=KTML_Bold=غوڵام ڕەزاخان ئەرکەوازی=KTML_End= (1840 - 1775)، شاعیر و خواناسی بەناوبانگی کوردی #ئیلام#ە. ئەو بە هۆی هۆنینەوەی موناجاتنامە و هەڵبەستەکانی لە ناو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە.
غوڵام ڕەزا ئەرکەوازی کوڕی حەسەن بەگ کوڕی میرزا بەگ کوڕی مەیسم کوڕی ئەحمەد قولییە، لە ناو خەڵکی بە غوڵامڕەزاخان ئەرکەوازی و غوڵامڕەزا ئەرکەوازی ئیلامی ناسراوە، لە هەندێک شیعریدا نازناوی (غوڵام)ی بەکارهێناوە. ئەو ساڵی 1775 لە گوندی بان وێزە کە بەشێکە لە ناوچەی سەرچەفتەی سەر بە شارۆچکەی ئیلام لەدایک بووە. شوێنی لەدایکبوونی شاعیر نزیکی سنووری عێراقی ئێستایە، دەشتێکە شاخەکانی باوەیاڵ و سەروێشە و هانی سەونز و بەلەوان دەوریان داوە. ئەرکەوازی لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار و دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووی کورد پەروەردە بووە، حەسەن بەگ باوکی مەلا و خاوەن دەست و قەڵەم بووە. غوڵامڕەزا لە قۆناغی ناوەندی ژیانی خوێندەواری گەشتی نەجەف و کەربەلای بووە، بەڵام قوتابییەکی ڕەسیمی دەزگا زانستییەکانی نەجەف و کەربەلا نەبووە. شاعیر کچێکی خزمی خۆی هێناوە کە لەوانەیە ئامۆزای بووبێ. دوو کوڕی لەو ژنە بووە، یەکێکیان ناوی محەمەدڕەزا بووە و دووهەمیان ئەحمەدخان. ئەمەیان لە هەڕەتی لاویەتی سەری ناوەتەوە و شاعیر ماتەمنامەی بۆ مەرگی ئەم کوڕەی هۆنیوەتەوە. ئەرکەوازی ماوەیەک خەریکی کاروباری سەرۆکایەتی خێڵی خۆی بووە، ساڵی 1804 لە والیی ئیلام حەسەن کوڕی ئەسەدخان نزیک بووە، لە دواییدا برادەرێتی بە دوژمنایەتی گەیشتۆتە ئەنجام. والی و ئەرکەوازی دەبن بە دوژمن، والی لە شاعیر بەهێزتر دەبێ بۆیە دەیخاتە بەندیخانەوە، ئەو ئازارانەی شاعیر چەشتوویەتی لە موناجاتە شیعرییەکانی ڕەنگیان داوەتەوە. ئەوەی والی لەگەڵ شاعیر کردوویەتی نموونەی دڕەندەیی فەرمانڕەوا ئۆتۆکراتییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی دەرەبەگایەتییە.
وادەردەکەوێ دوا قۆناغی ژیانی ئەرکەوازی دوور لە مەڵبەندی خۆی لە وڵاتی ئاوارەیی بووبێ و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردبێ. سەرچاوە وا دەگەیەنێ هاوڕێیانی تەرمی مردوویان گواستبێتەوە عێراقی ئەو سەردەمە کە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بوو و لە شاری نەجەف ناشتبێتیان و گۆڕی نادیارە وەکو هەموو ئەوانەی لە نەجەف و کەربەلا دەنێژرێن. ساڵی مردنی ئەرکەوازی بە ڕوونی نازاندرێ، ئەگەر شەست تا حەفتا ساڵ ژیابێ دەبێ لە نێوان ساڵانی(1844-1834)دا کۆچی دوایی کردبێ، دکتور مارف خەزنەدار لە کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی، ساڵی (1840)ی بۆ کۆچی دوایی شاعیر بە ڕاست زانیوە.
=KTML_Bold=شیعری ئەرکەوازی:=KTML_End=
شاعیری کوردی گۆرانزەمین سەید ساڵحی نیعمەتوڵڵاهی ماهیدەشتی(1907-1834) لە بابەت ئەرکەوازییەوە دەڵێ:
غوڵام ڕەزا نیتەو شۆر موناجات چوو مووسا لە توور قازییەلحاجات
شیعری ئەرکەوازی بەشێکە لەو شیعرەی تایبەتمەندی و ئەدگاری تایبەتی خۆی هەیە، ڕەنگدانەوەی شێوازی ئەدەبی گۆرانییە کە زمانی ئەدەبی کوردیی لە ڕابردوو بووە. شیعری غوڵامرەزا ئەرکەوازی ئیلامی دەچێتە خانەی شیعری شاعیرانی وەک خانای قوبادی و میرزا شەفیعی کولیایی ئەردەڵانی.
شیعری ئەرکەوازی لە ڕووی کێش و قافیەوە ساکار و سادەیە؛ وەکو شیعری هەموو شاعیرانی شێوازی گۆرانی لە کوردستاندایە. کێشی خۆماڵی دە بڕگەیییە، بە زۆری وەستانێک لە ناوەڕاستدا هەیە (- - ب --/ ب ب ب - -)، لە ڕووی قافیەوە جووت قافیەیە(مە#سنە#وی=موزدەویج) (اا، ب ب، ج ج..) هەندێک جار شاعیر یاری بە قافیە دەکا.
=KTML_Bold=ناوەڕۆکی شیعری ئەرکەوازی:=KTML_End=
شیعری ئەرکەوازی لە ڕووی ناوەڕۆکەوە بەسەر ئەم مەبەستانەدا دابەش دەکرێ:
=KTML_Bold=موناجات:=KTML_End=
ئەم بابەتە شیعرییە لە لای ئەرکەوازی لە بەرهەمی ئەدەبیدا لە هەموو بابەتەکانی تر زۆرترە، دەتوانرێ بە شاعیری موناجات لە ئەدەبی کوردیدا ناو ببرێ و گەورەترین موناجاتنامەی ئەدەبی لە زمانی کوردیدا هی ئەوە. لەم بابەتە شیعرە 24 لیریکی هەیە، هەمووی دەکاتە 610 دێڕە شیعر. سەرچاوەی بنچینەیی ئەم جۆرە شیعرەی قورئان و حەدیس و قسەی ئیمام عەلی و ڕووداوی مێژوو و چیرۆکی ئەفسانەیی و زانیاری لە بابەت ئیسلامەوەیە.
=KTML_Bold=ماتەمنامە:=KTML_End=
ئەرکەوازی دوو شیعری ماتەمنامەی هەیە بۆ ئەحمەدخانی کوڕی گوتووە کە کۆچی دواییەکەی کارێکی زۆری تێ کردووە. شیعرەکانی بە ناوی (باوەیاڵ)ەوەن. باوەیاڵ ناوی شاخێکی نزیک مەڵبەندی لەدایکبوونی شاعیرە، ئەرکەوازی لە موناجاتە پرسەنامەکەیدا ڕوو دەکاتە باوەیاڵ و گوتوبێژی لەگەڵدا دەکات.
ئاوارەیی و دوور وڵاتی (غوربەت)
(غوربەت) ناوی لیریکێکی شاعیرە، وێنەی ڕاستەقینە و نموونەی ڕەنگدانەوی ڕۆژانی مەینەتی ئاوارەیی و بەندیخانەیە.
=KTML_Bold=غەزەل:=KTML_End=
دیوانی ئەرکەوازی دوو پارچە غەزەل دەور دەکاتەوە بە ناوی (زلێخام شوران) و (زلێخام ژ چین). ئەم دوو بەرهەمە لە غەزەلی ئاسایی ئەم جۆرە شیعرەی ئەدەبی کوردی ناچنە دەرەوە، بەڵام ئەوە هەیە گومانیان لێ دەکرێ کە شیعری شاعیر بن، چونکە مەبەستەکانی دیکەی ئەرکەوازی لە غەزەل و دڵداری و ماچومووچ دوورن، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی ئەم دوو غەزەلە لەوە دەکا لە بەرهەمی ئەم شاعیرە بژمێرین.
ئەرکەوازی لە ناو خەڵکدا شاعیرێکی ناسراو و خۆشەویست بووە، شیعرەکانی لەسەر زاری خەڵک بوون، نەک تەنیا خوێندەواران بەڵکو نەخوێندەوارانیش لەبەریان کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی هۆگری ئایین بوون. لەبەر ئەوە دەستنووسی دیوانی زۆرە، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی بەرهەمی شیعری لەسەر بنج و بناوانی ئەو دەستنووسانە ساغ بکرێتەوە.
=KTML_Bold=نموونەیەک لە شیعری ئەرکەوازی:=KTML_End=
وە باوەیاڵ دیم
ئەو ڕوو وا وەیلا وە باوەیاڵ دیم هاواس پەرێشان حاڵش حاڵحاڵ دیم
سەر تا بەرگەش سیا زخاڵ دیم سەر قولەی کاوان وە سیا تەم دیم
درەختان ژ غەم چو چوگان چەم دیم داران درەختان کەڵاغی پووش دیم
کەپوو کەم دەماغ بڵبڵ خامووش دیم