وەرگێڕانی: بەرزان مەلا تەها
یەکێک لەگرنگترین و دژوارترین قۆناغەکانی مێژووی سیاسیی ئێران، کە تێیدا زنجیرەیەک ڕووداوی پێکڕا گرێدراوو ئاڵۆزکاوی مێژوویی کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی گۆڕانکارییەکان و یەکلاکردنەوەی ئاریشە سیاسییەکان هەبوو، خۆی لە هەستیارترین ململانێ و توندترین پێکدادانی بەرەی ئایینیی و ڕژێمی شاهەنشاهیدا دەبینێتەوە، کە بریتییە لەوەرچەرخانی دەسەڵاتی سیاسیی لە ڕژێمی شاهەنشاهیی پەهلەوییەوە بۆ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی لەساڵی 1979دا.
لە گەرمەی ململانێ و بەریەککەوتنی لایەنە دژبەرەکانی ئێراندا، کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 1978 دەستیپێکرد تا ڕووخانی ڕژێمی پەهلەویی لەساڵی 1979 تولی کێشا، سیاسەتوان و کەسایەتییەکی نیشتیمانپەروەری ئێرانیی ناوی بەدیار دەکەوێت، کە ساڵانێکی دوورو درێژ بەدژی ڕژێمەکەی (محەمەد ڕەزا شا) هەڵوێستی وەرگرت و لەچوارچێوەی (بەرەی میللیی و حیزبی ئێران)دا دژ بە سیاسەتەکانی خانەوادەی پەهلەویی وەستایەوە. لەم وێستگە گرنگ و یەکلاکەرەوەی مێژووی سیاسیی ئێراندا، کە ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان تینوتاویان سەندبوو، شەقامەکان جمەیان دەهات و دروشمی مەرگ بۆ شا بەرز دەکرانەوە، محەمەد ڕەزا شا وێڵبوو بە دوای سیاسەتوانێکی کاریگەرو ڕزگارکەری ئەوتۆدا، کە بتوانێت سەرلەنوێ شەقامی تووڕه و تۆسن خاو بکاتەوه و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و جوڵانەوەی ڕۆحانییەکان شل بکاتەوە، ئه و کەسە (دکتۆر شاپور بەختیار) بوو.
شاپور بەختیار (1914-1991، پێش چەند مانگێک لە ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، شای ئێران بە خۆفرۆش و پیستر لە چەپەکان ناوی بردبوو، بەڵام بە ناچاریی وەک یەکێک لە دیارترین سیاسەتوانە نیشتیمانپەروەرەکان و بزێوترین بەرهەڵستکار لەناو بەرەی میللیی هانای بۆ برد. پاش ڕاسپاردنی لەلایەن شاوە، شاپور بەختیار لە بەرنامەی سیاسیی و ڕوانینی بۆ قەیرانە دژوارەکەی ئێران ڕایگەیاند: دەیەوێت بە برایەتیی، سەرجەم هاوڵاتیان پێکڕا ببەستێتەوە، سوپاش بەشێکی دانەبڕاوی گەلی ئێرانە. شاپور بەختیار لەبەرنامە سیاسییەکەیدا زۆر دەسکەوتی گەورەی بۆ ئێران و ئێرانییەکان بەدەستهێنا، لەوانە ڕێگە خۆشکردن بۆ دەرچوونی شا لەئێران، بەرگرتن لەدەستێوەردانی شا لەکاروباری حکومەت، هەڵوەشاندنەوەی دەزگای ساواک، ئازادکردنی گیراوانی سیاسیی، ئازادی چالاکیی و جموجۆڵی سیاسیی. بەڵام ئەم هەنگاوە گەورانەی شاپور بەختیار لەلایەن باڵی ئایینیی و ڕۆحانییەکانەوە ڕەتکرایەوه و ئایەتوڵڵا خومەینی بەرنامەی سیاسیی و هەنگاوەکانی شاپور بەختیاری بە پلانی بیانیی و دەسکیسەی ئەمەریکا لێکدایەوه و حکومەتەکەشی بە دەسەڵاتێکی ناشەرعیی لەقەڵەمدا، لەبەر ئەوەی لەلایەن شاوە دیاریکرابوو، هەر ئەمەش هۆکارێکی بنچینەیی بوو بۆ قبوڵنەکردنی شاپور بەختیارو بەردەوامبوونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان. لەم سەروبەندەدا، باڵوێزی ئەمەریکا لەتاران (ولیام سۆلیڤان) چەندینجار دووپاتی کردەوە، کە واشنتۆن پشتیوانیی لە حکومەتەکەی شاپور بەختیار دەکات. بەختیار له و بڕوایەدا بوو، کە نابێت شۆڕشی ئێرانییەکان لەلایەن ڕۆحانییەکانەوە بە ڕێبەرایەتیی خومەینیی بدزرێت و دەسەڵاتی تیۆکراتیی و ویلایەتی فەقیه بسەپێنرێت. سەرەنجام، شاپور بەختیار وەک سەرۆک وەزیرانی ئێران بەهۆی بێلایەنبوونی سوپا، هەڵایسانی توندی ناڕەزایەتییەکان و هێزو هەرەکەتی باڵی ئایینیی و ڕۆحانییەکان بە ڕێبەرایەتیی خومەینی خۆی ڕانەگرت و کابینەی حکومەتەکەی هەڵوەشایەوه و بەره و فەڕەنسا هەڵات.
شاپور بەختیار، پاش هەڵاتنی بۆ فەڕەنساو لەتاراوگە لەساڵی 1980 پارتێکی سیاسیی بەرهەڵستکاری دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەناوی (جوڵانەوەی بەرگریی نیشتیمانیی ئێرانیی NAMIR) دامەزراند، لەوێ سەرقاڵی پەیوەندیکردنی بەردەوامبوو لەگەڵ لایەنە بەرهەڵستکارەکانی تری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئامانجی گرتنەبەری ستراتیجێکی هاوبەش. بەختیار چەندینجار هەوڵی کوشتنی دراوە، یەکەمیان لە هاوینی 1980 لەلایەن هاوڵاتییەکی لوبنانییەوە بەناوی (ئەنیس نەققاش)، کە ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران بووە، دواهەمین هەوڵی کوشتنی دەگەڕێتەوە بۆ 6ی ئابی 1991و لەلایەن (عەلی وەکیلی ڕاد)و دوو کەسی تر بە چەقۆ لەماڵەکەی خۆیدا کوژرا، پاش قۆڵبەستکردنی عەلی وەکیلی ڕاد لەلایەن دادگەی باڵای فەڕەنساوە حوکمی زیندانی هەتا هەتایی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام پاش بەسەربردنی 19 ساڵ لەگرتووخانە، عەلی وەکیلی ڕاد لەساڵی 2010 لەبەرامبەر ئازادکردنی ئەکادیمیستی فەڕەنسیی (کلوتید ڕیس)، کە تۆمەتبار بوو بە سیخوڕیکردن، ئازادکرا. شاپور بەختیار لە گۆڕستانی (مونبرناس) لەپاریس نێژراوە، ئێستاشی لەگەڵ بێت لایەنگران و بەرهەڵستکارانی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانیی یادو یادگارو خەباتی سیاسیی ئه و بە بەرزیی ڕادەگرن.
شاپور بەختیار، هەموو هەوڵەکانی خستبووە گەڕ بۆ ئەوەی خومەینی نەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئێران، لەمڕووەوە هەوڵی بەدەستهێنانی کاتی زیاتری دەدا تا بەرنامه و پلانە سیاسییەکانی خومەینی لەبەین بەرێت و بەربەست و قۆرت بخاتە بەردەم هەنگاوەکانی، گوتوویە: هەرگیز ڕێگە نادەم دیکتاتۆریەتێکی نوێ لەپاش دیکتاتۆریەتی شا بێتە ئاراوە. لەهەمان کاتیشدا، هەستی بە خەتەرناکیی هەنگاوێکی لەمشێوەیە دەکرد بۆ وەستاندنی خومەینی و قارسکردنی ڕۆڵی ڕۆحانییەکان و باڵی ئایینیی. شاپور بەختیار لەگەڵ هەڵکشانی زیاتری خۆپیشاندنەکاندا دژ بە حکومەتەکەی، داوای لە دەزگای هەواڵگریی (مۆساد)ی ئیسرائیلیی کردووە، کە خومەینی لەپاریس تیرۆر بکەن. (یوسی ئەلفەڕ) فەرماندەی پێشووی دەزگای مۆساد لەکتێبەکەیدا (دولە معزولە: البحث السری الاسرائیلی فی منطقە الشرق الاوسط باس لەوە دەکات، کە شاپور بەختیار چاوی بە نوێنەری دەزگای ساواک لەتاران (ئەلیعێزەر تسفریر) کەوتووه و داوای کردووە دەزگای ساواک خومەینی تیرۆر بکات، کە ئەوکات لە (نۆڤل لۆشاتۆ)ی فەڕەنسا بوو. یوسی ئەلفەڕ لە کتێبەکەیدا دەڵێت: ئەلیعێزەر تسفریر، داواکەی شاپور بەختیاری گەیاندۆتە سەرۆکی ئەوکاتی دەزگای ساواک جەنەراڵ (یتسحاق حوفی)، بەم هۆیەوە کۆبوونەوەیەکی گەورە بۆ مەزنە فەرماندەکانی مۆساد ڕێکخراوە بەئامانجی تاوتوێکردنی داواکەی بەختیار بە کوشتنی خومەینی، ئەلفەڕ یەکێک بووە لە ئامادەبووانی ئەم کۆبوونەوە گرنگە، پاش مشتومڕو قسه و باسی زۆر لەمبارەیەوە، سەرۆکی دەزگای ساواک دژایەتیی خۆی بۆ تیرۆرکردنی خومەینی ڕاگەیاندووە، لای خۆیەوە ئەلفەڕ گوتوویە، ڕەزامەندبوون لەسەر داوایەکی لەمشێوەیە فرە قورسە، بەڵام ئەمێستا پەشیمانم، کە ڕەزامەند نەبووم لەسەر تیرۆرکردنی خومەینی.[1]