بەڕێز... سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ
بەڕێز... سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ
بەڕێزان... سەرۆک و جێگرانی پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ
بەڕێزان... ئەندامانی پەرلەمانی عێراق
بەڕێز... نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان
بەڕێزان... باڵیۆز و کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتانی جیهان لە هەرێمی کوردستان و عێراق
رای گشتی جیهانی و نێودەوڵەتی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە حکومی و ناحکومییەکان و مافی مرۆڤ و کوردستانیانی هاوچارەنووسمان و دەزگاکانی عێراقی و کوردستانی و جیهانی.
ئێمە وەک کاکەییەکانی کوردستان کە خاوەنی ڕاستەقینە و مێژوویی خاک و ئاوی خۆمانین، لەسەر ئەم خاکە هەزاران ساڵە ڕەگمان داکوتاوە و پەروەردەی ئەو نیشتمانەین، بانگەوازی پشتیوانی و داواکاری بۆ سەرجەم لایەنەکان دەنێرین، تا چیتر پرۆسەی کۆمەڵکوژی و سیاسەتی دەرپەڕاندن و تۆقاندن لەسەر کوردانی کاکەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بووەستێندرێت.
بەڕێزان ئێمەی کاکەیی و یارسانییەکان، کە هەمیشە هەوێنی ئاشتی و پێکەوەژیان و برایەتی بووین، هەمیشە ڕایەڵەی پەیوەندییەکانمان بەجۆرێک بونیاد ناوە، کە لە خزمەتی مرۆڤایەتی و خاک و نیشتماندابێت.
سەرباری ئەوەی لە مێژووی ناوچەکەدا لەسەر دەستی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق تووشی چەندین ستەم و نادادی بووینەتەوە، بەڵام لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە هەموومان بە ژیانێکی باشتر و ئاسایشی زیاتر لە ناوچەکەماندا هەبووە، بەڵام بەداخەوە هاتنی #داعش# و تاوانە تیرۆریستییەکانی دۆخی ژیانی کوردانی کاکەیی لە ناوچەکان هەر لە پارێزگای مووسڵەوە تا پارێزگای دیالەو خوارووتر خستووەتە بارێکی دژوارەوە کە بە هەموو پێوەرێک دەچێتە خانەی تاوانی جینۆسایدەوە.
لەدوای ڕزگارکردنەوەی بەشێک لە ناوچەکان، ژیانی کاکەییەکان و گەڕانەوەیان بۆسەر ژیانی خۆیان، ماوەیەکە چەندین هێرش تیرۆریستی بۆسەر کاکەییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت کە بووەتە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی چەندین هاووڵاتی کاکەیی و سووتاندنی کشتوکاڵ و وێرانکردنی مەزارگەو شوێنە پیرۆزەکانمان.
لاوازی و نەبوونی هێزی پارێزەری ئاسایشی حکومەت لە ناوچەکەمان کوردانی کاکەیی خستووەتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تیرۆریستاندا. ئەمەش بووەتە هۆی دۆخێکی ناهەمووار بۆ ژیان و مانەوەی ئێمە لەسەر ماڵی خۆمان، بە جۆرێک کە بۆنی پلانی ڕاگواستن و جینۆسایدێکی دیکەی ئەو هێرشانە دەکەین.
بۆیە بۆ پشتیوانی برایانمان لە ناوچەکان، داواکارین لە هەردوو حکومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، کە:
1. هەردوو حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میکانزمێکی گونجاو و کارا لەگەڵ سرووشتی ناوچەکە هێزی سەربازی بنێرێتە ناوچەکە بۆ نەهێشتنی بۆشایی ئاسایش و پاراستنی خەڵکی ئەو ناوچانە.
2. داواکارین لیژنەی باڵای هاوبەشی وەزارەتی بەرگری عێراقی فیدراڵ و #وەزارەتی پێشمەرگە# لەو ناوچانە کارا بکرێتەوەو هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی مەترسی تیرۆری لەسەرە، بە تایبەتی ناوچە کاکەیی نشینەکان.
3. داواکارین لە نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمانی دژی تیرۆر و وڵاتانی پشتیوان لە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراتی، ڕۆڵیان لە پاراستنی کاکەییەکاندا هەبێت، چونکە زۆرێک لە پلانی لەنێوبردنی کوردانی کاکەیی کە ئێستا لە ناوچەکە لەسەر خاک و ماڵ و شوێنە پیرۆزەکانمان هەستی پێدەکرێت.
بەڕێزان... لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین هێرشی چەکداری کراوەتە سەر مەزارگە پیرۆزەکان و گوندە کاکەیی نشینەکان، بەهۆی ئەو هێرشانەوە 15 شەهید و 8 بریندار هەبوون، ئەمە جگە لەو زیانە ماڵیانەی بەر ماڵ و سەرچاوەکانی ژیانی خەڵکەکە لە ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوو ئۆتۆمبێل و سەرچاوەکانی دیکەی ژیان کەوتووە، ئەگەر بێت و بەر بەو هەڵمەتی پاکتاوییەی کاکەییەکان نەگیرێت، ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسی زیاتری کۆمەڵکوژی دەبێتەوە.
بۆیە داواکارین سەرجەم لایەنە بەرپرسەکان، هەر لایەنەو بەگوێرەی بەرپرسیاریێتی خۆی ڕۆڵی لە پاراستنی کوردانی کاکەیی و ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان ببینێت.
کوردانی کاکەیی و یارسانی لە پارێزگاکانی #هەڵەبجە# و #سلێمانی#
#18-06-2020#