سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە 23ی خاکەلێوە، مستەفا سەلیمی کە بۆ ماوەی 17 ساڵ بوو بەند کرابوو، لە لایەن کۆماری پەت و سێدارەوە لە زیندانی #سەقز# ئیعدام کرا.
مستەفا سەلیمی دوای ئەوەی ماوەی دوو هەفتە لەوەپێش لەگەڵ کۆمەڵێک بەندکراوی دیکە لە زیندانی سەقز ڕادەکەن، پەنا دێنێ بۆ باشوری کوردستان، بەڵام بەپێی لێدوانی فاتمە کەریمی بەڕێوەبەری تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان مستەفا سەلیمی پاش هاتنی بۆ خاکی باشوری کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەسنوری #پێنجوێن# ڕادەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرێتەوە.
سەرەڕای ئەوە کە ئەو کەسە چ تاوانێکی هەبووبێ، کاتێک پەنای هێناوە حەقوابوو وەک پەنابەرێکی کورد ڕەفتاری لەگەڵ کرابایە و یاساکانی مافی مروڤ و پەنابەری بۆی لەبەر چاو گیرابا. بۆیە ڕایدەگەیەنین کە:
1. لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی تاوانەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ڕژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی کە دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی لەوانە دەزگای قەزاییەکەی هیچ شەرعییەتێکیان نەماوە و ئەم تاوانەش بە هەموو پێوانەیەک مەحکومە و دەبێ لێی لە قاو بدرێ.
2. ڕادەست کردنەوەی ناوبراو لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت، کارێکی ناڕەوایە کە نەریتی تا ئێستای هەرێم بەرانبەر پەنابەران، بە تایبەتی کوردانی پەنابەر، پێشێل دەکات و دەبێتە ڕچەشکێنییەک بۆ نەریتێکی نەشیاو. ئەو کارە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێوەندی و هاوپشتی خەڵکی ڕۆژهەڵات و باشور دادەنێ.
ئێمە ئەو کردەوەیە مەحکوم دەکەین و داواکاریان ئۆرگانە پێوەندیدارەکانی هەرێم لەو بارەوە لێکۆڵینەوە بکەن و ڕوونکردنەوە بۆ ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان بدەن و ئەو کردەوە ناڕەوایە بێ وڵام نەهێڵنەوە. پێویستە هەموو دەسەڵات و حیزبەکانی کوردستان لەو هەلومەرجە هەستیارەدا نەهێڵن ڕیزەکانی گەلی کورد لە هەموو بەشەکان نیگەرانی و کەلێنی تێبکەوێ.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
23ی خاکەلێوەی 1399 – 11-04-202