تورکیا ناتوانێت کورد بە گژی یەکدیدا بدات، حکومەتی تورکیا لە باکووری کوردستان درێژە بە سیاسەتی لەناوبردنی گەلی کورد دەدات و لە ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستانیش بەردەوام هێرش دەکات و دوژمنایەتیی خۆیشی بۆ شاری #سلێمانی# ڕاگەیاند.
سلێمانی یەکێکە لەو شارانەی کە لە سەرەتاوە تا ئێستا بەردەوام شوێنی وڵاتپارێزان و ڕووناکبیران بووە و یەکێکە لە شارە سەرەکییەکانی کوردایەتی و هەمیشە تامەزرۆی پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی بووە و هەمیشەش خۆی نۆژەندەکاتەوە، بۆیە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە دیاریکراوی هێرشدەکاتە سەر ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی ئەو شارە.
هاوسەرۆکایەتیی کەجەکە دەڵێت، ئێمە وەک کەجەکە دەزانین کە گوشاری ڕژێمی تورکیا لەسەر حیزب و لایەنەکانی باشووری کوردستان هەیە و هەوڵدەدات بیاندات بە گژی #پەکەکە#دا و ئەو گوشارەش بە تایبەتی لە پەدەکە و یەنەکە دەکرێت و باس لەوەشدەکات کە تورکیا لە ڕێگەی ئەو هێرشەیەوە بۆ سەر کونەماسی دەیەوێت یەکێتی دەستەمۆ بکات و دژی پەکەکە بەکاری بهێنێت.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ڕاستە پەکەکە و یەنەکە دوو حیزبی جودان، هەر کاتێک پێویست بکات ڕەخنەشی لێدەگرین، بەڵام پێداگرین کە گوشار و هێرشەکانی ڕژێمی تورکیا ناتوانن یەنەکە و پەکەکە ڕووبەڕووی یەکدی بکاتەوە.
کەجەکە لە ڕاگەیێندراوەکەدا تیشک دەخاتە سەر لێدوانەکانی چەند ڕۆ ژێک پێش ئێستای مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیاش و دەڵێت، چاوشئۆغڵو هەرگیز ناتوانێت کورد بدات بە گژی یەکدیدا.