هەرێمی کوردستان زیاتر لە عێراق زێڕ هاوردە دەکات
سەندیکای زێڕینگەرانی کوردستان داواکاریی پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی ژووری بازرگانیی تایبەت بە زێڕ لە هەرێمی کوردستان دروستبکرێت. گوتەبێژی سەندیکاکە دەڵێت، ئەو ژوورە لە ئایندەدا هاوردە و هەناردەکردنی زێڕ رێکدەخاتەوە، بەو پێیەی ساڵانە لە هەرێمی کوردستانەوە بە بەهای نزیکەی سێ ملیار دۆلار زێڕ هەناردە و هاوردە دەکرێت.
هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی کوردستان رایگەیاند، سیستەمی هەناردە و هاوردەی زێڕ رێکدەخەینەوە. کە ژوورەکەش بەهێزبوو حکومەت بۆ هەر کێشە و گرفتێک لە بازاڕدا لەسەر هێڵ دەبێت. ئەگەر ژووری زێڕمان هەبوو حکومەتیش دەتوانێت سوودی لێ ببینێت و لە رێگەی زێڕەوە داهاتی هەبێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەزار و 600 دووکانی زێڕ و 46 کۆمپانیای بازرگانی هاوردە و هەناردەی زێڕ و ئەڵماس و بەردە بەنرخەکان هەن. پێشانگەکان بەشێوەی تاک زێڕی دروستکراو دەفرۆشن و زێڕی کۆن و شکاویش لە خەڵک دەکڕنەوە. دوای تواندنەوەی بە قاڵب بە کۆمپانیاکانی زێڕی دەفرۆشنەوە، ئەوانیش قاڵبە زێرەکان بە بازرگانانی تورکیا و ئیمارات دەفرۆشنەوە، لە بەرامبەریشدا زێڕی خۆڕازاندنەوە هاوردە دەکەن.
گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگەرانی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، حکومەت لە رێگەی ئەو ژوورەوە دەتوانێت ببێتە خاوەنی داهات کە بەشێک لە داهاتی حکومەت و بانکەکان زێڕ بێت. کە ژوورێکی وا هەبوو، حکومەتیش دەتوانێت لەگەڵ ژوورەکەدا مامەڵە بکات.
ئامانجێکی دیکەی ئەو ژوورە بازرگانییە پەرەدانە بە پیشەگەرانی زێڕ لەنێو هەرێمی کوردستان. لەوبارەیەوە هەندرێن وەرتی دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان زێڕینگەری کۆنە و ئێستاش زێڕینگەری زۆر بە توانامان هەن. هەروەها وەرشەی باشیش هەن. لە رێگەی ئەم ژوورەوە دەتوانین پەرە بەو پیشەیە بدەین.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلان و بەدواداچوون لە
وەزارەتی بازرگانیوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان کە پشتی بە داتای وڵاتانی هەناردەکار بەستووە، لە ماوەی ساڵانی 2016، 2017 و 2018دا عێراق بە بەهای زیاتر لە 11 ملیار و 685 ملیۆن دۆلار زێڕ و ئەڵماس و بەردی بە نرخ و زیو و مرواریی هاوردە کردووە. پشکی شێر لەم بازرگانییە بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە، بە جۆرێک زیاتر لە 74%ی بازرگانییەکە لە رێگەی بازرگانانی کوردستان و بازرگانانی عێراقیی نیشتەجێبووی هەرێمی کوردستان کراوە.
لە ساڵی 2016دا لە عێراق بە بەهای سێ ملیار و 422 ملیۆن دۆلار زێڕ و کاڵا بەنرخەکانی دیکە هاوردەکراوە. کە دوو ملیار و 592 ملیۆن دۆلاری لە رێگەی بازرگانانی کوردستانەوە بووە.
لە ساڵی 2017 بە بەهای چوار ملیار و 379 ملیۆن دۆلار زێڕ و کاڵا بە نرخەکانی دیکە هاوردەکراوە کە سێ ملیار و 104 ملیۆن دۆلاری ئەو مامەڵەیە لە رێگەی کوردستانەوە بووە.
هەروەها ساڵی 2018 بە بەهای سێ ملیار و 884 ملیۆن دۆلار زێڕ و کاڵا بەنرخەکانی دیکە هاوردەی عێراق کراوە، نزیکەی دوو ملیار و 968 ملیۆن دۆلاری لە رێگەی بازرگانانی کوردستانەوە بووە.
[1]