وەزیری تەندرووستی ڕایدەگەیەنێت ئەنجوومەنێکی باڵا بۆ ڕوبەرووبونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت و لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش سەنتەری تایبەت بە ماددەی هۆشبەر دەکەینەوە.
پەرلەمانی کوردستانیش خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاسای ماددە هۆشبەرەکان کرد و ئەندامێکی لیژنەی تەندرووستیش دەڵێت لە ماوەی دوو ساڵ سەدا 5 بەکارهێنان بازرگانی بە ماددەکە زیادیکردووە.
پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵيیەکان کرد.
بە گوێرەی پرۆژە یاساکە ئەنجوومەنێکی باڵا لە هەرێمی کوردستان بۆ ڕوبەرووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دادەمەزرێنرێت و چەند سەنتەرێکیش بۆ چارەسەری ئاڵوودەبووان دەکرێتەوە و ئەوانەی بەکارهێنەرن لەو کەسانە جیادەکرێنەوە، کە بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان دەکەن، ئەو ماددانەشی بۆ چارەسەری پزیشکی بەکاردەهێنرێن و کارتێکەرن، دەخرێنە ژێر چاودێری وردی وەزارەتی تەندروستییەوە.
هەر لە پرۆژە یاسای ماددە هۆشبەرەکاندا سزاکان بۆ سێ هێندە زیادکراون و کەسانی تووشبووانیش دەخرێنە ژێر چارەسەر، ئەم یاسایە بۆ ئەوەیە ڕێگری بکرێت لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.
پرۆژە یاساکە لە 52 ماددە پێکهاتووە، ئەو کەسانەی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان دەکەن، تا سزای لە سێدارەدانیان بۆ دیاریکراوە، بۆ ئەوانەشی ماددەکەو بازرگانەکە ئاشکرا دەکات خەڵاتی ماددی دەکرێن، ئه و سزا ماددییەشی لە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان وەردەگیرێت، دەخرێتە سندوقێکەوە بۆ چارەسەری توشبوان و دامەزراندنی سەنتەرەکانی چارەسەر خەرج دەکرێت.[1]