📊 بابەت 376,052 | وێنە 59,749 | پەڕتووک PDF 11,163 | فایلی پەیوەندیدار 44,671 | 📼 ڤیدیۆ 168 | 🗄 سەرچاوەکان 15,122
لەم کاتەدا 4 میوان لەسەر ماڵپەڕی کوردیپێدیا ئامادەیە!
🏠|📧|دەربارە!|پەڕتووکخانە|📅
🏠 دەستپێک|📧 پەیوەندی|💡 دەربارە!||
|
📅 ئەمڕۆ 11-08 لە مێژوودا
📅کڕۆنۆلۆژیای رووداوەکان
📅 رۆژەکان
📆11-08-2020
📆10-08-2020
📆09-08-2020
📆08-08-2020
📆07-08-2020
📆06-08-2020
📆05-08-2020
📂 زۆرتر ...
📅11 August
📝 بەڵگەنامەکان
📊 ئامار و راپرسی
✌️ شەهیدان
💚 ئەنفالکراوان
☪ قوربانیی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی - داعش
😞 قوربانیی شەڕی ناوخۆ
👩 قوربانیی توندوتیژی
📅 رۆژی لەدایکبوون
📅 رۆژی کۆچی دوایی
✌️ دەلال هونەر
تەمەنی 6 ساڵان بووە، ڕیکەوتی 09-08-2018 لەگەڵ دایکی و دوو خوشکی لە دەریای ئیجەدا خنکاون.
👫 سابیر محەمەد ئەحمەد - سابیر کوردستانی
لە ساڵی 1955 لە شاری کەرکوک لەدایکبووە، ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی سێ کچ و کورِێکە. لە ساڵی 1970 بۆ جاری یەکەم لە قوتابخانەی ئیمام قاسم لە شاری کەرکوک لە یادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان گۆرانی گووتووە، هەر لەو کاتەوەش توانی خۆی وەکو گۆرانیبێژێک بناسێنێت، لە ساڵی 1971 یەکەم گۆرانی لە کەناڵی تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمارکرد، لە ساڵی 1972 گۆرانییەکی لە ئێزگەی دەنگی کوردی لە بەغدا تۆمار کرد..[1]
بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە لە 10-08-2020 گیانی لە دەست دا.
👫 ئارام تیگران
هونەرمەند و گۆرانیبێژێکی کوردزمانی ئەرمەنییە. لە ساڵی 1934 لە شاری قامیشلۆ لەدایکبووە. لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا بۆ ئەرمەنستان کۆچیان کردووە و لە 18 ساڵیدا کاتێک سەرەتایی تەواو کردووە٬ بووەتە کارمەند لە رادیۆی ئەرمەنستان. لە 8ەمین میهرەجانی چاند و هونەری ئامەددا بەشدار بووە و گۆرانییەکی بۆ ئامەد داناوە. خاوەنی 12 سی دی - یە و بە هەر سێ زمانی ئەرمەنی و کوردی و عەرەبی گۆرانیی وتووە.
هونەرمەند لە 08-08-2009 بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.
👫 ئازاد شەوقی
ژیاننامە
ئازاد شەوقی لەساڵی 1929 لە شاری هەولێر چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوه، لە بنەماڵەیەکی ناسراو و دیاری شاری سلێمانییە، خوێندنی سەرەتایی لە شاری دیوانییەی باشووری ئێراق تەواوکردووە و قۆناغی ناوەندی و دواناوەندیی لەشاری کەرکوک و پەیمانگای هونەرەجوانەکانی لە شاری بەغدا تەواو کردووه، پاشان بۆماوەی 13 ساڵ سەرپەشتیاری پەروەردەیی بووە لە شاری سلێمانی.
سەرەتای کاری هونەریی لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی بەغداوە دەستیپێکردووه، لەژیانی هونەرییدا دەیان پێشانگای نایابی کردۆتەوه، کەسەرجەمی تابلۆکانی گوزراشت ل
📖 کۆرۆنانامەی ژنێک: بەشی چوارەم | 🏷️ پۆل: کورتەباس | زمانی بابەت: 🏳️ کوردیی ناوەڕاست | 👁️‍🗨️
✍️

کۆرۆنانامەی ژنێک: بەشی چوارەم


ماوەی دوو هەفتەیە کۆرۆنانامەکەم نەنووسیوە. لەم ماوەیەدا زۆر شتم لای خۆم تۆمار کرد، یادەوەرییەکان، رووداوەکانی رۆژانە، کارەکانم، وەسفی دیمەنەکان، ئەو هەستەی دیمەن و رووداوەکان دەیورووژێنن. دوێنێ کۆتایی کۆرسەکانم بوو لە زانکۆ، دوا کۆرسم لە رێگای ئینتەرنێتەوە پێشکەش کرد و ئەمڕۆ هەست بە بارسووکی دەکەم، دەتوانم بپەڕژێمە سەر نووسین بە کوردی و شتە تایبەتەکانی خۆم.
ئەمڕۆ 25-04-2020، دەرەوە ئارامە، بارانێکی نەرم دەبارێت، درەختەکانی باخچە بچکۆلەکەمان دوای زستانێکی وشک ئێستا بە تەواوی چرۆیان کردووە. گژوگیا باڵایان کردووە و لاسکی سەرەوەیان لە ژێر بارستایی دڵۆپە باران کەمێ لار بۆتەوە. کزە بایەکی هێمن سروشتی تەڕی خستۆتە لەنجەیەکی هاوسەنگ و شەنگەوە. لە ژوورەوە من بە دیار کۆمپیوتەرەکەمەوە دانیشتووم، بەدەم گوێگرتن لە گیمنۆپێدیی ئێریک ساتی، خەریکی نووسینی بەشی چوارەمی کۆرۆنانامەکەمم. میوزیک و باران و لەنجەی چڵە درەخت و لاسکە گیاکان لەبەر شنەی بایەکی نەرم هەستێکی میلانکۆلییانە دەبەخشن کە دەربڕینی ئاسان نییە، یان باشترە بڵێم هەندێ جار وشە دەرەقەتی هەستەکە نایەت، پێی ناوێریت و ناتوانێت گوزارشتی لێ بکات. ئەمە پرسیاری لا دروست کردم: ئایا وشە هەست و بیرمان دەنووسێتەوە؟ یا هەست و بیر وشە دادەهێنن و دەیهێننە گۆ؟ بەڕای من، ئەگەر وتن یا نووسین دەرهاویشتەی ئەم هاوکێشە دیالێکتیکە نەبێت، ئەوە نابووت و پووچە، بەتاڵە لە مانا، یا دەبێتە لاسایی کردنەوە.
کەرەنتینە یا ماڵنشینکردن
ئێستا کە باسی وشە و مانا، گوزارشت و ئەزموون، زمان و هەست دەکەم، هەڵوەستەیەکم کرد لەسەر ئەو وشە و زاراوانەی لە سەردەمی کۆرۆنا ئێمە لە زمانی کوردی بۆ گوزارشتکردن لەو ئەزموونە دژوارە بەکاریان دێنین. میدیای کوردی دەخوێنمەوە، دەبینم هەمووان کەرەنتینە بەکاردێنن کە بە رای من لە جێی خۆی نییە. ئەوەی ئێمە ئەزموونی دەکەین ئەمڕۆ مالنشینبوونە نەک کەرەنتینە. کەرەنتینە ئەو هەلومەرج و کات و شوێنە دەگرێتەوە کە ئەو کەسانەی لە دەرەوە دەگەڕێنەوە یا بەهۆی هەلومەرجی تایبەتەوە گومانی ئەوەیان لێ دەکرێ ڤایرۆسەکەیان هەڵگرتبێ بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لێی دەمێننەوە تا دڵنیابوون لەوەی کە سەلامەتن و هەڵگری ڤایرۆسەکە نین.
مەرگی رەش و رەگی وشەی کەرەنتینە
کەرەنتین (بە فەڕەنسی کارەنتێن) وشەیەکی ڤینیقییە و واتای چل رۆژ دەگەیەنێ. ئەمڕۆ لە زمانانی سەر بە خێزانە زمانی لاتینی بە واتای ژمارە 40 دێت. ئەم زاراوەیە یەکەم جار بەم شێوەیەی ئێستا لە سەدەی چواردە لە لایەن فینیقییەکانەوە بەکارهاتووە بۆ کەرەنتینەکردنی ئەو گەشتیارانەی لە گەشتەکانیان لە ئەفریقا و یوراسیا دەگەڕانەوە بە مەبەستی پاراستنی دانیشتوانی ڤینیسیا لە مەرگی رەش. مەرگی رەش ئاماژە بوو بۆ تاعوون کە یەکێکە لە گەورەترین پەتا جیهانییەکان و لە ئەنجامیدا نزیکەی دوو ملیۆن کەس گیانیان لە دەست دا. ئەو گەشتیارانەی کە دەگەڕانەوە لە کەشتییەکانیان گۆشەگیر دەکران، سەرەتا بۆ ماوەی سی رۆژ و دواتر بۆ ماوەی چل رۆژ تا دڵنیابوون لەوەی کە گەڵگری هیچ دەردێک نین.
بۆیە کەرەنتینە جیاوازە لە ماڵنشینکردن و ئەو هەلومەرجەی کە لە سەردەمی کۆرۆنا ئێمە ئەزموونی دەکەین. ماڵنشینکردن واتە هەلومەرجی مانەوە لە مالەکانمان بۆ خۆپاراستن و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە. ماڵنشینکردن دابڕان و گۆشەگیرکردن نییە، جیاوازە لە کەرەنتینە کە کەسەکە لە شوێنێکی داخرا و بە تەنها و دوور لە هەموو کۆنتاکت و پەیوەندییەک بە داخراوی دەمێنێتەوە، تەنانەت خواردنیشی بە شێوازێک پێ دەدرێ کە هیچ بەریەککەوتنێک لەگەڵی دروست نەبێ. ئێمە کە ماڵنشینکراوین، راستە لە فەزای گشتی یا جیهانی دەرەوە دابڕاوین، بەڵام لەگەڵ ئەندامانی خێزان و منداڵ و هاوژین و خۆشەویستانمان لە پەیوەندی داین، دەتوانین بچین بۆ پیاسە تا مەسافەیەکی دیاریکراو، دەتوانین بچین بۆ سوپەرمارکێت. تەنها ئەو کاتە ئەو پەیوەندییانە دەپچڕێن کە کەسێک لە ئێمە تووشی دەردەکە بێت. بۆیە من لە نووسینەکانم هەر لەسەرەتاوە وشەی ماڵنشینکردن و مانەوە لە ماڵم بەکارهێناوە. ئەگەر لە زمانی کوردی بتوانین وشەیەکی جوان دابڕێژین کە گوزارشتی تەواو لەو ئەزموونە نوێیەمان بکات، بۆچی بەکاری نەهێنین و زاراوەیەک بەکاربێنین کە لە جێی خۆیدا نییە؟
گوندی لویین لە نێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا
هەروەکو لە بەشەکانی دیکەی ئەم کۆرۆنانامەیە نووسیبووم، لەوەتای ماڵنشینکراوین من لەگەڵ خێزانەکەم ژیان لە گوندی لویین دەگوزەرێنم. گوندێکی بچووک لە دووری پێنج کیلۆمەترێک دەکەوێتە باکوری رووباری لواغ-ەوە. کە باس لە دوێنێ و ئەمڕۆ دەکەم مەبەستم سەردەمی پێش کۆرۆنا و سەردەمی ماڵنشینکردن نییە، بەڵکو مەبەسستم سەردەمی جاران، هی سەدەکانی رابردوو و سەردەمی ئێستایە.
ماڵەکەم دوور نییە لە کێڵگەی دەغڵ و دەشتایی و دارستان. زۆربەی رۆژان لەگەڵ کوڕەکەم بەناو ئەو سروشتە رووتەدا پیاسە دەکەین. بە لارێیەکدا گوزەر دەکەین کە چوارچێوەی دەشتاییەکی سەوز پێک دەهێنێ و لە دوورەوە دەڕوانێتە کۆشکی شاهانەی لویین. دوێنێ کە پیاسەمان دەکرد، کۆشکەکە لە دووری چەندان کیلۆمەتر سەوزاییەوە زۆر سەرنجی راکێشێین. ئاسمان نزم خۆی دەنواند و پارچە هەورەکان تا بەرزایی دینگە و تاوەرە خڕ و بڵندەکانی کۆشکەکە داکشابوون. کۆشکی پڕ هەیبەت و سەوزایی بێپایانی چواردەوری و هەورو نزمەکان دیمەنێکی شکۆمەندانەیان پێک هێنابوو؛ ئەو دیمەنە لەیەک کاتدا ئەفسانەیی و دڵگیر وسامناکیش خۆی دەنواند. دینگە و تاوەرە مەزنەکانی کۆشک لە شێوەی قەڵا بە ستایلی سەدەکانی ناوەڕاست بنیات نراون و بە پردە بەردی سپی پێکەوە بەستراونەتەوە.
ئەو کۆشکە لە سەر گردێکە، بەرزترین شوێنی گوندەکەیە و رێک بەرامبەر کڵێسایەکی کۆنە لە دۆڵی کەسکی لواغ. لە دامێنی گردەکە کۆمەڵێ خانووی بچووک هەن کە لە جاددەی سەرەکی نزیکن و جاران هی رەعییە و جووتیار و کاسبکاران بووە کە لە خزمەتی ئەرستۆکرات و ئاغا و فیۆدالەکان کاریان کردووە. سیمای دیوار و پەنجەرە و هەڵکەوتەی ئارکیتێکتی کۆشکەکە لەسەر ئەو گردە و خانووە بچووکەکانی دامێنی مرۆڤ پەلکێشی ناو مێژوو دەکەن.
ئەگەرچی لە دوای شۆڕشی فەڕەنسی ئەرستۆکراتەکان دەسەڵاتیان نەما و فەڕەنسا بوو بە کۆمار و رەعییەش بە هاوڵاتی، بەڵام چینایەتی و پەیوەندییەکانی هێز و دەسەڵات بە شێوازی دیکە هەر بەردەوامن. ئەمەش لە هەڵکەوتەی خانووبەرە و شوێنی نیشتەجێبوون و نەخشەی شار و گوندەکان بە تەواوی هەستی پێدەکرێ.
یەکەم بەردی بناغەی ئەو کۆشکە لە شێوەی قەڵا لە سەدەی دەی زایینی دانراوە، واتە هەزار ساڵ پێش ئێستا. دواتر لە سەدەی دوانزە و سێزدە کاری زیاتری لەسەر کراوە و هەمیشە نۆژەن کراوەتەوە بە بێ ئەوەی سیمای کۆن و رەسەنی لەناوبچێت. لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسیش کە شۆڕشگێڕەکان هێرشیان کردە سەر کۆشکی ئەرستۆکراتەکان و تاڵانیان کردن و تێکیان دەدان، بە هۆی نزیکی کوڕێکی دۆقی لویین لە شۆڕشگێڕەکان، هێرش نەکرایە سەر کۆشکی لویین و وێران نەکرا. بۆیە سەرەڕای نۆژەنکردنەوەی، سیمای کۆن و رەسەنی وەک خۆی پاراستووە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە بۆ من ئەوەیە کە ئەو کۆشکە ماوەی پێنج سەدەیە، واتە پێنج سەد ساڵ نەوەی هەمان خێزانی تێدا دەژی. کە ئەمەم بیست بیرم لە رەگ و ریشە و گرنگیی جێگیربوون کردەوە. ئەوان رەگیان قووڵە و جەنگ و رووداوە دڵتەزێنەکانیش پەی پێ نەبردوون. بەڵکو بە سروشتی وەکو درەختێکی پێنج سەد ساڵە لە سەر ئەو گردە رەگیان داکوتاوە و ژیانێکی هێمن دەژین. هیچ کەس کوڕ و کچانی شازادەکانی لویین نابینێ، لە ئاهەنگە فۆلکلۆری و کۆبوونەوە شەعبییەکانیش بەشداری ناکەن. ئەوان ژیانی خۆیان هەیە و نەکەس خۆی لە ژیانیان هەڵدەقوڵتێنێ و نە ئەوانیش تەدەخولی ژیانی خەڵکی ئاسایی دەکەن.
من بێگانەم لەم گوندە. لە خانوویەکی بچکۆلەدا کرێنشینم کە سێ سەد کیلۆمەتر لە باشوری ناوەڕاستی پاریسەوە دوورە. جگە لە هەرزانی ژیان لەم دەڤەرە و نزیکی لە سروشت کە هۆکار بوون لەوەی من لێرە بژیم، هۆکاری سەرەکی ئەوەبوو کە من پێلاوی غەریبیم لێرە داکەندبوو، لە شاری تووغ کە 25 کیلۆمەتر لە لویین دوورە. لە ساڵی 1989 کە بۆ یەکەم جار هاتمە فەڕەنسا لێرە خوێندنی زمانی فەڕەنسیم تەواو کرد. من بێگانەم لێرە و لەو کاتەی یەکەمجار رووم کردە ئێرە تا ئێستا زیاتر لە دە جار ماڵم گواستۆتەوە، حەوت وڵاتم گۆڕیوە. کە گەیشتم لە سفرەوە دەستم پێکردەوە و بە ئیرادە و خوێندن و کاری بەردەوام گەیشتم بە ئاستی پرۆفیسۆر لە یەکێ لە باشترین زانکۆکانی فەڕەنسا. هەرگیز خۆم وەک قوربانی نابینم، بەڵام کاتێ مرۆڤ رزگاربووی جەنگ و زیندان بێ، کاتێ بێ ماڵ و دەوڵەت بوویت، ئیتر هیچ شوێنێ ماڵی تۆ نییە، ئەوە جگە لەوەی مەرجەکانی ژیانی مەنفا و پەنابەری ناچارت دەکەن بە ژیانێک کە بژاردەی خۆت نییە. بە بەراورد لەگەڵ خانەوادە و نەوەکانی دۆقی لویین کە پێنج سەد ساڵە لە هەمان خانوو (کۆشک) دەژین، من خۆم وەک قەرەج دێتە بەرچاو. ئەوان جێگیر و رەگاژوو و خاوەن دەوڵەت و ستاتو و هەموو شتێکن، من چیم لێرە؟ بۆ لێرەم؟
جەنگەکان و ژیانی پەرتوبڵاوی مرۆڤی کورد
ئەم پرسیارانە لەم سەردەمەی کۆرۆنا منیان بردەوە لای رابردوو. من لەناو گەرمەی جەنگ و کاتی سەرهەڵدانی بەعسییە قەومییەکان لە دایکبووم. نەوەی ئێمە لەوساوە تا ئێستا دەیان جەنگمان بینیوە، کوشندەترین زەمەنمان گوزەراندووە. دەیان جار خانوومان تێکدراوە و راو نراوین. ئێمە بە رێکەوت گەورە بووین و بەسەر ژیلەمۆی جەنگ بە پێخاوسی هاتین و بە رێکەوت گەیشتینە ئێرە. من چیم نەدی؟ زیندانی بەعس و مەرگی باوک و سێ برای شەهید، مەرگی دەیان ئەندامی خێزان و خزم و دراوسێ و هاوشار کە بەر لێشاوی ئەنفال کەوتن و نەگەڕانەوە. دوای راپەڕین ئاهێک بە دەروونماندا هات، بەڵام هەر زوو شەڕی نەگریسی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکیێتی بەرپابوو، شەڕی خۆکوژی نێوان براکان هەڵگیرسا. ئەم شەڕە لە هەمووان کاریگەرتر بوو، چونکە ئومێدی کوشت، بەهای ئەخلاقی و جوانییەکانی لەناوبرد. پرسە و رەشپۆشی دایک و خوشک و کچەکان گوێیان لێ نەگیرا و رووڕەش و ریسوا کراین کاتێ ژنەکان لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان داوایان کرد برا سەرکردەکان بچن لە رێگای پەرلەمانەوە چارەسەری کێشەکانیان بکەن نە کە لە رێگای گولەی تفەنگەوە، داوایان کرد ویژدانیان بجولێ و دوای ئەنفال و هەڵەبجەهەڵەبجە یەکتری نەکوژن. ئەفسووس، تفەنگ و رق درەنگ بێدەنگ کران و ئاشتیی نێوان براکانیش، سەرەڕای ئیرادەی چەند سەرکردەیەکی ئاشتیخواز و پێشکەوتوو لە هەردوو لا، تا ئێستا لە شێوەی شەڕێکی سارد بەردەوامە کە لە زۆر چرکەساتدا ترسی تەقینەوەمان لادروست دەکات. کاتێ لە میدیاکان بەرەنگاری یەک دەبنەوە و لەشکرەکانیان لەسەر سۆشیەل میدیا و لاپەڕە ڤیرچوالەکان ناقوڕەی جەنگ لێ دەدەن، ترسێک لە ناخەوە داگیرم دەکات و رەنگم هەڵدەبزڕکێ. ئایدیۆلۆژیای رق و دووبەرەکی و شارچیێتی و رەنگچیێتی و جەهل وەک ژەهر بەسەرمان دادەبارێ. ئەوانەی لەم دۆخە سوودمەند بوون ئیسلامییەکان بوون کە ئەگەر دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ، ئەوە کوردستان دەکەنە داعشداعشتان.
زینێ وەرتێ و مۆتەکەی جەنگ
بۆچی لەم کۆرۆنانامەیە باسی ئەمانە دەکەم؟ لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو، هەواڵەکانی کوردستان زۆر نیگەرانییان کردم، بەتایبەتی دۆخی زینێ وەرتێ و دروستبوونی جۆرێک لە گرژی لە نێوان حیزبە کوردییەکان وهاوتا لەگەڵ لە سێدارەدانی موستەفا سەلیمی. ئەم دوو رووداوە لەوانەیە هیچ پەیوەندییان پێکەوە نەبێ، بەڵام ئاماژەن بۆ نەبوونی یەکگرتوویی کورد، بۆ خۆخۆری و گیانی براکوژی. بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی و رۆلی دەوڵەتە دوژمنەکانی دەوروبەریش لە دروستکردنی گرژی و تێکبەردانی کورد وەک ژەهر دەمانکوژێ. کاتێ هەواڵی گرژییەکانی زینێ وەرتێ م دەخوێندەوە، دەترسام جارێکی دیکە، سەرەڕای مەترسییەکانی کۆرۆنا حیزبەکان ئەقلانییەت لەدەست بدەن، دەترسام پردی نێوان رۆژەکان بپچڕێن و نێوانی ئەمڕۆ و سبەینێمان، وەک دوێنێ و پێرێ ببێتە رووداوێکی خوێنڕێژ، ببێتە شەڕێکی دیکە و ئیتر جارێکی دیکەش سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانی هەرێم، ئەوەی بنیاتمان ناوە لەناوبچێ.
لەو چرکەساتانەدا بیر لە دایکەکان دەکەمەوە، بیر لە دایکم دەکەمەوە کە سێ کوڕی هەبوو هەرسێکی بوونە خۆارکی جەنگ و فیدای کوردستان؛ بیر لە بێوەژنەکانی ئەنفال دەکەمەوە کە لەسەر پێچکەی چاوەڕوانی ملوانکەی نائومێدی دەهۆننەوە؛ بیر لە ئاوارەکان دەکەمە کە هەموو جوگرافیایان بۆتە خێمەیەک لە کامپ و شەڕی کۆرۆنا و هەژاری و نایەکسانی و توندوتیژی دەکەن؛ بیر لە پەنابەرەکانی سەر سنوری تورکیا دوورگەی لێزبۆس و کەنارەکانی ئیتاڵیا دەکەمەوە کە تەلبەند دەکرێن و وەک ئاژەڵ پارچە نانیان بۆ فڕێ دەدرێت؛ بیر لە منداڵە هەتیوەکان دەکەمەوە کە خەون بە ژەمێک نان، بە جەژنانەوە دەبینن ؛ بیر لە کچ و ژنە ئێزیدییەکان دەکەمەوە کە کرانە کۆیلە و زیندەبەچاڵ کران و ئەوانەی گەڕانەوەش خەون بە ئاشنابوونەوە بە ژیان دەبینن؛ بیر لە نەوەی سێیەمی دوای جەنگی دووەمی جیهانی و جوولەکەکان دەکەمەوە کە لە شێوەی خوێندکارێکی خەمناک لە یەکێ لە کۆرسەکانم دەربارەی کارەساتە تراژیدییەکانی جەنگ پێی وتم بەشێک لە باوانی لە ئۆشڤیتز لە ناو فڕنەکان سووتێندراون و نەنکیشی لە لایەن سەربازەکانی سوپای سوور لە بەرلین لاقە کرابوو و هەرگیز نەیوێرا بوو بیدرکێنێ تا دوای مردنی لە دەستنووسێکیدا ئاشکرا بوو؛ بیر لە موهاجیرە مەغریبی و کورد و پاکستانی و فەلەستینییەکانی ئەوروپا دەکەمەوە کە هەمیشە بێگانەن و لە ناوچە هەرە دابڕاو و دواکەوتووەکانی شار بەسەریەکدا کەوتوون و ژیانێکی لانەواز دەگوزەرێنن؛ بیر لە رەشپێستەکان دەکەمەوە کە لەبەر جیاوازیی رەنگ و روخساریان کۆڵی مێژووی کۆیلایەتییان هەڵگرتووە و ژیانێکی شایستەیان پێ رانابینن. ئەمانە دیسان دەمبەنەوە لای دایکم کە قەناعەتی وابوو لە دوای مردن لە کۆڵانە بەرینەکانی بەهەشت چاوی بە کوڕە جوانەمەرگەکانی رۆشن دەبێتەوە.
لەو ساتانەدا من دەترسم. لە کاتی خوێندنەوەی هەواڵەکانی زینێ وەرتێ، سەرەڕای بوونی هەندێ سەرکردە و سیاسەتمەداری ئاشتیخواز لەناو پارتی و یەکیێتی، دەترسام وەک ساڵانی رابردوو شەڕێکی دیکەش خۆی بەسەرماندا بسەپێنێ و بێهوودە گەنجەکان ناچار بکات بە شانازییەوە خۆیان فیدا بکەن؛ ژنەکان بێدەسەڵاتانە بچنە بەرەکانی شەڕی براکوژی و شیرینی ببەشنەوە بۆ هاندانی پێشمەرگەکان. من بیرم لە هەموو ئەوانە دەکردەوەوە و قەناعەتی تەواویشم بەوەیە کە هیچ جەنگێ رەوا نییە، کە لە جەنگەکان کەس براوە نییە، هەموومان دۆڕاوین. بۆیە کاتێ سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانینێچیرڤان بارزانی هاتە سەرخەت و دۆخەکە ئارام بووەوە، من لە ناخەوە، لەو دەشتە چۆڵ و سەوزەی لویین هەناسەیەکی قووڵم هەڵکێشا و بە نەوزادی کوڕم وت: دەشێ کورد لە رابردوو دەرسی وەرگرتبێ، هیوام خواست کە هەرگیز نەک هەر 'براکان' جارێکی دیکە نەکەونە جەنگێکی دۆڕاوەوە، بەڵکو هیچ جەنگێک لەسەر ئەم زەمینە روونەداتەوە. نەوزاد وای زانی باسی جەنگی کۆرۆنا دەکەم، منیش وتم لە زۆر شوێنی سەرزەمین، ڤایرۆسێک هەیە بەناوی رق کە جەهل برەوی پێ دەدا، ئەو ڤایرۆسە لە کۆرۆنا ترسناکترە.
دوا کۆرسی زانکۆ و وتەکانی کچێکی فیلیپینی
لە دوا رۆژی کۆرسەکان، قوتابییەکم کە بە رەسەن خەڵکی فیلیپینە، بابەتی تاقیکردنەوەکەی لەسەر کرێکار و خزمەتکارانی ناوماڵ لە وڵاتانی عەرەبی پێشکەش کرد. وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو گەورەترین رێژەی کرێکار و خزمەتکاری بیانییان هەیە. ئەو کرێکارانە کە خەڵکی فیلیپین و نیپاڵ و تایلەند و وڵاتانی ئەفریقان، زۆربەیان ئافرەتن و ماڵ و منداڵی خۆیان بەجێ دەهێڵن بۆ پەیداکردنی بڕێک پارە لەبەرامبەر کار و ماندووبوونێکی زۆر. بە پێی بەڵگە و فاکتەکان زۆربەی ئەو ئافرەتانە لەناو ماڵەکان توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێ و لە هیچ لەو وڵاتانەش، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، یاسایەکی تایبەت نییە بیانپارێزێ. هەموویان لەژێر رەحمی ئەو کۆمپانیا و گروپانەدان کە لە شێوەی سیستەمی کۆیلایەتیی مۆدێرن ئاڵوگۆڕیان پێ دەکەن، جگە لە مافی مانەوە و هەندێ پشکنینی پزیشکی لە رووی جینۆکۆلیجییەوە، مافەکانیان فەرامۆش و پێشێل دەکەن.
ئەو قوتابییە فیلیپینیە باسی ئازارە رۆحیی و دەروونی و جەستەییەکانی ئەو کچ و ژنانەی کرد. جگە لەوەی لە خێزان و منداڵەکانیان دادەبڕێن، بەدەست ئەو سیستەمەوە مەینەتبارن، وەک کۆیلە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ. هەندێکیان توندوتیژیی سێکسیان بەرامبەر دەکرێ تا ئاستی لاقەکردن، بەڵام ناتوانن سکاڵا بکەن یا بیدرکێنن، لە ترسی لەدەستدانی کارەکەیان و تۆڵەی سەردارەکانیان. هەروەها باسی ئەو ئازارانەی کرد کە لە ئەنجامی نەزانینی زمان و خوورەوشت دەیکێشن؛ ئەو ئافرەتانە لە تەنهاییدا خۆیان دەخۆنەوە و تەنانەت ناتوانن نوێژی رۆژانە و مەراسیمە ئایینییەکانی خۆشیان پیادە بکەن لە ترسی سەردارەکانیان، هەندێکیان ناچار دەکرێن بیروباوەڕی ئیسلامی پیادە بکەن. لەو رۆژەوە بیر لە ژیانی ئەو ئافرەتانە لە سەردەمی کۆرۆنا دەکەمەوە: چۆن رۆژگاری کۆرۆنا دەگوزەرێنن؟ چۆن لەناو ئەو هەموو تەنهاییە و ئەو هەموو کارە جەبرییە دەتوانن ساتێ بدۆزنەوە بۆ هەناسەدانێکی قووڵ؟ ئەی ئەگەر نەخۆش بکەون، کێ بە هانایانەوە دێ؟ لە کاتی توندوتیژی هانا بۆ کێ دەبەن؟ ئەمانە هەموو پرسیارن و پێویستیان بە توێژینەوەی ئەکادیمی هەیە کە سەنتەرەکانی جێندەر و رێکخراوەکان لە هەرێمی کوردستان دەتوانن کاری لەسەر بکەن.
رەگی ئەم سیستەمە کۆیلایەتییە قووڵە، دەشێ بگەڕێتەوە بۆ جەنگەکان، بۆ کۆلۆنیالیزم، بۆ ئیمپریالیزم و سیستەمی پیشەسازی و سەرمایەداریی جیهانی، بۆ حوکمڕانیی نابەجێ، بۆ پەیوەندییەکانی هێز و دەسەڵات و سروشتی شەڕانگێزیی ئەوانەی خۆیان بە سەردار و گەورە و زاڵ دەزانن و موڵکداریی ئەوانی دیکە دەکەن. دەشێ هەموو ئەمانە بن پێکەوە؛ کۆیلایەتیی مۆدێرن بەشێکی دانەبڕاوە لە توندوتیژیی بنەڕەتی/ستروکتورال کە بە زۆر شێوە لە ژیانمان رەنگی داوەتەوە.
هەفتەی رابردوو هاوڕێی ئازیزم شیلان گەیلانی لە شاری سنەسنەوە پەیامێکی بۆ ناردم و نووسیبووی: تۆ لە رووی نووسینەوە چالاکیت، ئایا کارەکانی ماڵەوەش خۆت دەیانکەی یا کەسێک هەیە کارەکانت بۆ بکات؟ منیش پێکەنیم و لە وەڵامدا وتم کە وەک پرینسیپ من باوەڕم بەوە نییە کەسێک وەک خزمەتکار راگرم و کاری ناوماڵی پێ بکەم. لە واقیعیشدا لە دژی ئەو جۆرە سیستەم و ئاکارانە خەبات دەکەم. منیش وەک هەر کەسێکی دیکە، بەشێکی کاتی رۆژانەم بە کاروباری ناوماڵ بەسەر دەبەم، هەر لە چێشت لێنانەوە تا قاپ شوشتن و ماڵ پاککردنەوە و هتد. بەڵام وەک پرینسیپ هەموو ئەندامانی خێزان دەبێ بەشدار بن لەئەنجامدانی ئەو کاروبارانە. ئەمە سادەترین بنەمای یەکسانییە، ئەگەر لە ژیانمان رەنگ نەداتەوە، کەواتە درۆ لەگەڵ خۆمان دەکەین.
لە فەرەنسا چ باسە؟
لە 16ی نیسان سەرۆک ماکرۆن سێیەم وتاری دەربارەی کۆرۆنا پێشکەش کرد و رایگەیاند کە لە 11ی مانگی مایسەوە دۆخەکە ئارام دەبێتەوە و ژیانی ئاسایی دەست پێدەکاتەوە. لەو کاتەوە لە فەڕەنسا باس لە قۆناغی دوای کۆرۆنا دەکرێت. لە میدیاکان زۆر قسە لەسەر کردنەوەی مەکتەبەکان و بوژانەوەی ئابووری و چۆنییەتیی خۆپاراستن دەکرێت. لە رووی ئابوورییەوە نیگەرانییەکی زۆر هەیە و میدیاکان قسە لەسەر رێگرتن لە قەیرانی دارایی و بێکاری دەکەن. بەڵام وەڵامی تەواویان پێ نییە و هەمووان لەناو نادڵنیایی و ترسدا دەژین. بابەتێکی دیکە کە لە فەڕەنسا زۆر قسەی لەسەر دەکرێ، پرسی ژینگەپارێزی و مامەڵەی مرۆڤە دوای کۆرۆنا لەگەڵ سروشت. توندوتیژیی خێزانیش کە لە فەڕەنسا بە رێژەی 36% زیادیکردووە، بۆتە جێگەی بایەخ و زۆر باس دەکرێت.
فەڕەنسییەکان بە شێوەیەکی مێژوویی بەهێزن لە هونەری گوتار داڕشتن و ئاخاوتن. بۆ هەموو دیاردەیەک ئارگیومێنت دروست دەکەن، دەیبەستنەوە بە رابردوو و بەدوای رەگی کێشەکاندا دەگەڕێن بەمەبەستی دەدۆزینەوەی چارەسەر لەسەر بنچینەی ستراتیژی و بیرکردنەوەی قووڵ. ئەوەی مایەی نیگەرانییە ئەوەیە کە کەس وەڵامی دڵنیاکەرەوەی پێ نییە، تەنانەت ئەمڕۆ لە گفتوگۆیەکدا فەیلەسوفی هاوچەرخ ئێتیەن بالیبار وتی سەرۆک ماکرۆن و حکومەتیش دڵنیانین کە دەبێ چی بکرێ بۆ ئەوەی ئابووری ببوژێتەوە، بۆ ئەوەی قوتابی بە بێ ریسک بگەڕێنەوە قوتابخانەکان، بۆ ئەوەی داڕمانی بنەمای ئابووری و رێژەی بێکاری قەیرانێکی دارایی هاوشێوەی قەیرانی ساڵی 1929 دروست نەکەن. قەیرانی 1929 کە بووە هۆی داڕمانی بازاڕی جیهانی وەک مۆتەکە بەسەر سەری وڵاتانی رۆژئاوا دەخولێتەوە.
میدیاکان کە هەندێکیان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی خراپی تەکنەلۆژیای مۆدێرن و سۆشیەل میدیا و عادەتی نابووتەوە، یاری بە هەست و سۆزی خەڵک دەکەن. بەڵام کەنالە گرنگ و زۆرباشەکانیان وەک لومۆند و لیبراسیۆن و رادیۆکانی فرانس کولتور و فرانس ئەنتێر و کەنالی ئارتێ، هەمیشە بە وردی توێژینەوە دەکەن و لەخۆیانەوە قسە ناکەن و لایک و کلیکی ماڵپەڕەکانیان نەکردۆتە پێوەر بۆ کاریگەری و گرنگییان. ئەو کەسانەی ئەو کەنالانە داوەتیان دەکەن بۆ ئەوەی رای خۆیان بڵێن لەسەر دۆخەکە، کەسایەتیی بەناوبانگ و فەیلەسوف و رەخنەگرانی بەتوانان کە لەسەر بنچینەی فاکت و بیرکردنەوە دەوێن، رەخنە دەگرن، راستییەکان ناشێوێنن. ئەوەی لەخۆیەوە قسەی بێ بنەما دەکات، ئەوەی وەک فەیک نیوز شت رادەگەیەنێ لەم کەنالانە جێگایان نابێتەوە. هەمیشە خۆزگە دەخوازم لە کوردستانەکەی ئێمەش مرۆڤ پێش قسەکردن و هاتنەگۆ توێژینەوەی بکات، دیراسەی پرسەکان بکات، فێری رەخنەگرتن بێ بە ئاگیومێنت و بە بێ جوێندان، بە وردی بیری بکاتەوە ئینجا بنووسێ.
پاراستنی سروشت و رێگرتن لە پیسبوونی ژینگە بابەتێکی دیکەی گرنگن لە میدیاکانی فەڕەنسا و جیهان بە گشتی. لە ئەنجامی کۆرۆنا و کەمی فڕۆکەبازی لە ئاسمان و کەمی ئۆتۆمبیل و شەمەندەفەڕ، هەمووان هەست بە سازگاریی هەوا دەکەین و ئۆکسجینی پاک دەچێتە سییەکانمانەوە. ئاژەڵەکانیش ئاسوودە و ئازادترن. بەڵام تا چەند جیهان دەتوانێ بەوجۆرە بمێنێتەوە و ژینگە بپارێزێ لە کاریگەرییە پیسەکانی ژیانی مۆدێرن و سەرمایەداریی جیهانی؟ ئەمەش پرسیارێکە و لێرە وەڵامیان پێ نییە. ئەوەی دەوترێ و هەمووان دەیزانین ئەوەیە کە مرۆڤ جا لە هەر شوێنێک و سەر بەهەر دەوڵەت و ئایین و نەتەوە و گروپێک بێ، ناتوانێ خاوەنداریی ئەو بستە زەوییە بکات کە ناوی گۆی زەوییە، ئێمە هەموومان بەشێکین لە گەردوون، هیچ کەس خاوەن و چەقی گەردوون نییە، هەموومان پێکەوە دەبێ بیپارێزین.
توندوتیژیی خێزانی کە بە پێی ئامارەکان لە ماوەی ماڵنشینکردن لە سەرانسەری جیهان زیادی کردووە، لە فەڕەنسا زۆر قسەی لەسەر دەکرێت. وەزیری کاروباری یەکسانی مارلێن شییاپا بەردەوام لەسەر خەتە، لەگەڵ رێکخراو و پارێزگار و شارەوانییەکان ستراتیژی بەدەنگەوەهاتن دادەرێژن بۆ پاراستنی ئەو ئافرەتانەی لە ماڵەوە فشاریان لەسەرە و بەرەوڕووی توندوتیژیی دەروونی و عاتیفی و جەستەیی دەبنەوە.
لە کوردستانیش بە گوێرەی هەندێ راپۆرت توندوتیژییەکان کەمیان کردووە. ئەمە جێگای خۆشحاڵییە، بەڵام من دڵنیانیم لە دروستیی ئەو راپۆرتانە، چونکە ئێمە سیستەمی کۆکردنەوەی ئامار و زانیاریمان وەکو پێویست کارا نییە. بەم دواییە لایەنە بەرپرسەکان و میدیاش خەریکن ئەم پرسە بە هەند وەردەگرن. هەفتەی رابردوو لە رێگای ڤیدیۆوە لە بەرنامەی دەروون و دیاردە بەشداریم کرد. دیارە بۆ من گرنگ بوو لەسەر ئەم پرسە قسە بکەم و سوپاسیان دەکەم بۆ بەرنامەکە و بۆ داوەتکردنم، بەڵام نائومێد بووم کە بوارم پێنەدرا قسەکانم تەواو بکەم. سەرەڕای هاوکاری و بوونی هەندێ هاوڕێی بەتوانا لەو کەنالانە، زۆرجار لە پەیوەندیم لەگەڵ کەنالەکانی راگەیاندن لە کوردستان نائومێد دەبم. لەوانەیە ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەبێ کە لەبەر تێکەڵیم بە میدیای نێودەوڵەتی، چاوەڕوانیم لەوان زۆرتر بێت لەوەی کە ئەوان دەتوانن بیکەن.
جیهانی سبەینێ ؛
جیهانی سبەینێ هەرگیز وەکو جیهانی دوێنێ نابێت. ئەمە بابەتێکی گرنگی گفتوگۆی میدیا و سیاسەتمەدار و رۆشنبیر و ئەکادیمیستانە. هەندێک لە رووانگەی ئابوورییەوە راڤەی دەکەن، هەندێک لە رووانگەی جیۆ-سیاسییەوە، هەندێک لە رووانگەی کولتوری و پەروەردە و ژینگەوە، هەندێ لە رووانگەی زانستیی و تەکنەلۆژییەوە شی دەکەنەوە. هەندێکیش لە رووانگەی ئاینییەوە باسی جیهانی داهاتوو دەکەن.
ئەوانەی لە رووانگەی ئابووری و سیاسی و کولتوری و زانستییەوە راڤەی جیهان دەکەن لە ژێر رۆشنایی قەیرانەکانی کۆرۆنا و دەرهاویشتەکانی لە داهاتوو، پێ لەسەر گفتوگۆ و هاوکاری و پشتگیریی دەوڵەت وحیزب و حکومەتەکان دادەگرن بۆ چاککردنی کەموکوڕییەکانی بواری حوکمڕانی، بۆ دابەشکردنێکی مرۆڤانەی سامان و دەرامەتی ئابووری، بۆ دوورخستنەوەی جەنگ و بەرقەرارکردنی ئاشتی. لە ئاشتیشەوە دەتوانرێ کار بکرێت بۆ ژینگەپارێزی و پێشخستنی زانستی و کولتوری و تەکنەلۆژی بەجۆرێک کە ببنە هۆکاری بۆ بەهێزکردنی کەرتی تەندروستی و ئاسایش و پەروەردە و کولتور، نەک ببنە مایەی بەهێزکردنی سوپا و موشەک و هێزی ئەتۆمی.
ئەوانەی لە رووانگەی ئایینییەوە قسە دەکەن، ئینجیل و تەورات و قورئان دەکەن بە سەرچاوە و ڤایرۆسی کۆرۆنا و رووداوەکان رووانگەی ئەو 'کتێبە پیرۆزانەوە' لێک دەدەنەوە. ئەوانە زۆربەی کات باس لە مەترسی داڕمانی مرۆڤایەتی و هاتنەدیی رۆژی حەشر لەسەر زەمین دەکەن. لە رێگای ئەمەشەوە ترسی خەڵک ئیستیغلال دەکەن و یاری بە هەست و سۆزییان دەکەن بۆ راکێشانیان بۆ کڵێسا و سیناگۆگ و مزگەوت. ئەمە لەوانەیە ببێتە مەترسیی و دواتر بۆ مەبەستی ئادیۆلۆژی و سیاسیی توندڕەو بەکاربهێنرێ و جەستەی ژنیش بکرێتە مەیدانی شەڕەکانییان.
لە کاتی کارەسات و قەیرانەکان مرۆڤ پێویستی بە رۆحانییەت هەیە، پێویستی بە گەڕانەوە بۆ ئەو هێزە مەزن و ئەفسووناوی و نادیارە هەیە کە ناوی یاهودا، ئەڵلا، خودا یا گۆدە. ئەمە جیاوازە لە بە ئایدیۆلۆژیکردنی ئایین بۆ مەبەستی سیاسی. رۆحانییەت لەم سەردەمە دژوارە گرنگە بۆ گەڕانەوە بۆ خود، بۆ شتە جەوهەرییەکان، بۆ رێکخستنی پەیوەندیی نێوان تاک و خودا. بەڵام کاتێ نائەقلانییەت مرۆڤ راپێچی ناو ترس و سزا و دۆزەخ بکات و بەرەو توندڕەویی ئایینی بەڵێنی بەهەشتیان پێ بدا، ئەوە دوای کۆرۆنا مەترسی توندڕەویی و تێرۆری ئاینی لێ دەکەوێتەوە.
مرۆڤ بوونەوەرێکی لاوازە، لە مردن دەترسێ، بەڵام ژیان خۆی گەشتێکە بەرەو مەرگ. با لە شتە سادەکانەوە دەست پێ بکەین؛ ئەزموونی کۆرۆنا دەشێ دەرفەتێک بێ بۆ گەڕانەوە بۆ رەهەندە جەوهەرییەکان، بۆ شیعر و هونەر، بۆ دوورکەوتنەوە لە بەرخۆری و زۆرخۆری و حەزی پووچەڵی سەرفکردن. دەشێ دەرفەت بێ بۆ مێدیتەیشن و رامان لە جوانی و سیحری ژیان. دەشێ خۆشەویستی بێ، دەشێ ساتێکی ئارام بێ لەگەڵ یەکتری، لەباوەشکردنی ئازیزێک بێ. دەشێ پێکەوەبوونێکی جوان بێ لەگەڵ ئەوانی دیکە، ئەوانەی کە پێویستیان پێت هەیە، کە خۆشیان دەوێ و خۆشت دەوێن. دەشێ دوورکەوتنەوە بێ لە رق و کینە، لە توندوتیژی و توندڕەویی ئایینی و ئایدیۆلۆژیی سیاسی.
سڵاوێک لە جوانی ؛
لەم بۆچوونەوە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوو جگە لە ئامادەکردن و وتنەوەی کۆرسەکانم، لەگەڵ هاوڕێی هونەرمەند رێبوار سەعید پرۆژەیەکی شیعری و هونەریمان راگەیاند بە مەبەستی هۆشیاری رای گشتی دەربارەی گرنگی ئاسایش و ئارامی لەناو خێزان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی. پرۆژەکە دایەلۆگێکی جوانی سەردەمی کۆرۆنا بوو لە نێوان دوو هاوڕێ لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە و بە 'رێناز' ناوزەد کرا وەکو سیمبۆلێک بۆ تێپەڕاندنی سنورەکان، بۆ نزیکبوونەوە لە سەردەمی کۆرۆنا و بڕینی دوورییەکان و بەرجەستەکردنی هاوڕێیەتی. رێبوار سەعید بە هێما و هێڵ و فیگەرە رەنگدارەکانییەوە و منیش بە وشە و شیعر و ئاوازی زمان بۆ ماوەی هەفتەیەک کارمان لەسەر ئەو پڕۆژەیە کرد کە بۆ هەردووکمان سڵاوێک بوو لە جوانی بۆ رەواندنەوەی توندوتیژی، بۆ بەرجەستەکردنی هاوڕێیەتی و نەهێشتنی رق و توندوتیژی لە نێوان مرۆڤەکان.
زۆر خۆشحاڵ بووم کە دوو هاوڕێی ئازیز و هونەرمەندی پڕبەهرە و توانا، فرمێسک مستەفا و میدیا رەئوف بێگەرد، بڕیاریاندا لە رێگای نمایشەوە ئەو پرۆژەیە دەوڵەمەند بکەن و بیبەنە ئاستێکی دیکەی هونەرییەوە. بەمە هەموومان هەڵوێستێکی ئێتیکی/ئەخلاقی دەنوێنین. ئەو پرۆژەیە هەموومانی کۆکردەوە لە دوو کۆبوونەوەی ئۆنلاین لە رێگای زوومەوە کە بەهادار و جوان بوو لەم رۆژگاری کۆرۆنا و مالنشینکردنەدا. دوای کۆبوونەوەی یەکەم پێشنیار کرا کە داوەتی دوو خانمی هونەرمەند و بەتوانای دیکە، دەشنێ موراد و تریفە کەریمیان و هەروەها دەرهێنەر مامۆستا سالار سەعید بکرێت بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی پرۆژەکە. میدیا گەڕایەوە بۆ توخمی ئاو، فرمێسک بۆ خاک و خۆڵ، تریفە و دەشنێ لە رێگای دەنگە ناوازەکەیان، لە رێگای میوزیک و چالاکییە ئینسانییەکانیانەوە، مامۆستا سالار لە رێگای تەکنیکە کاریگەرەکانی دەرهێنانەوە، هەمووان پێکەوە یەکتری و ئەم پرۆژەیە تەواو دەکەین. ئەمە لەوانەیە سیمبۆلێکی بچووکی پەیوەندیی جوان و کاری هەرەوەزی بێت لەم سەردەمە دژوارەدا؛ گومانی تێدانییە کە ئەمڕۆ پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان لە جیاتی خۆشەویستی و رێز و هاوکاری و پشتگیری، بۆتە پەیوەندیی بەرژەوەندخوازی و رکابەری و لێکدان و دژایەتیکردن جا بە هەر بیانوویەک بێت. کارکردنی پێکەوەیی لە رێگای هونەرەوە، داوەتێکە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخەیە، بۆ گەڕانەوە بۆ سروشی مرۆڤانەمان، بۆ تۆلێرانس و یەکتری قبوڵکردن سەرەڕای جیاوازییەکان. ئەم پڕۆژەیە سڵاوێکە لە جوانی سەرەڕای دژوارییەکانی سەردەمی کۆرۆنا بە ئامانجی دابینکردنی ئاشتی و ئارامی لە جیهانی سبەینێ.
🗄 سەرچاوەکان
[1] 📡 ماڵپەڕ | 🏳️ کوردیی ناوەڕاست | ماڵپەری رووداو - 06-05-2020

⁉️ تایبەتمەندییەکانی بابەت - Meta-data
🏷️ پۆل: 📖 کورتەباس
🏳️ زمانی بابەت: 🏳️ کوردیی ناوەڕاست
📅 رۆژی دەرچوون: 28-04-2020
📙 پەڕتووک - کوورتەباس: 👪 کۆمەڵایەتی
📙 پەڕتووک - کوورتەباس: 👪 کۆمەڵناسی
📄 جۆری دۆکومێنت: ⊶ زمانی یەکەم
🌐 زمان - شێوەزار: 🏳️ کرمانجیی ناوەڕاست
🗺 وڵات - هەرێم: ⬇️ باشووری کوردستان

⁉️ تایبەتمەندییە تەکنیکییەکان
✨ کوالیتیی بابەت: 99% ✔️
99%
✖️
 30%-39%
خراپ👎
✖️
 40%-49%
خراپ
✖️
 50%-59%
خراپ نییە
✔️
 60%-69%
باش
✔️
 70%-79%
زۆر باشە
✔️
 80%-89%
زۆر باشە👍
✔️
 90%-99%
نایاب👏
99%
✔️
ئەم بابەتە لەلایەن: (جوان عومەر ئەحمەد)ەوە لە: May 6 2020 3:12PM تۆمارکراوە
👌 ئەم بابەتە لەلایەن: (هاوڕێ باخەوان)ەوە لە: May 6 2020 3:36PM پێداچوونەوەی بۆکراوە و ئازادکراوە
✍️ ئەم بابەتە بۆ دواجار لەلایەن: (هاوڕێ باخەوان)ەوە لە: May 6 2020 3:36PM باشترکراوە
☁️ ناونیشانی بابەت
🔗
🔗
👁 ئەم بابەتە 116 جار بینراوە

✍️ ئەم بابەتە باشتر بکە!
☰ زۆرتر
⭐ بۆ ناو لیستی کۆکراوەکان
💬 رای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!

✍️ گۆڕانکارییەکانی بابەتەکە!
🏷️ Metadata
RSS

📷 گووگڵی وێنەی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
🔎 گووگڵی بابەتی هەڵبژێردراو بکە!
⠪ بەشکردن
Facebook
Twitter
LinkedIn
Whats App
Viber
SMS
Facebook Messenger
E-Mail
👍
⭐ نرخاندنی بابەت
⭐⭐⭐⭐⭐ نایاب
⭐⭐⭐⭐ زۆر باشە
⭐⭐⭐ باش
⭐⭐ خراپ نییە
⭐ خراپ

کۆرۆنانامەی ژنێک: بەشی چوارەم

📚 فایلی پەیوەندیدار: 0
🖇 بابەتە پەیوەستکراوەکان: 3
📅 رێکەوت و رووداو (کڕۆنۆلۆژیا)
1.👁️28-04-2020
📖 کورتەباس
1.👁️کۆرۆنانامەی ژنێک- بەشی یەکەم
👫 کەسایەتییەکان
1.👁️نەزەند بەگیخانی
📂[ زۆرتر...]

Kurdipedia.org (2008 - 2020) version: 12.08
| 📩 contact@kurdipedia.org | ✔️CSS3 | ✔️HTML5
| کاتی ئافراندنی لاپەڕە: 0,437 چرکە!
☎ +9647701579153 +9647503268282
| ☎ +31654710293 +31619975574