ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال پەیامێک ئاڕاستەی مستەفا کازمی دەکات
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال، پەیامێک ئاڕاستەی مستەفا کازمی دەکات و داواکارە دۆسیەی ئێزدییەکان بکاتە ئەولەویاتی کارەکانی کابینەکەی و سنوورەکان لە هێرشی دەرەکی بپارێزێت.
لە پەیامەکەیدا ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال - مەخەدەشە پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە.
مەخەدەشە هیواش دەخوازێت یەکێک لە کەسە لێهاتووەکانی پێکهاتەی ئێزدی لەناو حکومەتەکەیدا بکرێتە وەزیر، بۆ زیادکردنی رۆحی هاوڵاتی بوون و بەرز نرخاندنی پێکهاتەکان بەهۆی ئەوەی کە هەموو پێکهاتەکان لە ناوەندی بڕیار بن.
مەخەدەشە دووپاتیدەکاتەوە کە هێشتا پێکهاتەی ئێزدی ئاسەواری قڕکردنی ساڵی 2014ی لەسەر ماوە و دەخوازێت دۆسیەی لەناوبردنی ئێزدیەکان لە ئەولەویاتی کارەکانی کابینەکەی بێت و ڕێگایەکی خێرا بدۆزرێتەوە بۆ ئەو ئاوارە ئێزدیانەی کە لە خێمە و کەمپەکاندا دەژین.
داواش دەکات شەنگال دووبارە بونیاد بنرێتەوە، هیوا خوازیشە کە حکومەتەکەی پارێزگاری لە یەک پارچەیی خاکی عێراق و پاراستنی سنوورەکان لە هێرشی دەرەکی بکات و ژیانێکی باشتر بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکات.
[1]
11-05-202011-05-2020