رۆژی 07-01-2020 دانیشتنی دادگا سەبارەت بە دۆسییەکانی #سەڵاحەدین دەمیرتاش# هاوسەرۆکی پێشووی #هەدەپە#، کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لە گرتووخانەی ئێدیرنە بەند کراوە، بەڕێوەچوو، هەریەک لە پێر ستادیگ و ستێندی گییەر ئەندامانی ڕێکخراوی پارێزەرانی بێسنوور کە بە تایبەت لەبەر ئەو دانیشتنەی دادگا لە وڵاتی سویدەوە چووبوونە تورکیا، ڕێگەیان پێ نەدرا بەشداری لە دانیشتنەکەی دادگادا بکەن.
ئەو پارێزەرانی ڕێکخراوی پارێزەرانی بێسنوور بۆ ماوەیەکی زۆر چاوەڕێیان کرد بەڵام بە هۆی ئەوەی بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێ نەدرا ئامادەی دانیشتنەکەی دادگا بن ناچار بوون بڕۆنەوە، بەڵام دوای نزیکەی 4 کاتژمێر و نیو دادگا بڕیارێکی دەرکرد بۆ کردنە ژوورەوەی ئەو پارێزەرانە بۆ دانیشتنەکەی دادگا.
ئەو دوو پارێزەرە دواتر چاوپێکەوتنێکیان لەگەڵ ئاژانسی میزۆپۆتامیا ئەنجامدا و سەرنج و تێڕوانینی خۆیان لەو بارەیەوە خستەڕوو. پێر ستادیگ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پێشتر چەندین جاری دیکە بە مەبەستی بەشداری کردن لە دانیشتنی دادگا سەردانی تورکیای کردووە بەڵام پێشتر هیچ ڕووبەڕووی ڕێکاری لەو شێوەیە نەبووەتەوە، و وتی ''من لە ساڵی 1988 وە تا ئێستا چاودێری پرۆسەی دادوەری لە تورکیا دەکەم، پێشتر دەیان جار هاتووم بۆ تورکیا بەڵام هیچ ڕووبەڕوو ڕێکاری لەو شێوەیە نەبوومەتەوە، یەکەم جارە وەک پارێزەرانی بێسنوور دێم، کاتێک بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1988 هاتمە تورکیا ئەوکات تەنانەت لە دادگا سەربازییەکانیش دەکراینە ژوورەوە، هیچ کات ڕووبەڕووی کێشەی لەم شێوەیە نەبووینەتەوە''.
پێر ستادیگ لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە دۆسییەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش وتی ''من لە نزیکەوە چاودێری دانیشتنەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سەبارەت بە دۆسییەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە بەرواری 18-09-2019 م کردووە و زانیاریم سەبارەت بە دۆسییەکانی دادگاکانی ئێرەش لەسەر دەمیرتاش هەیە. لەو دۆسییەیانەدا لە بری ئەوەی دۆسییەی تاوان بن زیاتر دۆسییەیەکی سیاسیین. تەنها بۆ ئەوە ئامادەکراوە کە سیاستمەدارانی هەدەپەی پێ بخرێنە زیندانەکانەوە. دەوڵەت بە ئەنقەست ئەو دۆسییەیانە دەکاتەوە بۆ ئەوەی سیاسییەکان لە زیندانەکاندا بەند بکات''.[1]