بیرۆکەی دامەزراندنی پێنی کورد، لە ساڵی 1980 لەلایەن نووسەری کورد، (حسێن ئەردەم) ەوە کاری بۆکراوە، لە مانگی نیسانی ساڵی 1988 لە شاری کامبریج لە وڵاتی بەریتانیا، لە کۆنگرەی پێنی جیهانیدا پێشنیاری درووستکردنی ناوەندی پێنی کورد کراوە و لە هەمان کاتیشدا قبووڵ کراوە، لەو کاتەوە تا ئێستا ناوەندی پێنی کورد هەر سێ ساڵ جارێک کۆنگرەی خۆی دەبەستێت و دەستەیەکی نوێ هەڵدەبژێرێ بۆ ئەنجامدانی کارەکانی، لە کۆنگرەی هەشتەمی کە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری 2013 لە ئامەد بەڕێوەچوو، بڕیاری ئەوە درا کە بنکەی ناوەندی پێنی کورد لە ئامەد بێ.
کۆنگرەی پێنی جیهانی هەموو ساڵێک دەبەسترێ و هەر سێ زمانی (ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئیسپانیۆلی) تێیدا زمانی فەرمین.
پەیڕەوپڕۆگرامی پێنی نێونەتەوەیی
بە گوێرەی ئەو بڕیارانەی کە لە کۆنگرەکانی پێنی نێونەتەوەییدا پێشنیار کراون و قبووڵ کراون بریتین لە:
1. وێژە سنوور ناناسێ ‘لە گفتوگۆ سیاسی و نێونەتەوەییەکاندا دەبێ وەکوو ئاستێکی بەرز لەنێوان مرۆڤەکاندا بپارێزێت’.
2. لە هەموو کاتێکدا -بە تایبەتی لە کاتی شەڕ- بەرهەمە هونەرییەکان- وەکوو میراتی هەرە بەهاداری مرۆڤایەتی- دەبێ لەبەرانبەر هێرشە نەتەوەیی و سیاسییەکان بپارێزرێن.
3. دەبێ ئەندامانی پێن کارتێکەریی خۆیان بەردەوام بۆ ئەوە بەکار بێنن کە لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە نیازی باش و ڕێزگرتنی یەکتری بەهێز بێت. ئەندامانی پێن دەبێ ڕێزی هەموو نەژاد و نەتەوەیەک بگرن و ڕقی لە هیچ کەسێک نەبێت بەهۆی بیروباوەڕ و نەتەوە و نەژاد و زمان، هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لە جیهاندا بە ئاشتی بژین، هەموو توانای خۆیان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکەن.
4. پێن ئەو هزرەش دەپارێزێت کە دەبێ ڕامان لە ناو هەر نەتەوەیەکدا و لە ئاستی نێونەتەوەییدا بێ تەگەرە درووست کردن ڕابگەیەندرێت.
ئەندامانی پێن ئەوە قبووڵ دەکەن کە چ لە وڵات و ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژین و پارچەیەکن لەوان، چ لە جیهانیشدا لەبەرانبەر هەموو جۆرە چەوساندنەوەکاندا لەسەر مافی ڕادەربڕین بێنەدەنگ.
پێن ئازادی چاپەمەنی دەپارێزێ، ئەوەش ڕادەگەیەنێت کە لەبەرانبەر هەموو جۆرە سانسۆرێک دەوەستێتەوە لە کاتی ئاشتیدا، پێن ئەوە بە گرنگ دەبینێ کە لە جیهاندا لەلایەنی سیاسیی و ئابوورییەوە و لە ئاستێکی بڵندا ئۆرگانیزە بکرێت و ببێتە شتێکی پێویست کە دەوڵەت، حکومەت، و دەزگاکانی میری بەئازادی ڕەخنەیان لێ بگیرێ. چونکە ئازادی مانای دیسپلینێکی خۆویستە، ئەندامانی پێن خۆیان ئەوە قبووڵ دەکەن کە لەبەرانبەر شێوازە نەرێنیییەکان بوەستنەوە، وەکوو ئەو بڵاوکردنەوە درۆییانەی کە لەژێر چەتری دەربڕینی ئازاد بڵاودەبنەوە، یان ئەو ساختەکارییەنی کە وەکوو پیلان بۆ وەدەستهێنانی مەرامی سیاسی و تاکەکەسیی بەکار دێن.
5. ئەندامیەتی لە پێن، بە بێ جیاوازی نەتەوە، زمان، نەژاد، ڕەنگ و ئایین بۆ هەموو نووسەر، وەرگێڕ، ئیدیتۆر، وەشانگەر، کە بتوانن بۆ ئەو ئامانجانە کار بکەن کراوەیە.
ئەندامانی دامەزرێنەر بریتین لە:
محەمەد ئوزون
حسێن ئەردەم
یایلا مۆنک بۆجاک
عەبدولڕەحمان نەقشبەندی
حسێن کارتال
ئەمینە ئەردەم
حەیدەر ئیشیک
[1]