=KTML_Bold=تیپی مۆسیقای خانزاد=KTML_End= یان تیپی مۆسیقای خانزادی کچان تیپێکی مۆسیقا بوو لە باشووری کوردستان کە هەموو ئەندامان، ژەنیاران و گۆرانیبێژانی ژن بوون.
لە ساڵی 1980 لە شاری #هەولێر# هونەرمەندی مۆسیقازانی کورد وریا ئەحمەد، دەستی کرد بە مەشق کردنی مۆسیقا لەگەڵ کچە ژەنیارانی کورد و توانی لە ماوەی 3 هەتا 4 ساڵ لەم کچە لاوانە تیپێکی بچووکی مۆسیقا دامەزرینێت. تیپی مۆسیقای خانزادی کچان، لە سەردەمی خۆی تاکە تیپی مۆسیقا لە کوردستان و هەموو ئێراق بوو کە سەرجەمی ژەنیارەکان و گۆرانیبێژانی ئافرەت بوون. ئەم تیپە لە فیستیڤاڵی هونەری گۆرانی کە لە ئاستی ئێراق بەڕێوەچوو بەشدار بوو و ئامادەبووانی فیستیڤاڵەکە سەرسوڕماون و سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵەکە دەست خۆشییەکی زۆریان ئاڕاستەی ئەندامانی تیپەکە کرد.
تیپی مۆسیقای خانزاد لە ساڵی 1982 بەشداری (فیستڤاڵی دووەمی هونەری کوردی) لە هەولێر کرد. لە ساڵی 1983 کۆمەڵێک گۆرانیشی بۆ تەلەفزیۆنی #کەرکووک#ی ئەوسا تۆمار کرد و بەم هۆیە ناوبانگی دەر کردەوە. هەروەها لە بەرنامەی هەرجارەی لە پارێزگایەک بە نێوی (سهرە ئەربیلییە) لە تەلەفزیۆنی ئێراق بەشداریان کرد و چەندین گۆرانییان لەو بەرنامەیە (وەکوو: هەی مینە عەمرم مینە، هۆپ زندان و هۆپ زندان، دەک نەمینێم ئەلەززە، ئایشۆکی دەلالی دبلا وابی هەروابی، وەزتازەممە وەزتازەممە، خان ئەمیری، ...) لەگەڵ گۆرانیی پەشیمانی لە هۆنراوەی گۆران بە ئاوازی وریا ئەحمەد و وتنی کۆرس پێشکەش کرد.
=KTML_Bold=داخرانی تیپەکە:=KTML_End=
لە سەردەمی دەهەی هەشتاکانی زایینی شەڕ لەنێوان ئێران و ئێراق هەڵگیڕساو و دەوڵەتی دیکتاتۆری حیزبی بەعسی ئێراق فشاری لە سەری وریا ئەحمەد هیناو کە سروود و گۆرانی بۆ حیزبەکە و دیکتاتۆرەکە بڵێن. بەدوای ئەم فشارانە وریا ئەحمەد وازی لە تیپەکە هینا. لە دوای ئەو، چەند هونەرمەندێکی دیکە لە شوێنی ئەو چالاک بوون کە یەکێکیان شێرزاد عوزێری بوو، بەڵام هێچێکیان بەرهەمێکی ئەوتوویان نەبوو و بەدوای ماوەیەک تیپەکە داخرا و لە چالاکی کەوتەوە.
لە ئەندامانی چالاکی تیپەکە دەتوانرێت بە ڤیان فائق و ناسکە عزەدین مەحیەدین ئاماژە بکرێت. ڤیان فائق کە ژەنیاری ئەمێری گیتار و هەروەها گۆرانیبێژ بوو لە زۆربەی چالاکیانی گرۆپەکە بوونی هەبوو. ناسکە عزەدین مەحیەدین دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی موسڵ بەشی موزیک بوو کە وەکوو ژەنیاری ئامێری فلوت بەشداری چالاکییەکانی تیپۆەکەی دەکرد، لە سەرەتای چالکیەکانی تیپەکە لە ساڵی 1980 ئەندامی تیپی مۆسیقای خانزادی کچان بوو.
=KTML_Bold=ناوی تیپەکە:=KTML_End=
تیپەکە بە (خانزاد) ناو نراوە. خانزاد یەکێک لە ئافرەتە ناسراوەکانی مێژووی کورد بووە کە بۆ ماوەیەک میری ناوچەی #سۆران# بووە. هاوسەرەکەی خانزاد بە ناوی میر سلێمان بەگ لەلایەن دوژمنانی ژەهرخوارد کراوە و کوژراوەتەوە، و خانزاد لە ساڵی 1597 لە شاری بەغدا کۆچی کردووە و لە میرنشینی سۆران دەسەڵاتی میرایەتیی گرتە دەست.[1]