ڕۆژی چوارشەممە 08-01-2020 هەرسێ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، کۆبوونەوە.
لەم چوارچێوەیەدا هەرسێ سەرۆکایەتی، نیگەرانیی قووڵی خۆیان بۆ تەشەنەسەندنی ڕووداوەکانی ناوچەکە دەربڕی لە کاتێکدا کە مەترسیی تیرۆر فراوانتر بووە و هەڕەشەی ڕاستەقینەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە هەیە.
بەتایبەتی پێشهاتەکانی ئەم بەرەبەیانییە، هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە ڕێکاری سەربازی بە هیچ شێوەیەک کێشەکان چارەسەر ناکات. هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێوردکردنەوەی دۆخەکە و دیالۆگ و چارەسەری دیپلۆماسیانەی کێشەکان و سەقامگیری و ئارامییه، داواش لە هەموو لایەک دەکات هەرێمی کوردستان لە ململانێکانیان بەدوور بگرن.
هەرێمی کوردستان پشتیوانیی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەیان بە پێویست دەزانێت، بەتایبەتی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا جووڵە و کردەوە تیرۆریستییەکانیان هەڵکشاون، بۆیە داوا دەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدات تیرۆر سەرهەڵبداتەوە.[1]