$کەمال ئەتاتورک چۆن عەلەوییەکانی کوشت؟$
کەمال ئەتاتورک بە دامەزرێنەری کۆماری مۆدێرنی تورکیا دادەنرێت: ئه و دەوڵەتەی لەسەر بنەمای یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئایین لەسەر لاشەی بێ گیان دامەزراوە. هەرچەندە زانراوە بەڵام نەک به و ڕادە زۆرە. تازە بەڵگەنامەیەک دۆزراوەتەوە کە دەیسەلمێنێت ئەتاتورک چەندە دڕندانە لە دژی عەلەوییەکانی دێرسم جوڵاوەتەوە و چەکی کیمیایی بەکارهێناوە. بەڵگەکان دەیسەلمێنن کە چەکەکە ئەڵمانییە. لە تورکیا زۆر کەم پەردە لەسەر ئه و بابەتە هەڵدراوەتەوە، بەڵام لەنێو خودی دێرسم کەس نایەوێت ئیدی دەربارەی ئەم تابۆیە بێدەنگ بێت.
$ئەشکەوتێکی پڕ لە ئێسکوپروسک$
ئەشکەوتێکی شاراوە پڕە لە ئێسکوپروسکی مرۆڤ کە زۆرینەیان ژن و منداڵن. ئەشکەوتەکە لە نزیک شاری دێرسمە کە ئێستا پێی دەگوترێت تونجەلی. ئه و ناوچەیەی لە ساڵی 1937-1938 زۆر کۆمەڵکوژی تێدا ئەنجام دراوە. مێژووناس خدر چیچەک دەڵێت، (بە گوتەی باوکم 500 بۆ 1000 کەس لەم ئەشکەوتەدا نێژراون. عەلەوییەکانی دێرسم بەمەبەستی دۆزینەوەی پەناگەیەک ڕوویان لێرە کردبوو، بەڵام بە چەکی کیمیایی لێیان دراوە و له و پەناگەیەدا کۆمەڵکوژ کراون. ئەوانی دیکە بەره و چەمەکە ڕاپێچ کراون، گولەباران کراون و خراونەتە چەمەکەوە.)
خێزانی گەورەی یاشار کایاش کۆمەڵکوژ کراون. ئه و دەڵێت، (زۆرینەیان بە نێزەی تفەنگ کوژران، چونکە ئه و کاتە فیشەک گرانبوو. ئێستاش تەرمەکانیان هەر لە چەمی مونزور-دان. دەگێڕنەوە بە درێژایی چەند مانگ چەمی مونزور جەستەی مردووەکانی بردووە.)
یاشار کایا لە شاری بۆخووم لەگەڵ کەسانی دیکە ڕێکخراوێکی بەناوی (دێرسم 1937/1938) دامەزراندووە. ئەوان دەیانەوێت تابۆی سەر کۆمەڵکوژییەکە لاببەن و بناغەیەک بۆ ئه و مەبەستە دابنێن.
$پێشبینی دەکرێت 50 هەزار کەس کوژرابێت$
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان 13 هەزار هاوڵاتیی دێرسم لەلایەن سوپای تورکەوە کوژراون، بەڵام پێشبینی کوژرانی زیاتر لە 50 هەزار کەس دەکرێت. دەوڵەتی تورک دەیەویست دەرسێکی ترسناک بداتە عەلەوییەکان و ناچار بە توانەوەیان بکات. سەرۆکی ئه و کاتی تورکیا کەمال ئەتاتورک بوو، بەڵام ئەم کۆمەڵکوژییە بە ئەوەوە نەبەستراوەتەوە. ئه و لەلایەن هەندێک کەسەوە بە پایەیەکی پیرۆز و کەسێکی نەرم کە نابێ بڕوشێنرێت، دادەنرێت. مامۆستا دەنیز کاراکاش کە خەڵکی دێرسمە و لە هامبۆرگ دەژی دەڵێت، (دێرسم سندووقە ڕەشەکەی ئێمەیە، چونکە بەشێکی مێژووی تورکیا دێرسمە. کەمالیستەکان نایانەوێت خۆیان لەم بابەتە بدەن.)
$چەکی کیمیایی لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە$
لە ئەرشیفی دەوڵەتی تورکدا بەڵگەنامەیەکی ساڵی 1937 ئاشکرابوو کە ئەڵمانیای نازی فەرمانی کردووە 20 تەن چەکی کیمیایی ڕادەستی باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەرلین بکرێت. ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە داواکارییەکەی جەنەڕاڵی سوپای تورک لە دێرسم کە داوای گازی ژەهراوی کردبوو و ئەتاتورک ئیمزای کردبوو. مەحموود ئاکیورەکلی مێژووناس دەڵێت، (مستەفا کەمال تاکە دەسەڵاتداری تورکیا بوو، ئه و سەرۆکی دەوڵەت بوو. ئه و کاتە هیچ شتێک لە تورکیا بەبێ ڕەزامەندی ئه و نەدەکرا. دیموکراتی نەبوو. بڕیارەکان بە حکوومەتدا تێدەپەڕین، بەڵام قسەی کۆتایی هی ئەتاتورک بوو.)
$ئەتاتورک ناو لە دێرسم دەنێت (برینی هەڵاوساو)$
کەمال ئەتاتورک تا ئەمڕۆش دەپەرسترێت. ئه و دەیەویست تورکیا بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی مۆدێرن بگۆڕێت - هاوکات لەگەڵ ڕژێمی هیتلەر هاوکاری دەکرد. ئەڵمانەکان چەکی کیمیاییان هەبوو، تورکیاش پێویستی بەوە بوو. ئەتاتورک دەوڵەتێکی یەک ڕێبەر، یەک زمان و یەک ئایینی دەویست: ئیسلامی سوننە. خەڵکی دێرسم بە تورکی قسەیان نەدەکرد و سوننیش نەبوون. ئەتاتورک ترسی هەبوو لە بەرخۆدانی دژبە دەوڵەتە ساواکەی، بۆیە بڕیاری دا سوپا بەشێوەیەکی دڕندانە لە دژیان بجوڵێتەوە. بە دێرسمی دەگوت، (برینی هەڵاوساو).
مەحموود ئاکیورەکلی دەڵێت، (شارستانەتی لە ڕێگەی کۆمەڵکوژی ناگەیەنرێت بە هیچ شوێنێک، بەڵکو لە ڕێگەی ڕازیکردنی خەڵکەوە دەکرێت. ڕاستە ئەتاتورک کۆمارێکی مۆدێرنی دامەزراندووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێ ئه و ئازار و نەهامەتییانەی بەسەر کورد و عەلەوییەکاندا هاتووە، لەژێر پەردەی وەسفکردنێکی تورکیا بەناوی مۆدێرنەوە بچووک بکرێتەوە. لەکاتێکدا تەنها بە ڕاوەدونان و سەرکوتکاری نەوەستاوە، بەڵکوو جینۆسایدی کردووە.)
$دژی لەبیرکردن$
تورکیا گرنگی بەم دۆسیەیە نادات و مەترسی ونبوونی زانیاری و بەڵگەکان دەربارەی کۆمەڵکوژییەکە هەیە. یاشار کایا لە چێوەی ڕێکخراوەکەیدا دەچێتە لای دوایین شایەتحاڵ و سەربازە دێرینەکانی سوپای تورک بۆ تۆمارکردنی گوتەکانیان. هەروەها ئاشکراکردنی ناوی تاوانباران و ئه و کەسانەی دەستیان لە کۆمەڵکوژییەکاندا هەبووە. دەیەوێت ڤیدیۆ و بەڵگەنامەکان کۆبکاتەوە و بڵاویان بکاتەوە.
یاشار دەڵێت، (شایەتحاڵەکان پێیان گوتین کە چی ڕوویداوە. ئێمە دەمانەوێت ئەوەی ڕوویداوە بیخەینەڕوو و کۆتایی به و بێدەنگییە بێنین.)
باسی ئەوەشی کرد دەربارەی ڕۆڵی ئەتاتورک لە کۆمەڵکوژییەکە و داواکردنی چەکی کیمیایی لە ئەڵمانیا، پرسیار ئاراستەی کۆماری فیدڕاڵی ئەڵمانیا دەکات کە ئێستا جێنشینی قانوونی ئەڵمانیای هیتلەرە.[1]
وەرگێڕانی : شاسوار مامە
02-12-2019