کوردستانیانی نیشتمانپەروەر!
نەتەوەی گەورەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە دروسبوونی دەوڵەتی ئێرانەوە، نەک دەور و بەشی لە دامەزران و بەڕێوەبردنی ئەو دەوڵەتەدا نەبووە، بەڵکوو لە هەر دوو شێوازی پاشایەتی و کۆمارییدا، لە ژێر کۆت وبەندی ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی و پلانی ئاسمیلاسیۆن و فارسیفیکاسیۆن و بە ئێڕانی کردن دا بووە. دامەزرێنەرانی دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێران و میراتگرانی ئەمڕۆییان، بە پشت بەستن بە زەبر و زەنگی بێسنوور و نەپرینگانەوە لە هیچ تاوان و جینایەتێکی دژی ئینسانیی، تێکۆشاون نەتەوەی کورد بتوێننەوەو وڵاتێکی خاوەن تەک ناسنامە، تاک زمان و یەک کلتور ساز بکەن.
هاوکات، سیستەمی سیاسیی ئەم دەوڵەتە سیستەمێکی تووتالیتێرییە و ڕێگای بەشداریی ڕاستەقینەی سیاسیی، لە نەتەوەی کورد بەستووە. لەم سیستەمەدا هیچ دەرفەتێکی سیاسیی و یاسایی لە بەر دەم کورددا نییە تا لە ڕێگای یاسایی و لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە پەیجووری دابینکردنی تەنانەت لانیکەمی مافەکانی خۆی بێ. لەم سیستەمەدا پرسی هەڵبژاردن و پڕۆسەی دەنگدان تەنها شانۆگەرییەکی چەواشەکارانەیە بۆ شەرعیەت دان بە ڕێژیم وهێندێکجار یەکلایی کردنەوەی ململانێی باڵەکانی دەسەڵات و فریودانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی. ماف و ئازادیی و بەختەوەریی و ئاسایشی تاک و کۆی کورد لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتەدا وەدیی نایەن و پلان و حەولدانی سیستەماتیکی تاران بۆ برسی کردن، ترساندن، شێواندنی باری دێموگرافی کوردستان، شێواندنی ناسنامە، تێکدانی سایکۆلۆژی و کەسایەتی تاکی کورد و هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی خێزان وکۆمەڵگای کوردستان، ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ بە گوڕ و تینی پترەوە، درێژە پێدەدرێ.
تاران ڕۆژی 2ی ڕەشەمەی داهاتووی بۆ بەڕێوەبردنی شانۆگەری خولی یازدەهەمی مەجلیس ی شورای ئیسلامی دیاریی کردوە و بەکاردروستایی ئه و شانۆگەرییەوە خەریکە.
دەوڵەتی داگیرکەر لە کاتێکدا بەره و ئه و بەناو هەڵبژاردنە دەچێ کە تازە لە سەرکوتی جینایەتکارانەی خەڵکی کوردستان و کوشتاری ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان بووەتەوه و هێشتا شەقامەکانی شارە ڕاپەڕیوەکانی کوردستان، بۆنی خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە داگیرکراوەمانی لێدێ. هێشتا سەدان کوڕ و کچی کورد لە زیندانەکانی دوژمنی داگیرکەردا لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاردا دەناڵێنن و هێزەکانی سوپای پاسداران و یەکەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ودژی شورش شەقام و گۆڕەپانەکانی شارەکانیان قۆرخ کردووە و شوێن پێی ڕۆڵەکانی کورد، هەڵدەگرن. هەروەها سەدان بنەماڵەی نیشتمان، لە شین و ماتەمی شەهید بوونی ڕۆڵەکانیاندا دانیشتوون.هاوکات نە لە ڕابروودا و نە لە داهاتوودا ڕۆنیشتنی ژمارەیەک کوردی سەڵاحیەت پەسندکراو لە لایان سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، لە مەجلیسی داگیرکەرلە تەنیشت بکوژانی ڕۆڵەکانی کوردستانەوە، هیچی لە دۆخی خەڵکی کوردستان نەگۆڕیوە و ناگۆڕێ. بە پێچەوانەوە تەنیا دەبنە شەریکی تاوان و جینایەت لە دژی خەڵکی کوردستان.
بۆیه بە سەرنجدان به و ڕاستییانە و بەلەبەرچاو گرتنی ئه و هەلومەرجە، ئێمە پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو گاڵتەجاڕییەی دەوڵەتی داگیرکەرو بکوژانی ڕۆڵەکانی کوردستان، تەحریم دەکەین.
ئێمە داوا لە ڕۆڵەکانی کوردستان دەکەین بەشداریی لە بەزم و ساباتی بانگەشەی کاندیدەکان بۆ گەرم کردنی بازاڕی ئه و شانۆگەرییە نەکەن، داوا دەکەین مۆرە پەسندکراوەکانی دوژمن لە ناوەندەکانی باگەشەیان لە گەڵ دارودەستەکانیان بە تەنیا بهێڵنەوە. ئێمە داوا لە ڕۆڵەکانی نیشتمانە زامدارەکەمان دەکەین، بە بایکۆت کردنی شانۆگەریی هەڵبژاردنی خولی 11هەمی مەجلیسی داگیرکەر، ئەمەگ و وەفا بە خوێنی شەهیدانی ڕاپەڕینی خەزەڵوەر بنوێنن وبەوجۆرە حاکمییەت و حوکمی دەوڵەتی داگیرکەر و بکوژانی ڕۆڵەکانمان لە کوردستان ڕەت بکەنەوە.
سڵاو لە ڕۆحی شەهیدانی ڕێگای سەربەستی و سەربەخۆیی کوردستان
نا بۆ سەروەری تاران لەسەر کوردستان
-پارتی سەربەستی کوردستان
-بزووتنەوەی هیوا
-پارتی سەربەخۆیی کوردستان
-کۆمەڵەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
-پارتی ئازادیی کوردستان
6ی بەفرانباری 2719 کوردی
27-12-2019