زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای #لوڕستان# بەبڕیاری پارێزگار ئامارەکانی پەیوەندیدار بە کۆرۆنای بڵاوکردەوە و بەپێی دوایین ئامار، لەم پارێزگایەدا 127 کەس بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 936 تووشبووی کۆرۆناش تۆمار کراون.
بەپێی دوایین ئامارەکانی زانکۆکانی زانستە پزیشکییەکانی پێنج پارێزگاکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 552 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 8 هەزار و 297 تووشبووی کۆرۆناش تۆمار کراوە.
محەممەدرەزا نیکبەخت، سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکی لوڕستان دەڵێ: ڕۆژی یەکشەممە 46 تووشبووی نوێ بە کۆرۆنا تۆمار کراوە و دوو کەسیش گیانیان لە دەستداوە. هەروەها هەزار و 784 تووشبووی کۆرۆناش چاکبوونەتەوە.
دواینجار 22 مانگی 4ی 2020 ئامارەکانی کۆرۆنا لە پارێزگای لوڕستان بڵاوکرایەوە کە ئەو کات هەزار و 400 تووشبوو و 113 گیانلەدەستدان هەبوو.
پێشتر زانکۆی زانستی پزیشکی لوڕستان ڕایگەیاندبوو بەپێی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران ئامارەکانی پەیوەندیدار بە کۆرۆنا بڵاو ناکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە موسا خادمی، پارێزگاری لوڕستان بڕیاری بۆ زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگا دەرکرد کە بۆ ئاگاداربوونی خەڵک لە بارودۆخی کۆرۆنا دەبێت ئامارەکان بڵاوبکەنەوە.
محەممەد ڕەزا نیکبەخت هەفتەیەک لەمەوبەر داوای لە قایمقامی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا کرد دیبەیتی لەگەڵ بکات بۆی ئەوەی نیشانی بدات کە لە لوڕستان باشتر توانیویانە کۆرۆنا کۆنترۆڵ بکەن و تووشبووان دەستنیشان بکەن.[1]
#04-05-2020#