گەشتەکانی ڕابردووم، مەبەستم گەڕانەوەیە لە ئەورووپاوە بۆ کوردستان، پڕ بوون لە جوانی و شەوق و کەیف و بیرەوەری، زۆر جار لەپای ئەو گەشتانە ڕەخنەم لێ دەگیرا و دەیانگوت: ”بۆچی هێندە دەگەڕێیتەوە بۆ کوردستان؟ ئه و پارەیەی لەوێ خەرجی دەکەیت بۆ لە گەشتکردن بۆ وڵاتێکی تری جیهانی خەرجی ناکەی؟“ هەمیشە وەڵامی منیش بۆ ئەوان ئەوە بووه کە نیشتمانی من، کوردستانی من لە هیچ شوێنێکی جیهان ناچێ، خۆشی و ژیانی کۆمەڵایەتی و گەرموگوڕییەکەی کوردستان، خۆشتر و تایبەتترە.
لێ گەشتی ئەمجارەم بۆ کوردستان، جیاواز لە جارەکانی دی پڕ بوون لە خەم و چاوەڕوانی و بێتاقەتی و بێ ئۆقرەیی، دوا ڕۆژەکانی زستان، بەهارێکی پەشموردە و خەمناکی بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت گۆڵە نێرگزەکانی ئەوین و جوانی، لەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کەسمان نەمانویرا بەدڵی خۆمان بۆنیان هەڵمژین.
بۆ هەر لایەک دەڕۆی، باس باسی کۆرۆنایه و بووەتە ئەهریمەنێکی بێ ڕەحم و سەر بە هەموو کون و قۆژبنێکی دونیادا دەکات و خۆی دەکات بە میوانێکی تاڵ و ژیان ژەهراوی دەکات. کۆرۆنا نە هەژار دەناسێ و نە زەنگین، نە دەسەڵاتدار دەناسێ و نە هاووڵاتیی ئاسایی، نە ڕۆشنبیر دەناسێ و نە عەوام، ئەو زۆر بە ئەسپایی و بێ دەنگ و ڕەنگ، خۆی دەکات بە کۆشکی سەرۆکایەتی و شاهەنشاییدا، هەر بە هەمان شێوەش خۆی دەکات بە کۆڵانە هەژارنشینەکانیشدا.
بۆیە بەڕاستی کۆرۆنا وای کرد، گەڕانەوەی ئەمجارەم بۆ کوردستان زۆر جیاواز بێت، هەموو کات پێش ڕۆیشتنم بۆ فڕۆکەخانه، بۆنی هەناسەی نیشتمانم دەکرد، کە لە فڕۆکەخانەی نیشتمان دادەبەزیم، سیحر و شنەبای وڵاتەکەم هەزار و یەک ئەندێشەی جوانی دەکردە واقیع و لە ناخەوە بزەی دەخستە سەر لێوم، کارمەند و پاسەوانەکانی فڕۆکەخانه، بە خەندە و ڕوویەکی خۆشەوە پێشوازییان لە موسافیران دەکرد، تا ئه و کاتەی دەگەیشتم بە دیداری خۆشەویستان و بە باوەشی گەرم پێشوازییان لێ دەکردم.
کە دەهاتمە ناوەندی شاریش، #هەولێر#ی پایتەخت پڕ بوو لە ژیان، جامی سەیارەکەم دەکردەوە تا بۆوبەرام و هەوای نیشتمان مەستم کات، ئای لە شەوانی هەلێر چەند پڕجووڵە و زیندوو بوو، قاوەخانە و چێشتخانەکان تا درەنگانی شەو جمەی دەهات، هەر ئۆتۆمبێلێکم دەبینی پڕ بوو له سەرنشین و خێزان، یان دوو عاشق لەگەڵ یەکدی پێدەکەنین و تریقەی شادییان نیشتمانی جوانتر کردبوو، منداڵانیش لەناو پارک و مۆڵەکان خۆشحاڵ دەبینران، ئەوانیش پڕ بوون لە وزە، شیرینی فرۆشەکان لە داهێنانی خۆشتامدا کێبەرکێی یەکتریان دەکرد، شەقامی ئیسکان 24 سەعاتدا جمەی دەهات، هەرچی چایخانە میللییەکانیشی هەیه، مۆڵگەی پیاوە سەر و جامەدانە بەسەرەکان و ئه و کەسانە بوو کە کەیفیان بە یەکتر دەهات، بینینی دۆستەکانیان بە دامە و تاوڵه و دۆمینە و نۆ ڕسکێن و چای خەڵوزەوە ساتەکانیان خۆش دەکرد.
شەوانەش دەوروبەری قەڵا و چایخانەی مەچکۆ، دیمەنێکی ئاوەدانی تایبەتی هەبوو، بە قەڕەباڵغیە ناوازەکەی بە ئاپۆرای دەستگێڕ و عەرەبانەی پاقله و شێلمی کۆڵاو و گەنمەشامی، جگەری سوورەوەکراو، گۆشتی برژاو و کەباب و گورچیلک، خۆت پێ ڕانەدەگیرا، هەر دەبوو شتێک بخۆیت.
کە دەهاتمە ماڵەوەش، هەموو پرسیاری ئەوەیان دەکرد: چ هەواڵێکی نوێ هەیه؟ ئەوەی بمزانیایە پێیانم دەگوت، هەواڵەکانی تریش له کەناڵە ئاسمانی و لۆکاڵییەکان و سایت و ڕۆژنامەکان دەمانبیست و دەمانخوێندەوه، گەلێ خۆش بوو، هەواڵەکان زەنگی ئەوەیان به گوێماندا دەدا که ئیدی ئەم حکوومەتە نوێیەی هەرێمی کوردستان، کاری جدی دەکات تا ئاسەوارەکانی شەڕی #داعش# و 16 ئۆکتوبەر بەسەر خەڵکی کوردستانەوە کاڵتر بکاتەوە، ڕووبەڕووی گەندە ڵی دەبێتەوە، پرۆژەی چاکسازی دەست پێ کرد، تا گوزەرانی هاووڵاتیان و خزمەتگوزارییەکان باشتر بن، هەموو ئەمانە ئه و ئاهە گەرمانە بوون کە لە ناخماندا دەهاتن و دەچوون، بە حەسرەتەوە چاوەڕێی ڕۆژە خۆشەکانی ئه و گۆرانکارییانە بووین، هەرچەند بێ ئومێد نین لەو هەنگاوانە، بەڵام مەخابن کە لەپڕێکدا کۆرۆنا بووە مۆتەکەیەک بۆ کوردستان و هەموو مرۆڤایەتیش، لە کوردستان پرۆسەی خۆێندنی ڕاگرت، هەموو خەڵکی لە کونجی ماڵدا گیر کرد، دوکان و بازاڕ و مۆڵ و کۆمپانیا و کرێکار و عەرەبانە و دەستگێڕەکانیشی لە کار خست، بە جۆرێک خامۆشیی بەسەر ئەم نیشتمانەدا هێنا بە هاری سەوزی لێ زەرد کردین، کۆرۆنا هەر بەوە نەوەستا هەرچی هاموشۆ و پەیوەندی و دۆستایەتیی پته و هەیە، لێکی ترازاند، لەگەڵ ئازیزترین کەس ناوێری تەنانەت تەوقەیەک بکەیت، دەبێ لەڕێی هێڵی تەلەفۆنەوە یان له دوورەوە هەست و ڕێز و خۆشەویستیی خۆت بۆ بەرامبەرکانت دەربڕیت.
کۆرۆنا کارێکی کرد کە نەوە لە دوای نەوە لەبیری نەکات، وای کرد کە ئەگەر تووشی ڤایرۆسەکەش نەبین، ئەوا جەستە و دەروونمان و باری سایکۆلۆژیمانی شێواند، بووینە نێچیری دەستی هەواڵە ترسناک و تۆقێنەرەکانی کۆرۆنا. ڕۆژانە مانشێتی هەواڵەکان نیگەرانمان دەکات، دەبینین مرۆڤ چەند گچکە بووەتەوە لە ئاست ئەم کۆرۆنایەدا، هەست بەوە دەکەین زۆر بەسانایی دەرباز نابین گەر گوێرایەڵ و ڕەچاوی توندی ڕێنماییە تەندروستییەکان نەکەین، گەر ڕێنماییە تەندروستییەکان لە ژیانی خۆماندا جێبەجێ نەکەین، حاڵی ئێمەش لە ئیسپانیای کیشوەری ئەورووپا باشتر نابێت، کە ئه و هەموو مرۆڤانە لە ساڵۆنی نەخۆشخانەکان لەتاو کۆرونا کەوتوون و پزیشکان فریای هەموو نەخۆشەکان ناکەون، گەر بێ بایەخ سەیری ڕێنماییەکانی تەندروستی بکەین، حاڵمان لە حاڵی ئیتاڵیا باشتر نابێت کە پاشماوەی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمایە و ئێستا گیرۆدەی پەتاکە بووە و ژمارەی تووشبووانی نزیکە لە 90 هەزار تووشبوو و زۆرترین ڕێژەی مردووانی کۆرۆنای تێدا تۆمار کراوە، هیچ گرفت نابێت گەر ئەم بەهارە به خامۆشی و ساردوسڕی تێپەڕێن، دەتوانین به پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان، بەهارێکی جوان لە هاویندا بەسەر بەرین.
لە ماڵەوە دەمێنینەوە و پابەندین.. تا خۆمان و ئازیزانمان وڵاتەکەشمان لە بەڵای کۆرۆنا بپارێزین.
نووسینی هەرمن ئەحمەد