لە کۆتایی 2018 دا مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان و ئەوروپا و زیندانەکانی باکوری کوردستان بە شێوەی خولیی و بێ ناوبڕ بە پێشەنگایەتیی لەیلا گوڤەن دەستیپێکرد، لە 2019 بەردەوامیی بەو چالاکییانە درا و ژنانی باشور بەشێوەیەکی کارا بەشدارییان لەو بەرخۆدانەدا کرد.
هەر لە ساڵی 2018 و دەستپێکی ساڵی 2019بە فەرمانی #وەزارەتی ناوخۆ# بڕیاری لە کار دوورخستنەوەی لەمیعە محەمەد، لە ئەرکی بەڕێوبەریی بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان/#گەرمیان# و دانانی پیاوێک لە شوێنەکەی، درا، کە بە دوورخستنەوەی لەمیعە محەمەد، جگە لە کوردە عومەر، کە بەڕێوبەری گشتییە، سەرجەم بەڕێوبەرایەتییەکانی دیکە لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەبرێن، کە ئەمەش سەرەتای ئەو ساڵە بە ناڕەزایەتی ژنانی گەرمیان بۆ ئەو بابەتە دەستیپێکرد.
شەهید مەدینە چەتین ناسراو بە هاڤین نسێبین، کە لە پاش 27 ساڵ خەباتکردن بەبێ دابڕان، لە ڕۆژی 03-12-2019 لەکاتی پێکهێنانی ئەرکەکانیدا بەهۆی نەخۆشییەوە شەهیدبوو، ڕۆژی 07-12-2019، لە بناری #قەندیل# بە مەراسیمێکی جەماری بە خاک سپێردرا.
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:left;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2019/376547/0006.JPG=KTML_ImageCaption_Title=0006.JPG=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=0006.JPG=KTML_ImageCaption_End=
بە درێژایی کانونی دووەم وەک هەموو ساڵەکانی دیکە، یادکردنەوەی ساڵیادی تیرۆری هەر سێ ژنە شەهید، ساکینە جانسز و لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان، لە بەشێک زۆر لە شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان، بنار قەندیل و کامپی پەنابەرانی مەخمور، بەڕێوەچوو.
بەپێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو، لە چەند شوێنێک لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ڕێگریی لە چالاکییەکانی ساڵیادی ئەو سێ ژنە پێشەنگە کرا، هەر لەو کاتەشدا ژنێک پێشەنگایەتیی بەرخۆدانێکی مێژوویی دەکرد و دەنگی ئەو بەرخۆدانە لە هەموو جیهاندا دەزرنگایەوە، ئەویش لەیلا گوڤەن-ی هاوسەرۆکی کەجەدەبوو، هەربۆیە ڕژاک خەڵاتی ساڵآنەی ساکینە جانسزی پێشکەش بە گوڤەن کرد و ڕادەستی نوێنەرایەتیی #هەدەپە#ی کرد لە شاری #هەولێر#.
هەر لە چوارچێوەی ڕێگرییەکاندا، لە کاتی هەوڵدان بۆ بەڕێوەبردنی مەراسیمێک، لە هەمان ڕۆژدا منداڵێکی سێ ساڵان لەگەڵ دایکی و هەشت ژنی دیکە لەلایەن ئاسایشی #سلێمانی#یەوە دەستگیرکران و دوای شەو و ڕۆژێک ئازاد کران.
لە ڕۆژی 14-12-2019، ژن تیڤی تاکە کەناڵی تایبەت بە ژنان وەک کەناڵێکی تایبەت بە ژنان، دەستی بە پەخشکردنی هەواڵەکان کرد.
بە سمینار، ڕێپێوان، پێشانگا و چالاکیی هونەریی ڕۆژی جیهانیی ژنان پیرۆز کرا و فێستیڤاڵێکی کار دەستییش لە سلێمانی ئەنجامدرا و پێشکەش بە لەیلا گوڤەن کرا.
هەر لە مانگی ئازاردا، مژدە جەوهەر ژنە شانۆکارێکی دانیشتووی گەرمیان، لە فیستیڤاڵی شانۆی شەقامی نێودەوڵەتیی، کە لەبەغدا بەڕێوەچوو، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی پێبەخشرا.
هەروەها لە 29-04-2019، لە هەولێر ژمارەیەک چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، کە پێکهاتوون لە نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داوایان ئاڕاستەی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی حزبەکان و تەواویی دامەزراوەکانی حکومەت، کرد کە باڵانسی جێندەریی ڕەچاو بپارێزرێت و ژنانیش بەشداربن لە کایە سیاسییەکاندا، بە شێوازێک کە بەشدارییان لە 30٪ کەمترنەبێت.
لە ماوەی 10 ڕۆژی مانگی ئایاردا، لە #دهۆک#، هەولێر، ڕاپەڕین، شەنگال و دیالە و #کەرکووک# چوار کچی خوار تەمەن 16 ساڵ و سێ ژن کوژران و بە شێوەی گوماناویی گیانیان لەدەستدا، ژنێکیش لە لایەن ئەفسەرێکی پلەبەرزەوە دەستدرێژیی کرایە سەر، کەمترین هەوڵوێست دژ بەو توندوتیژییانە نیشان درا.
ڕۆژی 19-07-2019، دوای ململانێیەکی زۆر لە گەڵ نەخۆشییەکی کوشندە، ناهیدە ڕەفیق حیلمی، نووسەر و لێکۆڵەر و کچی ڕەفیق حیلمی، سەرۆکی حزبی هیوای عێراقی، کە لە ساڵی 1922 و لەسەردەمی حکومەتەکەی شێخ مەحمودی حەفیدیشدا ڕاوێژکاری ڕامیاریی بووە، لە تەمەنی 91 ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد.
لە ڕۆژی 24-07-2019 لە شاری هەولێر پرۆژەی سێ ساڵیی 'دەنگەکانمان' بە ئامانجی بەرزکردنەوەی دەنگی ژنانی عێراق و هەرێمی کوردستان و کاراکردنی بەشداریی ژنان لە ڕاگەیاندنەکاندا، لەلایەن ڕێکخراوی ئینتەرنیوزەوە ڕاگەیەندرا و دواتر بە کردنەوەی خولی ڕاهێنانی ڕۆژنامەنەمەوانییەوە درێژەی بە چالاکییەکانی دا.
ڕۆژی 10-8-2019 سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و 21 وەزیری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی پەرلەماندا سوێندی یاساییان خوارد، لە کۆی ئەو 21 وەزیرە و سەرۆک و جێگری سەرۆک-یش، تەنیا 3 وەزارەت درا بە ژنان، ئەوانیش بریتین لە وەزارەتەکانی کاروباری کۆمەڵایەتیی، کە لەلایەن کوێستان محەمەد وەرگیراوە لە پشکی گۆڕان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کە لەلایەن بێگەر تاڵەبانی لە پشکی یەکێتی وەگیراوە و وەزارەتی هەرێم، کە لە لایەن ڤالا فەرید لە پشکی پارتی وەرگیرا، بەڵام بە بەروارد بە خولەکانی دیکە دڵخۆشکەربوو، چونکە دوو وەزیری ژن زیادیکرد، ئەمە جگە لەوەی بۆیەکەم جار و لەم خولەدا، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ژنە.
لە کامپی پەنابەرانی مەخمور و شەنگال چەند کۆنفڕانس و پەروەردەیەک بۆ ژنان ئەنجامدرا، لەوانە چوارەمین کۆنفرانسی پەروەردەیی ماموستایانی ژن لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی مەخمور، یەکەمین کۆنگرەی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی- تاژێ لە شارەدێی خانەسۆری سەربە شەنگال، هەروەها مەجلیسی عەشتار، خولێکی پەروەردەیی لەئەکادیمیای شەهید ژیان لەناو کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لەمەخمور ئەنجامدا.
ڕۆژی 25-09-2019 شاندێک لە ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەردانی باشوری کوردستانیان کرد و لە گەڵ هەر یەک لە ژنانی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ژنانی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتوو، ڕژاک و چەند لایەنیکی دیکە کۆبوونەوە، ئامانجی سەردانەکانیشیان بەستنی سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنان-ی کورد بوو.
ڕۆژی 12-10-2019، دوای سێ مانگ گەمارۆ خستنە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، بە مەبەستی دەربڕینی پشتیوانییان، شاندێکی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە، نوێنەری تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان سەردانی کامپەکەیان کرد.
لە 05-09-2019، شاندی پەرلەمانتاران و هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی هەدەپە، بە مەبەستی کارکردن بۆ یەکێتی نەتەوەیی و لابردنی گەمارۆی سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور، سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ژنانی ناو سەرجەم حزبە سیاسییەکانی باشوری کوردستانیان کرد، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون و تا ئێستاش گەمارۆی سەر کامپەکە بەردەوامە.
بەهۆی بەردەوامیی ئەو گەمارۆیە و ڕێگرییەکانی هێزی ئاسایشی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە دانیشتوانی کامپەکە بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر، تا ئێستا شەش کۆرپە گیانیان لە دەستداوە، کە پێنجیان لە سکی دایکیاندابوون.
ڕۆژی 10-11-2019 شاندێک لە ژنانی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان-یان کرد، بە ئامانجی پشتیوانییکردنی بەرخۆدانی شکۆمەند، کە دژ بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بەڕێوەدەچێت.
ڕۆژی 07-10-2019، لە چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی لە سلێمانی، خەڵاتی باشترین فیلمی ناوخۆیی بەخشرایە فیلمی 'ڕۆژێک لە ڕۆژان لە کوردستان' کە لە دەرهێنانی ژینۆ هادی بوو.
=KTML_ImageCaption_Begin==KTML_StyleDiv=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_ImageCaption_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2019/376547/0004.JPG=KTML_ImageCaption_Title=مژدە جەوهەر=KTML_ImageCaption_CaptionStyle=000000=KTML_ImageCaption_Caption=مژدە جەوهەر=KTML_ImageCaption_End=
چالاکییەکانی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە 23-11-2019 دەستیپێکرد و تا 16 ڕۆژ بە سمینار، ڕێپێوان و چالاکیی جۆراوجۆر بەردەوامیی هەبوو.
لە یەکێک لە چالاکییەکانی ئەو 16 ڕۆژەدا ژنانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بۆ یەکەمجار ڕەخنەیان لە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەیان گرت و بە لاوازیان ناوبرد و ڕایانگەیاند، لە پەیڕەوی حزبەکەیاندا یەکسانی نەپارێزراوە، داواشیان کرد، هاوشێوەی پەرلەمان ڕێژەی 30٪ بۆ کۆتای ژنان لە یەکێتیدا دابنرێت.
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سلێمانییش، لە ماوەی 11 مانگی ئەمساڵدا، لە ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراوی سلێمانی 191ژن داڵدەدراون، کە 45 منداڵیشیان لەگەڵ بووە، کە بەهۆی بوونی مەترسی لەسەر ژیانیان پەنایان بۆ ماڵی داڵدەدان بردووە، لەو ژمارەیە، 166ژن کێشەکانیان گەیشتوونەتە ئاستی چارەسەر و ماڵەکەیان بەجێهێشتوە و تەنها (25) ژن لە ماڵەکەدا ماونەتەوە.
بە پێی ئاماری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی نۆ مانگدا 35 ژن کوژراون و 57ژن-یش خۆیان کوشتووە، 207 ژن-ی دیکەش سووتاون و خۆیان سوتاندووە.
هەر لەو ماوەیەدا، لە لایەن ژنانی چالاکوان و سیاسی، لە شاری سلێمانی گروپێکی سەربەخۆ، بە ئامانجی خزمەتکردن بە پرسەکانی ژنان، بە ناوی ڕاستاڵ ڕاگەیندرا.
لە 17-11-2019، لە دوای زیاتر لە نۆمانگ یەکەمین دانیشتنی دادگایی کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، کە تا ئێستا بەردەوامی هەیە.
04-12-2019، ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان بو نووسراوی 144فەتوای لەبارەی حوکمی سەرکەوتنی ئافرەت بە تەنها لەگەڵ شوفێری تەکسی دەرکرد و سەرکەوتنی ژن-ی بە تەنیا لەگەڵ شۆفێری پیاو بە نادروست ناوبرد، ئەمەش ناڕەزایەتیی ژنانی بەدوای خۆیدا هێنا و ڕۆژی09-12-2019 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا هەڵووێستی خۆیان نیشاندا، کە ئەگەر لیژنەکە فەتواکەی نەکشێنێتەوە، ئەوا دەست بە خۆپیشاندان و چالاکیی جۆراوجۆری دیکە دەکەن.
ئەگەرچی ئەمساڵ-یش ئاماری توندوتیژییەکان زۆر بەرز و مەترسیداربوو، ڕێگرییش لە هەندێک چالاکیی ژنان کرا، بەڵام بەشێکی زۆری چالاکییەکاندا ژنان یەکگرتوو و هاودەنگ بوون.[1]