بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شەش ملیۆن و 619 هەزار و 19 دۆنم زەوی بەپیت لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە هەموو مەرجەکانی تێدایە بۆ کشتوکاڵکردن و لە ڕیزبەندی باشترین زەوییەکانی جیهاندایە، بەڵام لە ئێستادا تەنها نیوەی ئەو زەویانە سودیان لێوەردەگیرێت.
جگە لەوەش ساڵانە هەرێمی کوردستان خاوەنی 30 ملیار مەتر سێجا ئاوە، کە 50%ی سەرچاوەی ئەو ئاوە لە ناوخۆوەیە و سەرجەم سەرچاوە ئاوییەکانیشی ئاوی شیرینن و گونجاون بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵکردن.
بەپێی وتەی شارەزایان، ناوچەی زاگرۆس کە دەکاتە کوردستان بەشێوەیەکی گشتیی، لەسەر ئاستی جیهان لە ڕیزبەندی 32یەمین وڵاتانی جیهانە بۆ سامانی ڕووەکی و لەباریی کشتوکاڵ.
=KTML_Bold=دکتۆر ساڵح نەجیب=KTML_End=، مامۆستای زانستە ژینگەییەکان لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی #سلێمانی#ئەوە دەخاتەڕوو، کە خاک و ئاوهەوای هەرێمی کوردستان گونجاوە بۆ هەمووجۆرە بەرهەمەکانی دانەوێڵە، سەوزە و میوە و بەرهەمە ڕووەکییەکان.
دەشڵێت: ئێمە نە لەڕووی خاکی کشتوکاڵیی و نە لەڕووی ئاو کەموکورتیمان نییە، کە دوو بنچینەی سەرەکیی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵن.
د.ساڵح نەجیب ئاماژە بەوەش دەکات، کە وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان، هەمیشە لە پیلان داڕشتندابوون بۆ وێرانکردنی ناوچە کشتوکاڵییەکانی ئێمە، بۆ ئەوەی بەرهەمی کشتوکاڵیی نەکەوێتە سەر پێی خۆی و جووتیار لە خاکەکەی داببڕن، کیمیاباران، مینڕێژ کردنی ناوچە کشتوکاڵییەکان و بۆردوومان و تۆپبارانی تورکیا و ئێران بەشێکن لەو پیلانانە.
هەروەها دەشڵێت: حکومەتی هەرێم جووتیاری لە زەوییەکەی دابڕی، زۆرینەیانی وەک پێشمەرگە و پۆلیس و فەرمانبەر دامەزراند، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیی بوو بۆ ئیفلیجبوونی کەرتی کشتوکاڵ، ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەگەر کۆی ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی لە هەرێمدا هەیە سودیان لێوەربگیرێت و بکرێن بە بەرهەمی کشتوکاڵی ئەوا جگە لە پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی دەتوانرێت لێشی هەناردەی دەرەوە بکرێت.[1]