#ئایشە ئاجار باشاران# ئەندام پەرلەمانی هەدەپە و وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی هەدەپە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات باسی هێرشەکانی سەر بەڕێوەبەرانی #کۆمەڵەی ژنانی ڕۆسا# و چالاکانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد کرد.
باشاران تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەو ئۆپڕاسیۆنانە تەنها لە دژی ئەندام و بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەیەک نین، بەڵکو لە دژی تێکۆشانی گشت ژنانە.
باشاران وتی: هێرش و ئۆپڕاسیۆنی دژی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆسا و بزوتنەوەی ژنانی ئازاد کارێکی پلان بۆ داڕێژراوە. هۆکارەکەشی ئەوەی کە ئەم ڕێکخراوە هەمیشە لە پشت ژنانەوەیە و لە ڕووی دەروونی و یاساییەوە هاوکاری ژنان دەکات. لە دادگا پرسیاری ئەوە لە ژنان کراوە کە 'ئێوە بۆچی بەشداریتان لە چالاکیەکانی 8ی مارسدا کردووە؟' و 'ئێوە بۆچی دەڵێن کوشتنی ژنان سیاسەتە؟'. لێرەدا ئاشکرا دەبێت کە هەر شتێک دەبێتە بنەمای تێکۆشانی ژنان، وەکو تاوان تەماشا دەکریت.
سیاسەتی دەسەڵات بریتیە لە چەوساندنەوەی ژنان
باشاران دەڵێت:دەسەڵات ڕێکخراوەکانی ژنان دەکاتە ئامانجی هێرش و پەلەمارەکانی. سیاسەتی دەسەڵات ئەوەیە کە دەبێت ژنان سەر دابنوێنن و ئەگەر سەر دانەنوێنن، دەڵێن با توندوتیژی لەبەرامبەریان ئەنجام بدرێت. بۆیە هێرشکردنە سەرە کۆمەڵەی ژنانی ڕۆسا و بزوتنەوەی ژنانی ئازاد، بە واتای هێرشکردنە سەر تێکۆشانی هەموو ژنان دیت. تێکۆشانی ژنان لە ئاستێکی وەها نزمدا نیە کە بەم جۆرە هێرشانە بۆ دواوە هەنگاو بنێت. بۆ ئەوەی پیاوێک کە توندوتیژی ئەنجام داوە، دادگایی بکرێت، ژنان بە مانگ چالاکی ئەنجام دەدەن. بۆیەش دروشمی ئێمە بریتیە لە ئێمە بێدەنگ نامێنین، ناترسین، سەرمان دانانوێنین کە تێکۆشانێکی لێوانلێوە لە خۆڕاگری.[1]