ڕۆژی سێشەممە 07-04-2020، #مەسرور بارزانی# سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەپەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا، لەگەڵ عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای #سلێمانی#، دەستخۆشی لەبەڕێوەبەرو ئەفسەرو کارمەندانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی کرد، لەبەرامبەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لەپاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له و پەیوەندییە ڤیدیۆییەدا لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ستایشی هەوڵ و ماندووبوون و شەونخونییەکانی پۆلیسی سلێمانی و هێزە ئەمنییەکانی کردو بەڵێنی دا بە هاوکاری و دابینکردنی پێداویستییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، هەروەها داواشیکرد وەک هەمیشە لەجێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا، پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن.[1]