شاهمراد موشتاق، ناسراو بە شامیی #کرماشان#ی، لە دایکبووی ساڵی 1917 لە شاری کرماشان. شاعیری شیعری کوردیی وفارسیی بووە، شیعرە کوردییەکانی بە شیوەی کرماشانی نووسیوە. باوکی شامی ناوی خوداموراد و دایکی ناوی فانۆس بووە. شامی لە تەمەنی چوارساڵییدا بە هۆی نەخۆشی ئاوڵەوە کوێرو نابینا دەبێ، هەر لە منداڵییەوە دایکو باوکی دەمرن و ئیدی ناچار دەبێ خۆی بژێوی ژیان پەیدا بکات.
هەژاریی مەودای نەدا کە شامی بچێتە قوتابخانەو ئیتر بە نەخوێندەواریی مایەوە. شامی لەگەڵ یەکێک لە مامۆستایانی ئایینی شاری کرماشاندا دۆستایەتی پەیدا دەکات کە ناوی
شمس الدین آل آقابووە، ئەو، شامی ئاشنا دەکات بە ئەدەبیاتی کلاسیک، بە تایبەتی خەییام، سەعدی وحافزی پێ دەناسێنێت و شامی دەکەوێتە ژێر کارتێکەری شیعری ئەوانەوە.
شیعرە کوردییەکانی شامی زۆربەی بە شیوەزاری باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانراون، کە باس لە هەژاری و نەداریی چینی چەوساوەی کۆمەڵ دەکەن. شامیی شیعری فارسیشی
گوتوە، کە ناوەرۆکی سیاسییان هەیە، بە تایبەتی شیعری گفتوگۆی بەینی شاعیر و سەرۆک وەزیرانی ئەوسای ئێران محمد مصدق. دەڵێن لە ساڵی 1953 دا شامی ببووە ئەندامی
جبهە ملی ایرانو لایەنگری موسەدق بووە.
شیعرەکانی شامی پڕن لە وردەکاریی جوانی ئەدەبی و لەباری دەستوور و ڕێزمانەوە
تایبەتن.
شامی لە 23-11-1984 لە تەمەنی 67 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.