ئاوات محەمەد، قائیمقامی #سلێمانی# لەگەڵ لیژنەی دیاریکردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا کۆبووەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بکرێت کە هاوردەی پارێزگاکە دەکرێت.
دەربارەی بەربوومی ناوخۆیی قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند: وەک هەمیشە بایەخ و گرنگی تەواو بەبەروبومی خۆماڵی و پرۆژە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان دەدەین.
لای خۆشیەوە ڕزگار حەمەد خدر، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی وتی: بەهۆی زۆربوونی پرۆژە کشتوکاڵییەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ، پشتگیری لە جوتیاران و پرۆژە کشتوکاڵییەکان، لە ئێستادا بەرووبومە پەلەوەرییەکان تا ئاستی لەسەدا 90 بەرهەمی ناوخۆ پڕدەکاتەوە.
ئاماژەی بۆئەوەشکرد، لە هاوردەکراوەکان ڕەچاوی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و کەمبوونەوەی بەکارهێنان لەوەرزەکاندا کراوە، هەربۆیە لیژنەکە بۆ ئەم مانگە بڕیاریداوە 300 تۆن مریشکی بەستوو و 800 تۆن ماسی و 500 تۆن گۆشتی سور هوردەبکرێن و هەروەها ڕێگە بە هاوردەکردنی سێ هەزار و 750 سەر ئاژەڵ بدرێت و هاوردەکردنی هێلکەش هاوشێوەی مانگەکانی دیکە قەدەغە بکرێت.[1]