لقی #هەولێر#ی لیژنەی فەتوای یەکێتیی زانایان لە 16 ئەندام پێکاهاتووە. ڕۆژی سێشەممە 24-12-2019 ڕایانگەیاند، 27 خێزان بۆ لەباربردنی منداڵ سەردانی لیژنەکەیان کردووە و تەنیا ڕێگە بە شەش خێزانیان دراوە منداڵ لەبارببەن.
لەبارەی هۆکاری ڕێگەدان بە لەباربردنی منداڵەوە ئاماژەیان بەوە کرد، بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی و بۆ ڕزگارکردنی گیانی دایکەکە ڕێگەیان بەو خێزانانە داوە کە منداڵەکانیان لەبارببەن.
بەپێی ئامارەکەی لیژنەی فەتوای لقی هەولێری یەکێتیی زانایان، حاڵەتەکانی تەڵاق ژمارەیان لە هەڵکشاندایە و لەم ساڵدا 510 حاڵەتی لێکجیابوونەوە لە سنووری هەولێر و دەوروبەری تۆمارکراوە و 188 خێزانیش تەڵاقیان بۆ چاککراوەتەوە پێکهێنراونەتەوە.
موسڵمانان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتی و بازرگانییەکانیان هەوڵدەدەن بەپێی یاساکانی شەریعەتی ئیسلام بجووڵێنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی لیژنەکانی فەتوا دەکەن.
لە ئامارەکەی لیژنەی فەتوادا ئەوە خرایەڕوو کە 57 کێشەی بازرگانی، کڕین و فرۆشتن و هاوبەشێتی و 70 حاڵەتی میرات چارەسەرکراون.
ئەو ئامارانە لە ڕۆژی 01-01-2019 تاوەکو 25-12-2019 تۆمارکراون. لەو ماوەیەدا زیاتر لە شەش هەزار کەس سەردانی لیژنەی فەتوای لقی هەولێری یەکێتیی زانایانیان کردووە بۆ بابەتەکانی میرات، تەڵاق، کڕین و فرۆشتن و کاروباری بازرگانی، زەویوزار، پەرستشەکان، موسڵمانبوون، شیرپێدان، دووگیانی و لەباربردن.[1]