لە ڕاگەیێندراوێکدا #وەزارەتی تەندروستی# هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ شەممە 05-09-2020 بڵاویکردووتەوە دەڵێت، بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا، بڕی 500 ملیۆن دینار بۆ تەندروستیی پارێزگای #هەڵەبجە# تەرخانکرا.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە بڕی پارەکە بۆ دابینکردنی ئامێر و پێداویستی پزیشکی پێویستە، کە بەشێکە لە بودجەی فریاگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بۆ دەڤەر و پارێزگاکانی هەرێم تەرخانکراوە.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 31 هەزار و 636 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 20 هەزار و 193 تووشبوو چاکبوونەتەوە و هەزار و 186 تووشبوویش گیانیان لەدەستداوە.
پارێزگای هەڵەبجە بە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان تووشبوون و گیانلەدەستدانی کەمە و تاوەکو ئیستا هەزار و 15 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 17 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 930 کەس چاکبوونەتەوە و ئێستا 68 تووشبووی هەیە.