لە شەش مانگی یەکەمی 2020دا 586 کەس لە هەولێر لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون
📊 ئامار و راپرسی
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ئاماری شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵی چالاکییەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند لەو ماوەیەدا 586 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە.
بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە 26ی حوزەیرانە، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداری دایە بەکارهێنەران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر کە دووربکەونەوە لەو کارە قێزەون و ترسناکە و چارەنووسی خۆیان بپارێزن کە ئەنجامەکەی دەستگیرکردن و رێکاری یاسایی توندە بەرامبەریان.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماری شەش مانگی ئەمساڵی بڵاوکردووەتەوە. بەپێی ئامارەکە کە کۆپییەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، لەو ماوەیەدا 586 کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون. 292 تۆمەتبار سزادراون. 294 تۆمەتباریش پەڕاویان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماری ئەو ماددە هۆشبەرانەشی بڵاوکردووەتەوە کە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا دەستیان بەسەردا گرتووە. ئەویش 358 کیلۆ و 552 گرام ماددەی هۆشبەر بووە:
- 319 و 501 گرام هیرۆین.
- 16 کیلۆ و 870 گرام کریستاڵ.
- 11 کیلۆ و 865 گرام تریاک.
- 10 کیلۆگرام حەشیش.
- 320 گرام جامایکا
- 952 شیت حەبی هۆشبەر (435 شیت حەبی ترامادۆڵ و 517 شیت حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر)
سەبارەت بە دراوی ساختەش، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بڵاوی کردووەتەوە، لەو ماوەیەدا دەستیان بەسەر 2 ملیۆن و 650 هەزار ملیۆن دینار، 63 هەزار دۆلار و 100 هەزار یۆرۆی ساختەدا گرتووە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە راگەیێندراوەکەیدا هۆشداری بە بەکارهێنەران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەدات و دەڵێت: هێزەکانمان هەمیشە چاوکراوەن و هیچ تاوانبارێک نەیتوانیوە دەربازی ببێت و چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت لەو رۆژەدا پێویستییان بە مامۆستایانی ئاینی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی راگەیاندنە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و پیشاندانی زیان و لێکەوتە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی
سلێمانیسلێمانی لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 180 کەس بە تۆمەتی بەکار هێنان و بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون. بەو پێیە بێت رۆژانە کەسێک بەو تۆمەتە دەستگیرکراوە.
عەمید جەلال ئەمین بەگ، بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، سەرەڕای گرتنەبەری چەندین رێکاری تووند، بەرامبەر ئەو کەسانەی گیرۆدەی ماددە هۆشبەرن، بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ، ژمارەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان زیاد دەکات و دەڵێت: تەنیا لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە سنووری سلێمانی 180کەس لەسەر ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، کە ژمارەیەک لەوانە لە رەگەزی مێن. بەپێی ئەو ئامارە بێت رۆژانە کەسێک لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراوە.
بەڕێوەبەری نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە ئاسایشی سلێمانی دەڵێت لەناو ئەو کەسانەی ئەمساڵ گرتوویانن هەیانە پێشتر چوار جاری دیکە بە هەمان تۆمەت دەستگیرکراوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە زیندانیکردنی ئەو جۆرە کەسانە چارەسەر نییە و گوتی: یاسایەکی باش لە پەرلەمانی کوردستان پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان دەرچووە کە بەکارهێنەر وەک نەخۆش ناوی هاتووە و دەبێت لە نەخۆشخانەیەکدا چارەسەر وەربگرێت، بەڵام تائێستا یاساکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ساڵی رابردوو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، 284 کەس لەسەر بەکارهێنان و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەر دەستگیرکراون کە 32یان لە رەگەزی مێن.
رۆژی 26ی حوزەیران هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دانراوە. بەگوێرەی دوایین راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 2017دا 271 ملیۆن بەکاربەری ماددەی هۆشبەر لە جیهاندا هەبووە، کە دەکاتە 5.6%ی دانیشتووانی گۆی زەوی. دروشمی ئەمساڵی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەو رۆژە زانیارییەکی باشتر بۆ چاودێرییەکی باشترە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ساڵی 2019 بە بەراورد بە 2018، رێژەی ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە عێراق لەنێو گەنجاندا 5% زیادیکردووە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریش لە عێراق رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی 2019 لە عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، چوار هەزار و 201 تۆمەتبار دەستگیرکراون، کە زیاتر لە نیوەیان (دوو هەزار و 641) کەسیان سزادراوی ماددەی هۆشبەرن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگای ئاسایش لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکانی (
هەولێرهەولێر،
دهۆکدهۆک،
سۆرانسۆران،
ئاکرێئاکرێ) بە تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی 2019، 651 کەس دەستگیرکراون، 235 تۆمەتبار سزادراون و 416 تۆمەتباریش کەیسەکانیان لە دادگایە.
بە گوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، مەترسیی ماددەی هۆشبەر بەجۆرێکە تاوەکو ساڵی 2018 دوو کەسی (ژن) ئالوودەبووی ماددە هۆشبەر نەبوون، خەڵکی هەرێمی کوردستان بن، بەڵام ئێستا لە زیندانی چاکسازی ژنانی هەولێر 32 ژنی ئاڵوودەبوو هەن.
[1]
26-06-202026-06-2020