مامۆستا نوری حاجی ئەمین ناسراو بە نوری وەشتی ساڵی 1932 لەگەڕەکی کانێسکانی شاری #سلێمانی# لەدایک بووە. کەسایەتییەکی دیارو ناوداری کوردستانە و جێدەستی خۆی لە هونەرو ئەدەبی کوردیدا بەجێ هێشتووەو بووەتە ئەستێرەیەکی گەشی درەوشاوەی نیشتمان.
نوری وەشتی وەک نوسەرو وەرگێرو هەندێک جاریش وەک دەرهێنەر خزمەتی کاری هونەری شانۆیی کردووە وبایەخێکی زۆری بە هونەرو شانۆو چیرۆک و شیعر و پەخشان داوە و ڕۆڵی دیاری لە جەندین تەمسیلی و شانۆدا بینیوە، لەوانە :
کێچ ساڵی 1970 نوسینی نوری وەشتی، پاشان لە چەندین تەمسیلی و شانۆیی تری وەکو تاوانێک لەئاسمانەوە، تێکۆشانی ڕەنجبەران، پیسکەی تەڕ پیر، بلیت و زاوا، چەندانی تر.
لە بواری ئەدەب و شیعریشدا هەر لە تەمەنیکی زووی لاوێتیدا ئارەزووی نوسینی چیرۆک و شیعری لا دروست بووە و هەستی نەتەوایەتی شیعرە نیشتمانییەکانی ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری گەل و هاندەرێکیش بووە بۆ بەگژداچوونەوەی دوژمن. لەوانە:
شیعری شەهیدان، بەبۆنەی شەهیدانی 09-07-1963 وە نووسیوە و هونەرمەند ڕەفیق چالاک بەدەنگە زوڵاڵەکەی چڕیوێتی.
نووری وەشتی وەک مەشخەڵێکی درەوشاوەی سەر ڕێبازی کوردایەتی کەسێکی کورد پەروەر بووە و لەسەر هەڵوێستە نیشتمانییەکانی دوو ساڵ لەگەڵ هاوڕێی دێرین وخەباتی هونەریی ڕەوف یەحیا زەنگەنە لە سەرەتای ساڵانی پەنجاکاند و لەسەردەمی پاشایەتیدا زیندانی دەکرێن.
لە پاش نسکۆی 1975 دا دوای گەڕانەوەیان لە ئێران، ڕژێم هەردوکیان بۆ شارەکانی کوفەو سەماوه، دووریان دەخاتەوە.
لەساڵی 1969 لەگەڵ ڕەوف یەحیا و ڕەفیق چالاک و حەمە سدیقی محامی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردیان دامەزراندووە و چەند ساڵێک سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیە بووە.
جگە لە بواری هەنەری، ئەندامی دەستەی بەرێوەبەری یانەی وەرزشی سلێمانیش بووە.
پاش خزمەتێکی زۆر بەگەل و نیشتمانەکەی هەنەرمەندی ناودارو ناسراوی کورد لە 12-04-2001 بۆ دواجار دڵە گەورەکەی لە لێدان دەکەوێت دەچێتە دنیای نەمرانەوە.[1]