێتەوە کە ئەم جۆرە (پیاوانە !) بەرهەم بهێنن !؟
پێمەکەنە ئازیزم … ئەوە گاڵتەو کۆمیدیا نیە ! ئەوە دیاردەیەکی یەکجار ترسناک و کوشندەیە. ئەومنداڵانەی (لەو بەرەی جەنگەدا) لەدایک دەبن و پەروەردە دەبن و گەشەدەکەن، دەبێ چاوەڕێی چییان لێ بکرێت و پاشەڕۆژ چییان لێ دەردەچێت !؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لەبریی ئەم وەحشیگەرییە، ژینگەیەکی ئارام و کلتووری ژیاندۆستی و دڵفراوانی و ڕێزو ماف و ئەرکی یەکسان و دادپەروەری لەناخی منداڵکانماندا بچێنن بۆ ئەوەی ئەوان ببنە بەردی بناغە بۆ کۆمەڵگەیەکی کوردیی مەدەنی و سەردەمیانەی دروست و مرۆڤ دۆست و ژیان دۆست ؟
پێم وایە ئەگەر درەنگ نەبێ، ئیتر ئێستا کاتێتی !
د. بەهات حەسیب قەرەداخی