پێنجشەممە 17-09-2020 لە شاری مێرسین، لووتکەی وەبەرهێنان و بازرگانیی عێراقی- تورکی بەڕێوەدەچێت. لە لووتکەکەدا هەریەک لە د. هەڤال ئەبوبەکر، پارێزگاری #سلێمانی# و د.عەلی تەتەر، پارێزگاری #دهۆک# بەشدارن.
جیا لە هەردوو پارێزگارەکە، سەرۆکی ژوورە بازرگانییەکان و ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران بەشداری لووتکەکە دەکەن، بڕیارە لە کاژێر 9:30 دیدارو چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ و دووقۆڵی لەنێوان وەبەرهێنەران و بازرگان و خاوەنکارنی هەردوولا سازبکرێت.
بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ئەمساڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەنکارانی عێراقی بەشداریی لووتکەکە دەکەن و ژمارەیان لە خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان زیاترە، چەندین خاوەنکاری عێراقی لە شارەکانی بەغدا، بەسرە و موسڵەوە بەشدارییان کردووە.
شاندی عێراق لە کاژێر 3ی دوای نیوەڕۆ دیدارێکیان لەگەڵ پارێزگاری مێرسین دەبێت، دواتر لەکاژێر 5 دیداریان لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی مێرسین دەبێت و سەردانی چەند دامەزراوەیەکی بازرگانیش لە مێرسین دەکەن، لە پرۆتۆکۆلی سەردانەکانیشدا 3 ئاڵا دادەنرێت، ئاڵای تورکیا، ئاڵای عێراق و ئاڵای کوردستان.
حەوا ئارسلان، ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵەی کارساز و پیشەسازی عێراق و تورکیا لە مێرسین، ڕاگەیاند: ئەو لووتکەیەی لەلایەن کارسازانی عێراق و تورکیاوە سازکراوە، کارسازانی هەردوو وڵات لەو لووتکەیە گفتوگۆ لەسەر ئاراستەی کارکردنیان لە داهاتوودا دەکەن.
بە گوتەی حەوا ئارسلان، ئامانجی سەرەکییان لە سازدانی ئەو لووتکەیە کارسازانی هەردوو وڵات لەسەر ئاستی باڵا بگەنە یەک، هەنگاو لە بواری بازرگانی بنێن، بۆ ئەوەی کارسازانی هەردوو وڵات هەم لە تورکیاو هەم لە عێراق سەرمایەگوزاری بکەن.[1]