ماوەیەک بوو خەولە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێک هەبوو، کوڕەکە چەند جارێک هاتبووە داوای بەڵام کەسوکاری خەولە ڕازی نەبوون. هەرلەبەرئەوەش چەند جارێک هەڕەشەیان لە کچەکەیان کردووە و تووندوتیژی بەرامبەر کراوە.
هاوڕێیەکی خەولە؛ ئاماژە بەوە دەدات، کە خەولە بەهۆی ئەو تووندوتیژییەی بەرامبەری کراوە پەیوەندی بە یەکێتی ئافرەتانەوە کردووە و ماوەیەک بوو لەوێ خۆی داڵدە دابوو. بەڵام دواتر کەسوکارەکەی لەسەر داوای خۆیان کچەکەیان هێناوەتەوە و ماوەی مانگێک بووە لە ماڵی یەکێک لە خزمەکانی بووە.
بەگوتەی ئەو هاوڕێکەی خەولە کاژێر 10:00ی ڕۆژی دووشەممە 10-08-2020 دوای ئەوەی دایکی دەچێتەلای کچەکە، براکەیشی بە شوێنەکە دەزانێ و لەکاتی گەڕانەوەی دایکی براکەی بە چەند گوللەیەک خەولە دەکوژێت.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دەشتی #هەولێر# ڕاگەیاند، کە هەتا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەو تاوانە دەستگیر نەکراوە.
فەرمان محەمەد، بەڕێوەبەری تووندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند، کە بەپێی زانیارییەکانیان کچەکە لەلایەن براکەیەوە کوژراوە و تاوەکو ئێستاش براکەی دەستگیرنەکراوە.
رووداو پەیوەندی بە پۆلیسی هەولێرەوە کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی لێکۆڵینەوەکانیان تەواونەبوون، ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک لەسەر ڕووداوەکە بدەن و ڕایانگەیاند کە دواتر زانیارییەکان بڵاودەکەنەوە.
خەولە قادر تەمەنی 24 ساڵە و دەرچووی بەشی کتێبخانەیە لە پەیمانگەی تەکنیکی هەولێر و دانیشتووی گوندێکی سەر بە شارەدێی بەحرکە بوو لە سنووری هەولێر.[1]