چیای سەفین سەر بە پارێزگای #هەولێر#ە و ساڵانە لە وەرزی بەهاردا هاونیشتمانییان بۆ گەشتوگوزار ڕوودەکەنە ئەم چیایە، بەتایبەت لە وەرزی زستانان کە بەفرێکی زۆری لێدەبارێت.
زنجیرە چیای (سەفین) یەکێکە لە چیا بەناوبانگەکانی کوردستان، کەوتۆتە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری (هەولێر) ، بە دوری پەنجا کیلۆمەتر. کەوتۆتە دەڤەری خۆشناوەتی، لەبەر سەختی و دژواری کەشوهەواکەی لەوەرزی زستان، بە سەفینە شێتی خۆشناوان ناسراوه، وەهەر بەم هۆیەش بە تاکی (خۆشناو) شوبهێنراوە کە زوو توڕە دەبن. هەندێک دەڵێن ناوەکەی لە (سفینە) ی عەرەبییەوە هاتووە. توانج و قسەی نەستەقی نێوان گەردی و خۆشناو لە جوگرافیای ناوچەکە ڕەنگی داوەتەوە وەک ئەو بەیتەی لەسەر زمانی (سێنک) کە ئەو زنجیرە گردۆڵکانەیە لە ڕێگای کەسنەزان دەستپێدەکات و لەلای بەستۆڕە کۆتایی پێدێت و کۆمەڵێک دێهاتی لەخۆگرتووە کە هەندێکیان بە هەنارەیی ناسراون، وەک نسبەتێک بۆ گوندی هەنارە کە لە بنەچە گەردین.
سێنکی گۆتە سەفینی
ڕەبی عەمرت نەمێنی
ئەگەر لەجێی تو دەبووم
سوارم ڕەق دەکرد لەسەر زینی
بۆیە دەڵێن (سێنک) لە سەختی کەشوهەوا، شەڕی (سەفین) ی دەکات.
زنجیرە چیای سەفین لە کلکی ڕۆژهەڵاتەوە لای (ئاوەگرد) دەست پێ دەکات و لەلای ڕۆژاوا لە کلکی (حوجران) کۆتایی دێت، بۆیە ناوی (گردەچاڵ) م نەهێنا چونکە وەکوو ئاماژەم پێدا (سەفین) بە (خۆشناو) ەوە بەندە و لەبەر ئەوەی (گردەچاڵ) وەک تەرکیبەی عەشایەری سەر بە (کۆڕێ) یە جیا لە (خۆشناو) .[1]