الحمدللە والصلاة والسلام علی ڕسول الله وآله وصحبه ومن والاه وبعد:
ئەنجومەنی باڵای فەتوا بەخشینی پلازمای خوێنی پێ کارێکە پەسەندو چاکەخوازییە، کە کەسی چاکبوو لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پلازمای خوێنی خۆی ببەخشێت بەو کەسانەی کە دووچاری ڤایرۆسەکە بوون بە مەبەستی چارەسەر وەرگرتن، بەڵام بە سێ مەرج:
یەکەمیان : مامەڵەی پێوە نەکرێت و لە بەرانبەریدا پارە وەرنەگیرێت، چونکە ئەو پارەیە حەرامە.
دووەم : پێویستە کارێکی خۆبەخشی بێت دوور بێت لە ئیحراجی و فشار و (غصب الحياء).
سێیەم: پێویستە بە پێی ڕاپۆرتی پزیشکی و لە ژێر چاودێری پزیشکیدا ئەو کارە ئەنجام بدرێت و کاردانەوەی خراپی نەبێت بۆ کەسی بەخشەرەکە، واتە موزاعەفاتی لاوکی نەبێت وەک کەم بوونەوەی بەرگری لەش.
بەم سێ مەرجە دروستە بەخشینی پلازمای خوێن بە خەڵکێک کە دوچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەڵکو خێرێکی زۆر گەورەیشە، دەبێتە هۆی ڕزگاری مرۆڤەکان لە مردن، خودایش فەرمویەتی هەرکەسێک مرۆڤێک ڕزگار بکات لەمردن وەک ئەوە وایە کە تێکڕای مرۆڤەکانی ڕزگار کردبێت وەک دەفەرموێت: (ومن ٲحیاها فکٲنما ٲحیا الناس جمیعا)(سورة المائدة/ 32)
واللە تعالی اعلم
وصلی الله علی سيدنا محمد وآله وصحبه اجمعين
ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان
29 شوال 1441ک
2020/6/21م