ماڵپەڕی: کوردستان و کورد
پوختەی ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی 17ی #حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران#
(ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پێشکەشکرا)
هاوڕێیانی خۆشەویست!
بەشدارانی بەڕێزی حەڤدەهەمین کۆنگرەی حیزبەکەمان!
لە لایەن کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پڕبە دڵ بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ کۆنگرەی (17ی حیزبە تێکۆشەرەکەمان)
بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییتان لێ دەکەم. هیوادارم بە هاوکاری و یارمەتیی ئێوەی بەڕێز و بە توانا فیکرییەکانی هەموو لایەکمان،
کۆنگرەیەکی پڕدەسکەوت و سەرکەوتوومان هەبێ، کۆنگرەیەک کە وێڕای هەڵسەنگاندنی سیاسەت و تێکۆشانی حیزب لەماوەی نێوان
کۆنگرەی 16 و 17، بتوانێ بەرچاوڕوونی و ڕێنوێنی بداتە ڕێبەرایەتیی داهاتووی حیزبەکەمان و هەموو ڕێڕەوانی ڕێگەی
دێموکرات.
هەموومان دەزانین کە بەستنی کۆنگرە لە ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەر حیزبێکی سیاسیدا گرینگە و، کۆنگرە گرینگترین ئۆرگانی
حیزبەو بە هەنگاوێکی تەشکیلاتیی چارەنووسساز دادەنرێ. دیارە هەلومەرجێکیش کە کۆنگرەی حیزبێکی تێدا دەبەسترێ، دەتوانێ
کاریگەریی لە سەر بایەخ و هەستیاریی ئەو ڕێکخراوە سیاسییە هەبێ. بە داخەوە سروشتی مەسەلەی کورد و چارەنووسی نەتەوەکەمان
تا ئێستاش بە شێوەیەک بووە کەخەباتکارانی ئەو گەلە لەهەموو بەشەکان، بەتایبهتی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەی کات
بەرنامەی سیاسی و حیزبیی خۆیان لە هەلومەرجی هەستیار و نائاساییدا داڕشتوه و جێبەجێ کردوه. دیارە ئەوە ئەگەر بۆ هەموو
کۆنگرەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیش دروست نەبێ، بۆ کۆنگرەی حەڤدەەهەمی حیزبەکەمان واقعییەتێکی حاشاهەڵنەگرە؛ لەبەر
ئەوەی:
یەکەم: هەر وەک لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بۆ کۆنگرەی 16دا ئیشارەی پێ کرابوو، سەرەڕای خەبات و فیداکاریی
بێدرێغ و بەردەوامی تێکۆشەرانی گەلی کورد بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی ئەو گەلە، ئەو فاکتەر و ئاستەنگانە کە بوونەتە کۆسپی
سەر ڕێگای چارەسەر، یان لانیکەم بردنەپێشی مەسەلەی کورد لە ئێران بە ڕێگەی سیاسیدا، بەداخەوە ئاڵوگۆڕێکی ئەوتوێی بەسەردا
نەهاتووە، و سەرەڕای زۆر ئاڵوگۆڕی سیاسی کە لە دنیا و ناوچەی ئێمەدا و تەنانەت لەگەڵ پرسی کورد ڕوویان داوە، خەباتی کورد لە
ئێران بۆ مافەکانی هەروا ڕێگەیەکی سەخت و دژوار دەپێوێ.
دووەم: دۆخێکی تایبرت کر چرند دەیەیە بە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵەو بۆتە هۆی بەرتەسکبوونەوەی تێکۆشانی هێزە
سیاسییەکانی و، مانەوەی ڕێبەرایەتییەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروا بەردەوامە و بەداخەوە بە هۆی
ئەو بارودۆخە نەخوازراوە، کۆنگرەی 17ی حیزبەکەمان بەبێ بەشداریی نوێنەرانی تەشکیلاتی نێوخۆی وڵات دەگیرێ. حاشا لەو
ڕاستییەش ناکرێ کە درێژەکێشانی ئەو دۆخە نەخوازراوە، بە شێوەیەکی گشتی شوێنەواری نێگەتیڤی لەسەر ڕێژە بەشداریی
چالاکانەی خەڵک لە ژیانی ڕێکخراوەییدا داناوە.
سێیەم: یەکێک لە باسەکانی پلینۆمی نۆهەمی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی
کۆنگرەی 16ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، باس لە بەستنی کۆنگرەی حەڤدەیهمی حیزب و هەڵبژاردنی کومیتەی ئامادەکردنی
کۆنگرە بوو کە لە ڕۆژی 17ی خەرمانانی 1397ی هەتاویدا (بەرامبەر بە 8ی سێپتامبری 2018ی زایینی) کاتژمێر 45:10ی
پێشنیوەڕۆ، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی کەوتەبەر هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەداخەوە 14 کەس لە
کادر و پێشمەرگەکانی حیزب شەهید بوون کە 6 کەسیان ئەندامی ڕێبەریی حیزبەکەمان بوون. هەروەها لەو مووشەکبارانەدا پتر لە
40 کەسیش لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب و بنەماڵەکان بریندار بوون. بەهۆی ئەو ڕووداوە تاڵ و
خوێناوییەوە، پێشنیار دەکەین کە کۆنگرەی حەڤدەهەمی حیزبەکەمان بە(کۆنگرەی شەهیدانی 17ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات)
ناودێر بکرێ. هیوادارین ئەم ناوە زیاتر هانمان بدا، تا بە هێز و وزەیەکی زیاترەوە درێژەدەری ڕێگای خەباتی شەهیدانی 17ی
خەرمانان و هەموو شەهیدانی سوورخەباتی حیزب و گەلەکەمان بین و بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی خوێناوی و پڕ لە کارەسات و
قوربانیدانی حیزبەکەمان و سەرباری هەموو کەند و کۆسپەکان، شانازی بکەین کە ئەمڕۆ ئێمە میراتگر و هەڵگری پەیامی شەهیدان و
جێگای هیوای ئۆگرانی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و ڕێبواری ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانین. ئەوه کە
ناوی پیرۆزی شەهیدان لەسەر ئەم کۆنگرەیەیە، دەبێ زیاتر هانمان بدا بۆ ئەوەی بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ئەو فاکتەرانەی لە
سەرەوە ئاماژەیان پێ کراوە، ئازایانە و بە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانەوە کار و چالاکییەکانی خۆمان و چۆنیەتیی خەباتەکەمان هەڵسەنگێنین
و بە لێکدانەوەی ورد و بەرپرسیارەتییەوە خۆمان لە جاران زیاتر ئەرکدار بکەین. هیوادارم ب ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پێشنیار و
دۆزینەوەی ڕێکاری گونجاو و دروست، کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و پڕ دەسکەوتمان هەبێت، تا لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەکانی کۆنگرەدا
خۆمان بۆ قۆستنەوە و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان باشتر ئامادە بکەن. خۆ ئامادەکردنێک کەبتوانێ کاریگەریی بەرچاوی لەسەر
خەباتی فرەڕەهەندی حیزب و گەلەکەمان هەبێ و بتوانین کەرەستەی پێویست و ڕێکخراوی تۆکمەی بۆ ئامادە بکەین. ئەرکی ئەندامانی
بەشداری کۆنگرەیە کە بە لێکدانەوەی سیاسی لە پێوەندی لەگەڵ هەلومەرجی ئێران، ناوچە و جیهاندا و بە پێشنیاری بەرنامە و پلان؛
گوڕوتینێکی زیاتر بدەینە ڕەوتی تێکۆشانی حیزب و جوڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لر داهاتوودا. هەر لەو کاتەدا بە
لێکدانوەیەکی ورد و هەمەلایەنە تێ بکۆشین حیزبەکەمان بە جۆرێک تەیار و ئامادە بکەین کە وڵامدەری پێویستییەکانی خەبات و
ئەرک و بەرپرسیارەتییەکان بۆ ئێستا و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ و بر هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی هەمەلایەنەی ڕووداو و
فاکتەرەکان بتوانین ڕاپۆرتەکە دەوڵەمەندتر و حیزبەکەمان بەهێزتر بکەین. پلان و بەرنامەکانمان بۆ ماوەی نێوان دوو کۆنگرەیە و
پێویستە ئەرکە گرینگەکان بۆ کورتماوە و درێژماوە دیاری بکەین، سەرنج بدەینە خاڵە بەهێز و لاوازەکانمان بۆ ئەوەی لە
بەرنامەڕێژیی کار و تێکۆشانی داهاتووماندا و، لە بازنەی بەربڵاوتری خەباتی فرەڕەهەنددا، خەباتی حیزب و جووڵانەوەکەمان ببەبەین
پێشێ.
نێونەتەوەیی:
لەدەسپێکی سەدەی 21 و هەرەسهێنانی یەکیەتیی سۆڤیەت و تەواو بوونی جەمسەربەندیی خۆرهەڵات و خۆرئاودا بە ڕواڵەت وا
چاوەڕوان دەکرا ململانێی بلووکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا تا ڕادەیەک لە کزی بدا و ڕکەبەریی ئابووری جێگای بگرێتەوه، بەجۆرێک
دنیایەکی دیکە وێنا دەکرا. بەڵام ئێستا پاش نیزیک بە 20 ساڵ لە سەدەی 21 دەبینین جەمسەربەندییەکان بە شێوەی دیکە و بەڵام بە هەمان نەفس و تێڕوانینی ڕابردوو شکڵیان گرتۆتەوه و شەڕی بەرژەوەندییەکان، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بەرەوڕووی زۆر ئاسۆ وسێناریۆی ناڕوون کردۆتەوه.
[1]