عوسمان محەمەدی ناسراو بە عوسمانە سوور، لەدایکبووی 1940 لە #بۆکان#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نای ژەنی ناوداری کوردە. زیاتر لە نیوسەدەیە خزمەتی هونەری فۆلکلۆری کوردەواریی دەکات و خاوەنی چەندین خەڵاتی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتە.
مامۆستا عوسمانە سوور شەوی نەورۆزی ساڵی 1319 ی کۆچی هەتاوی (1940 زایینی) لە ئاوایی هەباساوای نێوان بۆکان و میاندواو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. دواتر ماڵیان دەگوێزنەوە بۆ ئاوایی قەرەکەندی سەر ڕێی بۆکان #مەهاباد#. عوسمانە سوور بە لاوێتی بە دیتنی مامۆستا قالەمەڕە کە هامووشۆی ماڵە باوکی کردووە عاشقی شمشاڵ دەبێ. قالەمەڕە شمشاڵێکی بۆ دێنێ و دەڵێ دەبێ ببی بە شوان و لە بەر مەڕان خۆت فێر کەی. عوسمانەسوور دەڵێ هەر کە بەهار داهات لە خۆشیی شمشاڵ بوومە شوان و هەتا لە پاییزێکی سارددا شەرتم پەڕی هەر فووم بە شمشاڵ دا کرد و فێری زۆر شت بووم. ساڵی دواتریش دیسان بوومەوە شوان و ئیدی تەواوێک فێری شمشاڵ لێدان بووم. ساڵەودوا بەڕێکەوت لە قاوەخانەی قەرەکەند خوالێ خۆشبوو قالەبەلەنجەی دووزەلەژەن دەبینێ و شەیدای دووزەلە و نایە دەبێ. شمشاڵ وەلا دەنێ و دێتە بۆکان و دەچێتە میاندواو و لەوێندەرێ دووزەلە و نایەیەک دەکڕێ. ساڵێک خۆیان پێوە ماندوو دەکا و تا ڕادەیەک ڕادێ. عوسمانی مینە مۆزی تەپڵچی پێشنیازی پێ دەکا بچنە عێڕاق. وێکڕا دەچنە #سلێمانی#. عوسمانەسوور لەوێ ڕەگەڵ مامۆستا حەسەنی نەی و هاوڕێیانی دەکەوێ و شتیان لێوە فێر دەبێ. پاش هەشت مانگان دەگەڕێتەوە. عوسمانی مینە مۆز و عەبەچکۆڵی تەپڵچی نێوی عوسمانە سووری لێ دەنێن. بۆخۆی دەڵێ ئێستا ئەگەر پێم دەڵێن کاک عوسمان، یان ئاغای محەمەدی پێم ناخۆشە! عوسمانە سوور نیوسەدەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی لە موکریان دەنگی نایەی دەبیسترێ و دڵی تینووی کوردەواریی پاراو دەکات. لەگەڵ زۆر هونەرمەندی وەک حەسەن زیرەک، عەلی خەندان، برایمی قادری، خەباتی مەولوودی و... هاوکاری کردووە و دووزەلە و نایەی بۆ لێداون. لە گەلێک کۆڕ و کۆبوونەوەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا بەشداری کردووە و هەمیشە لە ڕیزی پێشەوە خەڵات کراوە. وەک بۆخۆی دەڵێ هیچ ماڵ و حاڵێکی پێکەوە نەناوە و خاوەنی هیچ سامانێک نییە، بەڵام خۆشەویستیی خەڵک و ئەو حورمەتەی لێی دەگرن بۆ ئەو بارتەقای هەموو سامانی دنیایە و دڵی پێی خۆشە. عوسمانە سوور لە تەمەنی سی و چەند ساڵەییدا دەگەڵ پوورزایەکی خۆی ژیانی هاوبەشی پێکەوە ناوە و خاوەنی چوار کوڕە.[1]