نووسینی: #بەرزان عەلی حەمە#
ئێمە میللەتێکی موەقەتین، ماوەیەک حەزمان لە سەر بەخۆییە، پاش ماوەیەک جاڕی خۆپیشاندان دەدەین. هێشتا لە خۆپیشاندان نەبووینەتەوە، داوای هێمنی و ئاسایش دەکەین. خۆی ئەساسەن ئێمە لە دیاردەکانی دونیا ورد نابینەوە، بەڵکو دەستیان تێوەردەدەین.
شەش ملیۆن کەسین، بەردەوام جنێو به یەکتر دەدەین، جەندرمەمان بۆ بێت، جنێو بە پارتی دەدەین، پاسدارمان بۆ بێت، جنێو بە یەکێتی دەدەین. ئەگەر هیچیشیان نەیەن، جنێو بە یەکتری دەدەین. ئێمە هەرگیز ئه و ڕقەی بۆ خۆمانی بە کار دێنین، بۆ دوژمنەکانمان نەمان بووە، جاران دیار بوو هەموومان بە گشتی ڕقمان لە پاسدار و جەندرمەش بوو، بەڵام ئێستا دابەش بووین، هەندێکمان ڕقمان لە پاسدارە و هەندێکیشمان ڕقمان لە جەندرمەیە.
بوونی یەک کورد لەسەر هەسارەی زەوی، لە کاتێکدایە کە 10 عەرەب و 2 فارس و 3 تورک لەسەر هەمان هەسارە ن. ئەگەر ئەقڵ و لۆژیکیش بە باشی ئیشی خۆی نەکات، حیساباتە ماتماتیکییەکان پێمان دەڵێت: شەڕی جەستەیی کورد لەگەڵ 100 ملیۆن تورک و 80 ملیۆن فارس و سێسەد ملیۆن عەرەب، حەتمەن دۆڕانەکەی مسۆگەرە.
مرۆڤێک دەتوانێت لە هەزار کەسی سەر زەوی ژیرتر بێت، بەڵام زەحمەتە لە ڕووی هێزی ماسولکەییەوە لە 15 کەس ئازاتر بێت. گرفتەکە ئەوەیە کە تا ئێستا کورد، نە توانیویەتی بیسەلمێنێت هەر مرۆڤێکی لە 15 کەسی سەر هەسارەی زەوی ئازاترە، نە توانیویشیەتی بیسەلمێنێت لە 15 کەس ژیر ترە. جا هەر میللەتێک، تاکە مرۆڤێکی لە چەند مرۆڤێکی دوژمنەکەی ئازاتر یان ژیرتر نەبوو(وەک ئیسرائیل)، حەتمەن دەدۆڕێت.
هەتا ئەم ساتەی من ئەم وتارەی تیا دەنووسم، مێژووی کورد هیچ شەڕێکی تیا نەبووە کە دوژمن هاتبێتە سەری و بە تێکڕا هەموویان بەرەنگاری بووبێتنەوە. عوسمانی دەهات، کەسانێک شەڕیان دەکرد و کەسانێکیش سەیریان دەکرد. سەفەوی دەهات کەسانێک سەنگەریان گرت و کەسانێکیش سەیریان دەکرد. ئێوە بڕۆن مێژوو هەڵدەنەوە، ئەم نەتەوەیە هەرگیز بە تێکرا ڕووبەڕووی دوژمنەکانیان نەبوونەتەوە. هەرچی میرنشینی هەبووە کە ڕووخاوە، میرنشینەکەی تر سەیری کردووە یان چاوساغی بۆ دوژمن کردووە.
له سەردەمی ڕژێمە دڕندەکەی بەعسیشدا، ژمارەی جاش حەڤدە هێندەی ژمارەی پێشمەرگە بوو. تازەترین شەڕی مێژووی ئێمە، هاتنی ئۆردوویەکی هۆڤانی و بێ دیسپلینی وەکو #حەشدی شەعبی# بوو، هەندێکمان شەڕمان لە دژی کرد و هەندێکیشمان بە پێشی دەکەوتین کە #هەولێر#یش داگیر بکات!
میری #سۆران#، وەستا ڕەجەبی بۆ ڕاهێنان، ناردە فەرەنسا و کە گەڕایەوە شەشسەد تۆپی بۆ میرنشینەکە دروست کرد، کەچی لەسەر دەمی #داعش#، هەر وەفدێکمان دەچووە فەرەنسا، هەر ڕەسمی لەگەڵ فرانسوا هۆلاند و ئیمانوێل ماکرۆن دەگرت و هاوەنێکیان دروست نەکرد.
لێرە ڕۆژ دەبێتەوە جنێو دەدەین بە یەکتری و لۆمەی یەک دەکەین و یەکدی دەبوغزێنین، تاکە پڕۆژەی گەورەی ئێمەیە کە تیایدا ماندوو نابین و یەک سەدەیە بەردەوامین لە سەری. باشی سیستمی دیکتاتۆری ئەوەیە کە ئەگەر مرۆڤ ئەخلاقیشی نەمێنێت، ترسی دەمێنێت، ترس باشترین شتە کە نەهێڵێت مرۆڤ بێ ئەخلاق بێت!
سیستمی ئێرە دیکتاتۆری نییە، لە سادەترین مانایدا، سیستمی دیکتاتۆری ئەوەیە کەس جەسارەت نەکات جنێو بدات، ئێ ئەوە نییە تۆ لە فەیسبووک و لە هەر جێیەک جنێو بە عەرد و عاسمانیش دەدەیت و کەسیش گوللە بارانت ناکات؟ خۆزگە مادام ئێمە سیستمێکی باشی دیموکراتیمان نییە، سیستمێکی تەواو دیکتاتۆری بووینایە، لانیکەم بۆ ئەوەی ئەخلاق و ئەتەکێتی مامەڵەمان لە دەست نەدەین.[1]