دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
جەژنی قوربان لە خێزان و کەسوکاری سەربەرزی شەهيدان و پێشمەرگە قارەمانەکان، لە موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جيهان، هەروەها لە هێزەکانی ناوخۆ، پزيشکان و کارمەندانی تەندروستی و دامەزراوە پەیوەندارەکانی هەرێمی کوردستان کە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بەرەنگاری پەتای ڤايرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە، بە گەرمی پيرۆز دەکەم.
هیوادارم جەژن بکەینە دەرفەتی قووڵکردنەوەی زياتری گیانی لێبوردەیی، تەبايی و پێکەوەیيی پێکهاتە ئايينی و نەتەوەيييەکانی کوردستان، هەوڵەکانی هەموو لایەکيشمان بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان بگاتە سەرکەوتنی یەکجاری. کوردستانيان دڵنیا دەکەمەوە لەم پێناوەدا بەردەوام دەبين و دەبێ هەموو لايەک تواناکانمان يەک بخەين و پێکەوە کار بکەين بۆ چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی قەیران و گرفتەکان و مسۆگەرکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکان و پاراستنی پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان.
بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە لە خۆڕاگری و پشوودرێژيی کوردستانيان دەڕوانم کە بەهۆی پەتای ڤايرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورييەکانييەوە، بەرگەی قەيران و سەختييەکان دەگرن، هیوادارم جەژنەکانی داهاتوومان لە خۆشی و ئاسودەییدا بگێڕین، سەختييەکانمان تێپەڕاندبێت و ئاسۆیەکی گەش بە ڕووی کوردستاندا کرابێتەوە، هەروەها داواکارم هەمووان ڕەچاوی ڕێکارە تەندروستييەکان و خۆپارێزی بکەن.
جەژنی هەمووان پيرۆز بێت، هەموو ساڵێک بە خۆشی. ئاشتی و سەقامگيری بۆ کوردستان، عێراق و ناوچەکه، جيهان و تەواوی مرۆڤايەتی دەخوازم.
#نێچیرڤان بارزانی#
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
30/7/2020