بەهۆی سەرماوسۆڵە و بارینی بەفر لەناوچە سنوورییەکان، ژمارەیەک #کۆڵبەر# چارەنووسیان نادیارە و کۆڵبەرێکیش گیانی لەدەستداوە و بەهۆی سەرماوە ڕەقبووەتەوە.
زیاتر لە 10 کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی ملەی تەتەی هەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی بارینی بەفر و باران ڕێیان ونکردووە و تا ئێستا یەکێکیان بە هۆی سەرماوە گیانی لە دەستداوە و برایەکیشی بە سەختی بریندار بووە و چارەنووسی چەندان کەسی دیکەش نادیارە.
کۆڵبەرێک بەناوی ئازاد خوسرەوی کە خەڵکی شارەدێی نێی #مەریوان#ە بەهۆی سەرماوە لەکاتی ئەنجامدانی کاری کۆڵبەری گیانی لە دەستداوە، تەرمەکەی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی مەریوان.
هەروەها برایەکی دیکەی ئەو کۆڵبەرە بە ناوی فەرهاد خوسرەوی لەنێو بەفر دۆزراوەتەوە کە باری تەندروستی ناجێگیرە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.
جیا لەو دوو برایە ژمارەیەک کۆڵبەری دیکە، کە ویستویانە لەو سنوورە کاری کۆڵبەری ئەنجامبدەن و کەلوپەلەکانیان بگوازنەوە، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر چارەنووسیان نادیارە و تیمەکان و کەسوکاریان بەدوایاندا دەگەڕێن.[1]