کردنەوەی داتا سەنتەری حکوومەت لەباشوورئ کوردستان لە ساڵی 2020دا
لە وتارەکەیدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 100 رۆژی کارکردنی کابینەی نۆیەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رای گەیاند: دەستمان بە ئەلکترۆنیکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی گشتی کردووە و پەرەشی پێ دەدەین. خەریکین داتاسەنتەرێک، واتا ناوەندێکی زانیاری بۆ حکوومەت دادەمەزرێنین، کە زیاد لە 50 لە سەدی کارەکانی تەواو بووە و لە چەند مانگی داهاتوودا دەستبەکار دەبێت. ئەم ناوەندە بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی، خزمەتگوزاریی گشتی پێشکەشی هاووڵاتییان و خاوەنکاران دەکات، بۆ ئەوەی بەئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییە حکوومییەکان رابگات.
📍حکوومەت 300 بۆ 400 خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکات، ئەوان ئەو خزمەتگوزارییانە بە ئەلیکترۆنی دەکەن و پۆڵینیان دەکەن و کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و فەرمانگەکانیش دەکەن
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند: باڵەخانەی داتا سەنتەری حکوومەت لە مانگی 4ی ساڵی 2020 تەواو دەبێت، رووبەری باڵەخانەکە سێ هەزار مەترە و توانای لەخۆگرتنی گشت خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکانی حکوومەتی هەیە.
پێیشی وایە، هەموو وڵاتێک بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتگوزارییەکانی خۆی بە ئەلیکترۆنی پێشکەش بکات، دەبێ داتاکان لە شوێنێکی رێکوپێک بپارێزرێن و لەو شوێنەشەوە هۆست بکرێن.
ئەفەندی، روونی کردەوە، لەو داتا سەنتەرەدا ئەپڵیکەیشنی خزمەتگوزارییەکان ئامادە دەکرێت و سۆفت وێرەکانی لێ دروست دەکرێت، سەنتەرەکە ژێرخانی تەکنیکی و تەکنەلۆژیی حکوومەت دەبێت، گوتیشی: تاوەکوو ئەو ژێرخانەمان نەبێت، بابەتە ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆژییەکانی حکوومەت سوودیان لێ وەرناگیرێت.
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری، جەختیشی کردەوە، ئەوەی تاوەکوو ئێستا لە خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنی کراوە، بەشێکی زۆر کەم بووە.
لە بڕگەیەکی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە: “کار دەکەین بۆ نەهیشتنی رۆتین و هەروەها خێراکردنی ڕاپەڕاندنی ئیش و کاری هاووڵاتییان، هەرچی زووترە پەرە بە خزمەتگوزارییە ئەلەکترۆنییەکان دەدەین، بە ئەلەکترۆنی کردنی کاروباری حکوومەت (حکوومەتی ئەلکترۆنی)، چ لە ئاست کاروباری ناوخۆی حکوومەت و چ لە ئاست پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە ئەلەکترۆنییەکان بۆ هاووڵاتییان، لە ئەرکە لە پێشینەییەکانمان دەبێت و بەم هۆیەوە ڕێگە لە ڕۆتین و بەهەدەردانی سامانی گشتی و کاتی هاووڵاتییان و دامەزراوەکان دەگیرێت و کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان بەرز دەکرێتەوە.
هیوا ئەفەندی گوتیشی: سەرۆکی حکوومەت دیدێکی جیاوازی هەیە بۆ خزمەتگوارییە ئەلیکترۆنییەکان، بۆیە ساڵی 2020 ساڵێکی زۆر باش دەبێت بۆ خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکانی حکوومەت.
ئاشکراشی کرد، حکوومەت 300 بۆ 400 خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکات، ئەوان ئەو خزمەتگوزارییانە بە ئەلیکترۆنی دەکەن و پۆڵینیان دەکەن و کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و فەرمانگەکانیش دەکەن.
[1]