نووسەر و هۆزانڤانی باکوری کوردستان (قادر محەمەد بیوکایە)، کە لە خانەوادەیەکی ناسراوی وەک شەهید (نەجۆ- نەجمەدین بیوک کایە)یە، کە بە شەهید (سەلاح)ناسراوە.
قادر لە ساڵی 1960 لە گوندی قەرەهان، لە قەزای سیڤیرک لە پارێزگای #ئورفە# لە باکوری کوردستان لەدایک بووە، ساڵی 1979 بە هۆی نەمر (شەهید شازاد سائیب)ەوە، لە ڕێگەی (ی.ن.ک) ەوە لە دیمەشقەوە گەیشتۆتە هۆڵەندا و لەوکاتەوە لە هۆڵەندا دەژی، ناوبراو یەکێک بووە لە ئەندامە چالاکەکانی ڕێکخراوی کارگەران- باکوڕی کوردستان، ئەو ڕێکخراوە لەسەر دەستی شەهید سەلاح- نەجمەدین بیوک کایە، لە دیاربەکر دامەزراوە، کە گروپێکی کۆمەڵگەی مەدەنی ئاشکرابوون، بە ناوی وارگەی شۆڕشگێڕ و دیموکراتی ڕۆژهەڵات، ئەندامەکانی بریتی بوون لە دەستەیەک لە گەنجانی کوردی خوێندەواری چەپی زانکۆکانی ئەستەمبوڵ و ئەنقەرە.
زۆربەی نوسینەکانی قادر محەمەد بیوککایە، بە زمانی تورکی نووسراون و بەشێک لە شیعرەکانی بە شیوەزاری زازاکی نوسیووە، کە ڕەنگدانەوەی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردانی باکورە، شیعرەکانی ئەم شاعیرە، گەلێک لە گۆرانیبێژان ئاوازیان بۆداناوە، بە تایبەتی دەنگبێژی ناسراوی باکوڕ (میکایەڵ ئەسڵان)، دوو ئەلبوومی سروود و گۆرانی بە CD بۆ هەڵبەستەکانی ئەم نوسەر و شاعیرە دروستکردووە، یەکەمیان بڵاوکراوەتەوە و دووەمیشان لەم ماوەیەدا بڵاوبۆتەوە.